کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سێنتکام: توانای مووشەکی و دڕۆنیی ئێران ٩٠ لەسەد کەمی کردووە

21:14 - 24 بانەمەڕ 2726

"برەد کووپێر"، فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕایگەیاند کە پیشەسازییە مووشەکی، دڕۆنی و دەریاییەکانی ئێران ٩٠ لەسەد لاواز بوون".

ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکی سنای ئەمریکادا جەختی کردەوە کە هەڕەشەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەم وڵاتە چیتر وەک ڕابردوو توانای هەڕەشەکردنی لە ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی نەماوە.

کووپێر ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە نیابەتییەکانی ئێران لە ماوەی ٣٠ مانگی پێش شەڕی ئەم دواییەدا، زیاتر لە ٣٥٠ هێرشیان دژی هێزەکان و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا ئەنجام دابوو؛ بە تێکڕا سێ ڕۆژ جارێک هێرشێک، کە لە ئەنجامدا ٤ سەربازی ئەمریکا کوژران.

فەرماندەی سێنتکام بەرگریی لە شەڕی ئەم دواییەی وڵاتەکەی دژی ئێران کرد و وتی: "ئەمڕۆ حەماس، حیزبوڵڵا و حوسییەکان هەموویان لە پشتیوانیی تاران بێبەش کراون."

ناوبراو هەروەها ئاشکرای کرد کە ئەرتەشی ئەمریکا چیتر پێویستی بە بەکارهێنانی تەقەمەنی گرانبەها و پێشکەوتوو بۆ خستنەخوارەوەی دڕۆنەکانی ئێران نییە و ئێستا چەکی هەرزانتر بۆ ئەو مەبەستە بەکار دێنن.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، کە لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد، بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی.