
ناسر ساڵحیئەسڵ
شیکردنەوەی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٣٨٨ تا ١٤٠٤، بەبێ تێگەیشتن لە سروشتی پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا مەحاڵە. ئەم پێکهاتەیە لەسەر بنەمای پێشخستنی «ویلایەتی ڕەهای فەقیهـ» بەسەر «ئیرادەی گەل»دا داڕژاوە؛ بە جۆرێک کە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان، لە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بگرە تا پەرلەمان و ئەنجومەنەکان، لە کۆتاییدا لەژێر سێبەری دامەزراوە دەستنیشانکراوەکان و ئیرادەی ڕێبەردا کار دەکەن. ئامرازەکانی وەک «حوكمی حكوومەتی»یش دەرفەتی بێبایەخکردنی هەر جۆرە ئیرادەیەکی سەربەخۆی جەماوەری دەڕەخسێنن. لەنێو چوارچێوەیەکی وەهادا، هەڵبژاردن نەک وەک میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی سەروەریی گەل، بەڵکوو وەک ئامرازێکی نمایشکاری بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی کار دەکات. سەرەڕای ئەوەش، نەتەوەکان و کەمینە نەتەوەیی، زمانەوانی و ئایینییەکان لەم پێکهاتەیەدا خاوەنی پێگەیەکی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتی سیاسیدا نین و هەر ئەمەش یەکێکە لە ڕەگەکانی ناڕەزایەتییە قووڵەکان لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان.
لەسەر پاشخانی وەها پێکهاتەیەک، بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا لەم خولەدا، وردە وردە تووشی گۆڕانی گوتاری بوون. یەکەمین دەرکەوتەی بەرچاوی ئەم گۆڕانکارییانە، بزووتنەوەی سەوز بوو لە ساڵی ١٣٨٨دا. ئەم بزووتنەوەیە لە ناڕەزایەتی بە ئاکامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار دروست بوو و بنکە سەرەکییەکەی لە چینە ناوەندە شارنشینەکان، بەتایبەت لە شارە گەورەکان پێکهاتبوو. ئامادەیی بەرفراوانی خوێندکاران، بژاردە کولتوورییەکان و توێژە خوێندەوارەکان، سیمایەکی مەدەنی و شارستانی بەم بزووتنەوەیە بەخشی. لەگەڵ ئەوەشدا، گوتاری زاڵی بزووتنەوەکە لەنێو چوارچێوەی سیستمدا مایەوە و داخوازییەکانی زیاتر لە دەوری تەوەرەی «چاکسازی» و گەڕانەوە بۆ دەستوور پێناسە دەکران. بە واتایەکی تر، بزووتنەوەی سەوز هەوڵی دەدا لە نێوەوەی پێکهاتەکەوە گۆڕانکاری دروست بکات و داوای پشکێکی لە دەسەڵاتدا دەکرد.
ئەم تایبەتمەندییە، لە هەمان کاتدا یەکێک بوو لە خاڵە لاوازە بنەڕەتییەکانی بزووتنەوەی سەوز؛ چونکە نەک هەر نەیتوانی بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتیوانیی چینە هەژارەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکان بەدەست بهێنێت، بەڵکو لە نێو نەتەوە پەراوێزخراوەکان و کەمینە ئایینییەکانیشدا کاریگەرییەکی سنوورداری هەبوو. هەروەها وابەستەبوون بە ڕێبەرانی ناوخۆی سیستم و نەبوونی ئامرازی کاریگەر بۆ بەرەوڕووبوونەوەی سەرکوتکردن، بووە هۆی ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە دوای ماوەیەک کز بێت. دەستبەسەرکردنی ڕێبەرە سیمبولییەکانی و سەرکوتی سەر شەقام، کۆتاییەکی کردەیی بۆ بزووتنەوەکە تۆمار کرد، بەبێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی هەستپێکراو لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا دروست بکات. بە گشتی، بزووتنەوەی سەوز دەکرێ وەک هەوڵێک بۆ چاکسازیی نێوخۆیی پێکهاتەکە هەژمار بکرێت کە بەهۆی سنووردارییە زاتییەکانی سیستم و چوارچێوەی گوتاری خۆیەوە، شکستی هێنا.
چەند ساڵێک دواتر، ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە گۆڕینی گوتاری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران هەژمار دەکرێت. ئەم ناڕەزایەتییانە بەپێچەوانەی بزووتنەوەی سەوز، نەک لە شارە گەورەکان، بەڵکو لە شارە بچووکەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکانەوە دەستی پێکرد و بە خێرایی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبووەوە. بنکە کۆمەڵایەتییەکەی زیاتر لە چینە هەژارەکان، بێکاران و توێژە زیانلێکەوتووەکان پێکهاتبوو. گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم بزووتنەوەیە، تێپەڕینێکی ڕاشکاوانە و بێگرێوگۆڵ بوو لە دووفاقییەکانی نێوخۆی حکوومەت و ئامانجگرتنی گشتێتی سیستمەکە بوو؛ دروشمی وەک «اصلاحطلب، اصولگرا، دیگه تمومه ماجرا» دەربڕی ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە بوو لە ڕوانگەی سیاسیی کۆمەڵگەدا.
ناڕەزایەتییەکانی ٩٦ دەریخست کە قەیرانە ئابوورییەکان، لەوانە هەژاری، بێکاری و نایەکسانی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە قەیرانی شەرعییەتی سیاسییەوە گرێ دراون. لەم بزووتنەوەیەدا، گوتاری دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کە پێشتر لەلایەن سیستمەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرا، کەوتە ژێر پرسیار و ناکارامەیی پێکهاتەی ئابووری و دابەشکردنی نادادپەروەرانەی سەرچاوەکان ئاشکرا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، پەرشوبڵاوی جوگرافی، نەبوونی ڕێبەرایەتییەکی یەکگرتوو و پشتیوانی نەکردنی بەرفراوانی چینی ناوەندی شارنشین، بووە هۆی ئەوەی ئەم ناڕەزایەتییانەش نەگەنە ئەنجامێکی دیاریکراو. سەرەڕای ئەوەش، گرنگییەکەی لە گۆڕینی ڕێڕەوی گوتاری ناڕەزایەتی لە «چاکسازی»یەوە بۆ «تێپەڕین لە سیستم» جێگەی سەرنجە.
ئەم ڕەوتە لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا بە شێوەیەکی بەرفراوانتر و ڕادیکاڵتر بەردەوام بوو. بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی بەنزین بووە پڵیتەی ناڕەزایەتییەکی سەرانسەری کە زیاتر لە سەد شار و ناوچەی گرتەوە. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەم بزووتنەوەیە، هاوشێوەی ناڕەزایەتییەکانی ٩٦، زیاتر لە چینە هەژارەکان و ناوچە بێبەشکراوەکان بوو، بەڵام مەوداکەی زۆر بەرفراوانتر بوو و تەنانەت هەندێک شاری گەورەشی گرتەوە. لەم نێوەندەدا، ناوچە پەراوێزخراوەکان، کوردستان، خوزستان و بەلووچستان لە ناوەندە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتی بوون.
گوتاری ئەم بزووتنەوەیە، جگە لە داخوازییە ئابوورییەکان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێکهاتەی سیاسیی کردە ئامانج. خاڵێکی گرنگ لە ناڕەزایەتییەکانی ٩٨دا، ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو لە کۆکردنەوە و هەماهەنگیکردن، هەرچەندە حکوومەت بە بڕینی سەرانسەریی ئینتەرنێت هەوڵی دا ئەم پەیوەندییانە تێک بدات. سەرکوتکردنی توند و بەکارهێنانی بەرفراوانی توندوتیژی، بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک ماهشەهر، نیشاندەری پشتئەستووریی حکوومەت بوو بە ئامرازە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی دەسەڵات. لە کۆتاییدا، نەبوونی ڕێکخستنێکی یەکگرتوو و توندیی سەرکوتکردنەکە، بووە هۆی کزبوونی ئەم بزووتنەوەیە، بەڵام قووڵایی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی زیاتر لە جاران دەرخست.
ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠٤یش لە درێژەی هەر ئەم ڕەوتەدا شیکردنەوەی بۆ دەکرێت. ئەم ناڕەزایەتییانە سەرەتا بە داخوازی ئابووری، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخەکان، دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی و قەیرانی بژێوی دەستی پێکرد، بەڵام بە خێرایی گۆڕا بۆ گوتارێکی سیاسی دژی گشتێتی سیستمەکە. ئەم گۆڕانکارییە نیشانی دەدات کە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە، کێشە ئابوورییەکان نەک وەک دیاردەیەکی کاتی، بەڵکوو وەک دەرئەنجامە پێکهاتەییەکانی سیستمی سیاسی دەبینن. سەرکوتی توندی ئەم ناڕەزایەتییانە، جارێکی تر نیشانی دایەوە کە حکوومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکاندا، پێش هەر شتێک پشت بە ئامرازە زۆرەملێیەکان دەبەستێت.
لەم نێوەندەدا، بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ١٤٠١دا وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە گۆڕانکارییە گوتارییەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و کوردستان هەژمار دەکرێت. ئەم بزووتنەوەیە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد و بەخێرایی بوو بە جووڵانەوەیەکی سەرانسەری و تەنانەت جیهانی. بەپێچەوانەی بزووتنەوەکانی پێشوو، ئەم جووڵانەوەیە لە هەرە سەرەتاوە خاوەنی گوتارێکی فرەڕەهەند بوو کە داخوازییە ڕەگەزی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانی پێکەوە گرێ دەدا.
تایبەتمەندییەکی بەرچاوی ئەم بزووتنەوەیە، ڕۆڵی میحوەریی ژنان بوو لە ڕێبەرایەتی و تێکۆشاندا. هەروەها ئامادەیی بەرفراوانی خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانە، چالاکانی مەدەنی و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، ڕەهەندێکی گشتگیری پێ بەخشی. ناوچەکانی کوردستان و بەلووچستان بەهۆی مێژووی جیاکارییەکانەوە، لە ناوەندە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتی بوون. بەکارهێنانی بەرفراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سیمبولسازی وەک لابردنی حیجابی زۆرەملێ، و گۆڕینی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» بۆ گوتارێکی جیهانی، لە تایبەتمەندییە کانی تری ئەم بزووتنەوەیە بوون.
بزووتنەوەی ژینا، «ژن، ژیان، ئازادی» توانی بۆ یەکەمجار گوتاری خەبات لە ئاستی نیشتمانییەوە بۆ ئاستی نێودەوڵەتی بەرز بکاتەوە و پشتیوانییەکی بەرفراوانی جیهانی بەدەست بهێنێت. هەروەها ئەم بزووتنەوەیە دەریخست کە ڕێبەرایەتی لە سەردەمی نوێدا، مەرج نییە چەقگەرا و کاریزماتیک بێت، بەڵکو دەکرێ بە شێوەی تۆڕی و پەرشوبڵاو دروست بێت. سەرەڕای سەرکوتی توند، ئەم بزووتنەوەیە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر وشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە بەجێهێشت و چوارچێوەیەکی نوێی بۆ بەرگری و داواکاری دروست کرد.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە گۆڕانکارییە گوتارییەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران لە ساڵی ١٣٨٨ تا ١٤٠٤ ڕێڕەوێکی پلەبەندی بەڵام واتاداری بڕیوە. ئەم ڕێڕەو بە هەوڵدان بۆ چاکسازیی ناوخۆیی دەستی پێکرد، پاشان گەیشتە ڕەخنەکردنی گشتێتی سیستم و لە کۆتاییدا بووە هۆی دروستبوونی گوتارێکی فرەڕەهەند و جیهانی. هاوکات، شێوازی ڕێبەرایەتیش لە نموونە چەقگەراکانەوە بەرەو نموونە تۆڕییەکان گۆڕاوە و ڕۆڵی تەکنەلۆژیاکانی پەیوەندیکردن لە کۆکردنەوەی جەماوەریدا زیادی کردووە.
ئەم گۆڕانکارییانە نیشانی دەدەن کە کۆمەڵگەی ئێران، بەتایبەت لە کوردستان و ناوچە پەراوێزخراوەکان، گەیشتووەتە ئاستێک لە وشیاریی سیاسی کە داخوازییەکانی خۆی لە ناوچوارچێوەی چەمکەکانی وەک دادپەروەری، مافی مرۆڤ، یەکسانی و نەهێشتنی جیاکاریدا پێناسە دەکات. هەروەها گرێدانی نێوان داخوازییە ئابووری، سیاسی و ناسنامەییەکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئاڵۆزتر و لە هەمان کاتدا گشتگیرتر کردووە.
لەکۆتاییدا و لەسەر بنەمای ئەم شیکردنەوەیە، ئاسۆی داهاتووی گۆڕانکارییەکان لە ئێران و کوردستاندا، بەستراوەتەوە بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا. ئەزموونی بزووتنەوە جیاوازەکان نیشانی داوە کە چاکسازیی سنووردار لە چوارچێوەی ئێستادا، توانای وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی کۆمەڵگای نییە. لەبەر ئەوە، گوتاری زاڵ لە نێو بەشێکی زۆری کۆمەڵگادا بەرەو تێپەڕین لە پێکهاتەی ئێستا و جووڵانەوە بەرەو نەزمێکی دێموکراتیک، لەسەر بنەمای بەشداریی ڕاستەقینەی گەل و بەفەرمی ناسینی هەمەجۆریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی، هەنگاوی ناوە. ئەم ڕەوتە، دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەزموونە ناڕەزایەتییەکان و وەرچەرخان لە شێوازەکانی تێکۆشان و ئەندێشەی سیاسی لە ئێرانی هاوچەرخدایە. بە کورتی، پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی چاکسازی هەڵنەگرە و تاکە ڕێگە، گۆڕینی گشتێتی سیستم و جووڵانەوەیە بەرەو سیستمێکی دێموکراتیک (بە جەختکردنەوە لەسەر فیدرالیزم).