سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند ئەمریکا لە دۆخێکدایە کە دەبێت یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی "مەحاڵ" ئەنجام بدات، یان "ڕێککەوتنێکی خراپ" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی قەبووڵ بکات.
ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی بانەمەڕ لە تلویزیۆنی دەوڵەتیی ئێرانەوە بڵاو کراوە، ڕایگەیاندووە: ''ترامپ دەبێت یەکێک لەو دوو ڕێگایە هەڵبژێرێت''.
لە بەیاننامەکەدا باس لە گۆڕانی هەڵوێستی چین، ڕووسیە و ئورووپا بەرامبەر واشنگتۆن کراوە؛ هەروەها وەک "دوایین مۆڵەتی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا هۆشداریی دراوە.''
ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بەرەبەیانی یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، بەم زووانە پێشنیازە نوێیەکە کە لەلایەن ئێرانەوە نێردراوە تاوتوێ دەکات، بەڵام پێی وا نییە جێگەی قبووڵکردن بێت.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی "هێشتا باجێکی پێویستی بۆ ئەو کارانە نەداوە کە لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامی داون".