
ئەمیر باباخانی
باران لە ئاسمانێکی بێسنوور و کەوشەنەوە، کە هیچ وڵاتێک خاوەنی نەبوو بە ڕێژنە دەباری. ئەو گوندەی ڕۆژێک لەسەر خەریتەکان بە ڕەنگێکی درەوشاوەوە خۆی دەنواند، ئێستا لە تەمومژێکی مەیلەوبۆردا ون ببوو، جێیەک لە نێوان فەرامۆشی و خەیاڵدا. لەوێ، بەشێک لەوانەی هێشتا هەر مابوون، دەمەوئێواران لەژێر سێبەری پیرەدارەکە کۆ دەبوونەوە. هەر ئەو پیرەدارەی کە دەیانگوت، ڕیشەی گەیوەتە جەرگی زەوی، بە جۆرێ کە دەنگی مردووەکان دەبیسێ!
ئەوان قارەمان بوون. ئەمەشیان سەلماندبوو. کاتی خۆی ناویان لەسەر دیواری شارەکان بە تۆخی نووسرابوو. بەڵام بەفر و باران و با، دەمێک ساڵ بوو ئەم ناوانەی شۆردبۆوە و لەگەڵ خۆی پاکی بردبوو و ئێستا، تەنانەت بەردەکانی کێوەکەی بەرامبەر گوندەکەش چرپەی دەنگی پێی ئەوانی نەدەهاتەوە بیر. تەنانەت لە یادی دارستانی ئەودیوی چیاشدا نەمابوون. کانییە لێڵەکەی بە پەرێزی ماڵەکانیش سیمای هیچ کامیانی لە ئاوێنەی خۆیدا نەدەدیتەوە! یەک لەوانەی مابوو دەیگوت، هەر کات دەستم لەسەر عەرز دادەنێم، هەست بە لەرزێکی ئارام دەکەم. وەک ئەوەی ئێستاش زەوی دوایین هەناسەکانی هاوقەتارەکانمی لە سینگی خۆیدا راگرتبێ. ئەو پێی وابوو کە ئەم لەرزە، نە سکاڵایە و نە پاڕانەوە، بەڵکوو جۆرێ وەبیرهێنانەوەیە، وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە کەسێک دەبێ وەبیری بێتەوە. بەڵام هیچکەس بیری نەدەهاتەوە.
گوندێکی یەکجار سەیروسەمەرە بوو. کاتژمێرەکان، لەوێ، بەرەو دوا دەخولانەوە. سێبەرەکان، لە خاوەنەکانیان جیا دەبوونەوە و تا بەرەبەیان هەڵوەدا دەبوون! پیرێژنێکی لێ بوو، لە خانووچکەیەکی کاولدا دەژیا. دەیگوت هەموو شەوێ، کوژراوەکان لە حەوشە و حەسار و دیوارەکان ئاودیو دەبن و لە لای ئەوانەی ماون دادەنیشن. ئەوانەی ماون ئیتر ناترسن و مەرگ بۆیان بۆتە ژیانی ئاسایی. پیرێژنەکە وای دەگوت، کەس بە چاوی خۆی ئەمەی نەدیتبوو.
ڕۆژێک پیاوێک لەوانەی کە مابوون و کەسیش نێوی ئەوی وەبیر نەدەهاتەوە، تەمای گرت نامەیەک بنووسێ. نەک بۆ کەسێکی تایبەت، بەڵکوو بۆ نەتەوەیەک. نامەکەی بە دەستەکانی خۆی نووسی، هەر ئەو دەستانەی کە هەتاهەتایە بۆنی باڕووتیان تێ خزابوو. لەسەر لاپەڕەیەکی سوور، ئاوای نووسی: "ئێمە ئێستاش لێرەین!" بەڵام کە کۆتادێڕی نامەکەی نووسی، هیچ وشەیەک لە سەر لاپەڕەکە نەمابوو. دەتگوت قەت نەنووسرابوون. تەنیا پەڵەیەک لە فرمێسک نەبێ کە بە شێوەی خەریتەیەکی نامۆ و نەناسراو، خەریتەیەک کە لە کەللەی ئەسپێکی سەرکەشی شێت دەچوو، لەسەر لاپەڕەکە وشک بوو.
پیرەدار ئەو ڕۆژە لە هەموو کاتێک زیاتر دەیچرپاند. گەڵاکانی بەردەوام ڕەنگیان دەگۆڕی، لە نێوان سەوز و خۆڵەمێشیدا. چیرۆکی وایان دەگێڕاوە کە لە هیچ پەرتووکێکدا نەنووسرابوو. یەکێک لەوانەی مابوو، گوێچکەی بە جەستەی دارەکەوە نا و تێیڕاما و لێی دوور کەوتەوە و بۆ چرکەساتێک، وێنەی ئەو ڕۆژەی دیت کە خەڵک لە کۆڵانەکان هاواری خۆشییان لێ بەرز ببوۆە و نێوی قارەمانەکانیان دووپات دەکردەوە. بەڵام وێنەکە بە خێرایی تێکڕووخا، وەک ئاوێنەیەک کە کەوتبێتە نێو ئاوێکی لێڵەوە. شەو کە داهات، بارانێکی بە غورزەم دەستی پێکرد. ئەوانەی مابوونەوە لەژێر دارەکە کۆبوونەوە، هەر وەک جاری جاران. بەڵام ئەو شەوە شتێک گۆڕدرا. یەکبەیەک سێبەرەکانیان لە زەوی جیا بۆوە و ئیتر نەگەڕانەوە. سێبەرەکان لە ئاسۆدا ون دەبوون، ڕێک ئەو شوێنەی کە مژ هەموو شتێکی هەڵدەمژی. بەیانی ڕۆژی دوایی گوندەکە پەپووی لێ دەخوێند. تەنانەت پیرێژنەکەشی لێ نەمابوو. دەیانگوت لەگەڵ سێبەرەکان ئەویش ڕۆیشتووە. بەڵام کەس بە چاوی خۆی نەی دیتبوو. تەنیا پیرەدار مابۆوە و لقەکانی، کە لەژێر قورسایی بیرەوەرییەکاندا چەمابوونەوە. کە با لێی دەدان، گەڵاکان وێکدەکەوتن و دەنگی چرپەیان لێ بەرز دەبۆوە. دەنگێک کە ئەگەر کەسێک گوێی لێگرتبا، دەیتوانی چیرۆکی ئەوانە بگێڕێتەوە کە ڕۆژگارێک هەموو شتێک بوون و ئێستا، تەنانەت ناویشیان نەماوە، بەڵام کەس لێوە نەمابوو!