دیمانە: ئارش یەزدی
"حەلنێت" لە وتووێژێکی تێروتەسەلدا لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە سیاسەت و ڕوانگەی حیزب بەنیسبەت ڕۆژەڤە سیاسییەکانی ئێستای ئێران و کوردستانی کۆڵیوە. کاک مستەفا هیجری لەو وتووێژەدا بەڕوونی باسی لە نەخشەڕێ و ستراتیژیی حیزبی دێموکرات بۆ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبردنی ئێران لە قۆناغی گوزاردا کردووە. "کوردستان" پوختەی ئەم وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە:
هەڵسەنگاندنی حیزبی دێموکرات بۆ بارودۆخی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە وێستگەی کۆتایی تەمەنی ئەم ڕێژیمەدا؟
ئەمن لەسەر ئەو بڕوایەم کۆماری ئیسلامی لە لێواری هەڵدێرانە، بەڵام دیاریکردنی کاتی هەرەسهێنانی کارێکی ئاسان نییە؛ چونکە: ئەم ڕێژێمە سەرەڕای توشبوونی بە زۆر قەیرانی فرەڕەهەندی نێوخۆیی وەک داڕمانی ئابووری، لەدەستدانی شەرعییەتی نێوخۆیی و دەرەکی، دەرکەوتنی کەلێنی سیاسی لە لوتکەی دەسەڵاتدا و چەندین هۆکاری دیکە، هێشتاش توانا و ئیرادەی سەرکوتکردنی توندوتیژ و بەربڵاوی ناڕازییانی نێوخۆیی هەیە. هەروەها سەرەڕای قەیرانی سەختی ئابووری، هێشتا توانای دابینکردنی داراییی هێزە سەرکوتکەرەکانی هەیە و ئەم سەرکوتکارییانە هەرچەندە بەپێی کات کاریگەریی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵام لە وەپاشخستنی ڕووخانەکەیدا تا ڕادەیەک کاریگەر بوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە دواکەوتنی هەر ڕۆژێکی ڕووخانی ڕێژیم، دەبێتە هۆی تێچوونی گیانیی زیاتری خەڵکی وەزاڵەهاتوو و وێرانیی زیاتری وڵات؛ بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەشێت ئەم ماوەیە ببێتە دەرفەت بۆ پێکهاتنی یەکیەتی و تەبایی لەنێوان سەرجەم چین و توێژەکانی وڵاتدا بە هەموو فرەییی نەتەوەیی، ئایینی، زمانی، فکری و ئایدۆلۆژیای جیاوازی سیاسییەوە. ئەمەش بە مەبەستی ڕێگری لە دواکەوتنی زیاتری کۆتاییی ئەم ڕێژیمە و کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکان و وێرانیی زیاتری وڵات، هەروەها داڕشتنی بەرنامە و سیاسەتێکی دیکەیە لەسەر بنەمای دادپەروەری و کۆتاییهێنان بە زوڵم و جیاکاری و پەراوێزخستنی بەشێک لە ناوچەکانی ئێران و فیداکردنی هەموو شتێک لەپێناو ناوەنددا کە لە ماوەی نزیکەی سەدەی ڕابردوودا شاهیدی بووین.
ئەمن لام وایە هێشتا دەرفەتی ئەوەمان ماوە بیر لە ئێرانێکی دیکە بکەینەوە و ئێمەی کورد لەم پەیوەندییەدا هەنگاوی گرنگمان لەپێناو یەکیەتی و تەباییدا ناوە و سەرەڕای ئەوەش، لە ڕیزەکانی هاوپەیمانی لەگەڵ کۆمەڵێک لە حیزب و نەتەوەکانی ئێرانی وەک عەرەب، بەلووچ، تورک و تورکمانەکاندا، توانیومانە بە دەرککردن لە زەرورەتی هاوپەیمانی لە دەوری پلاتفۆرمێکی سیاسیی هاوبەش، هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوانماندا هەبێ و ئێستاش لەگەڵ هەندێک لە ڕەوت و ڕێکخراوەکانی فارسزماندا لە دانوستانداین تاوەکوو بواری هاوکاریی بەرفراوانتر لەگەڵ ئەوانیشدا بڕەخسێنین.
بە لەبەرچاوگرتنی سەنگ و قورساییی سیاسیی حیزبی دێموکرات، چوارچێوە و هێڵە سوورەکانی ئێوە بۆ هاوکاری لەگەڵ ڕەوتە سیاسییە سەرانسەرییەکانی دیکە (ناوەندگەرا، کۆماریخواز و…) چییە؟
کورد و نەتەوەکانی دیکەی پێکهێنەری دیمۆگرافیای ئەم وڵاتە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارەتیی دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییان ئەزموون کردووە. ئەم دوو ڕێژیمە لێکچوونی زۆریان لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەبووە. دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم ناوەندگەرییە بەو مانایە بووە ئێرانی بەربڵاو بە پێکهاتەیەکی دیمۆگرافیی ئاوێتە لە نەتەوە، زمان، بڕوا و ئایینی و مەزهەبە جیاوازەکان، بە فەرهەنگ و مێژووی جیا و فرەیییەکانی دیکەوە، وەک «یەک نەتەوە» سەیر کراوە و سەرجەم ئەم فرەیییانە ئاخێنراون و فەرامۆش کراون. ئەم «یەک نەتەوەیە» بریتی بووە لە تەواوی ئەو خەڵکەی لە ناوەندی ئێراندا نیشتەجێن، واتە تەنیا هاووڵاتییانی فارس. بۆ وەدیهێنانی ئەم گریمانەیە لە تەواوی ئەم ماوەیەدا هەوڵیان داوە سەرجەم منداڵانی ئەم خاکە لە هەمان سەرەتای خوێندنەوە بە زۆر زمان فێری فارسی ببن، زۆرترین بودجەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ ئەم بەشە تەرخان کراوە و ئاستێکی زۆر کەمی پەراوێزخراو بۆ ناوچەکانی دەوروبەر بووە؛ هەروەها بەرنامەداڕشتنی پڕتێچووی زۆر لە پێناو دەوڵەمەندکردنی ئەم تاقە زمانە، فەرهەنگ و مێژووی ئەم «یەک نەتەوەیە» و تواندنەوەی زۆرەملێی فەرهەنگ، زمان و مێژووی نەتەوەکانی دیکەی ئاوەدانکەرەوەی ئەم خاکە لە زمانی نەتەوەی تاقانەی فارسدا بووە. هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم نابەرامبەری و جیاکارییانەش لەژێر ناوی درۆینە و دەستکردی نیشتمانپەروەریی درۆزنە، تەجزییەتەڵەبی خەیانەت، دەستکەلای دوژمنان، سووکایەتیکردن بە زمان، فەرهەنگ، مێژوو، عەقیدە و بڕوا مەزهەبییەکانی غەیرە (نەتەوەی فارس)دا سەرکوتک کراوە.
ئاکامە بەرهەستەکانی ئەم سیاسەتەی نەتەوەسازییەش بریتی بوون لە پەرەسەندنی بێکاری، پەرەسەندنی هەژاری، ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، نەبوون یا کەمبوونی ناوەندەکانی دەرمانی و تەندروستی و بەگشتی پاشکەوتوویی، جۆرەها بەڵا و گرفتاریی زۆر لە ناوچەکانی پەراوێزخراوی وڵات کە زۆرینە یا نزیکەی نیوەی جۆگرافیا و دانیشتووانی ئەم خاکە لەخۆ دەگرێت.
هەوڵی حیزبی ئێمە لە تەواوی ئەم ماوەیەدا لەپێناو هێنانەسەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیکدا بووە، دەسەڵاتێک کە تێیدا ئێران نە موڵکی تایبەتی کەسێک (پاشا، وەلیی فەقیهـ) یا گرووپ و نەتەوەیەک، بەڵکوو تێیدا هەمووان خۆیان بە خاوەنی ئەم وڵاتە بزانن، دەسەڵات و دەسەڵاتداریی بەناوەندکراو لە تاران لەسەر بنەمای یاسایەکی بنەڕەتیی دێموکراتیک لەنێوان سەرجەم ناوچە نەتەوەیییەکاندا دابەش بکرێت تاوەکوو ئەم وڵاتە بۆ هەتاهەتایە لە دەستی دیکتاتۆری بە هەر شێوە و ڕەنگێک ڕزگاری ببێت و نیشتەجێبووانی لە ئەمنییەت، ئاسوودەیی و ئازادیدا بژین. ئێمە لەگەڵ سەرجەم حیزب، گرووپ و کەسانێک کە بڕوایان بە دامەزراندنی ئێرانێکی لەم چەشنە هەیە و لە ڕێگەی وەدیهێنانیدا خەبات دەکەن، ئامادەی هاوکارین. لە بەرمبەریشدا، ئامادە نین لەگەڵ ئەو گرووپ و ڕەوتە فکرییانەدا هاوکاری بکەین کە هێشتاش لە پیلانگێڕیدان بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای دیکە دوای کۆماری ئیسلامی.
جوگرافیای باکووری ڕۆژئاوای ئێران بەتایبەت شارەکانی وەک ورمێ، نەغەدە، میاندواو، تیکاب و… شوێنی ژیانی هاوبەش و تێکەڵاوکراوی دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەرییە. لە مێژووی هاوچەرخدا، ئەم ناوچەیە هەر دوو ئەزموونی زۆر شیرینی یەکێتیی «کۆماری کوردستان» و «حکومەتی میللیی ئازەربایجان» (پەیمانی قازی محەممەد و پیشەوەری)ی دیوە، و هەم ڕۆژە تاڵەکانی وەک پێکدادانەکانی سەرەتای شۆڕش و «جەنگی نەغەدە»ی تێپەڕاندووە. کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە ئەم جیاوازییانە بۆ دووبەرەکی بنێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەڕێزتان خەڵکی شاری نەغەدەن و ئەم ڕاستییانەتان لە نزیکەوە هەست پێ کردووە، بەرنامەی ستراتیژیی حیزبی دێموکرات بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم دووبەرەکییانە چییە؟
جگە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (پارێزگای ورمێ) ناوچەی دیکەش لە ئێراندا هەن کە خەڵکەکەی لە پێکهاتەی نەتەوە، بڕوادارانی ئایینیی جیاواز پێکهاتوون و هەرکامیان کەم یا زۆر خاوەنی ڕابردووی تاڵ و شیرین لە بەیەکەوەژیانن. گرژی و هەندێک جار دوژمنکارییەکانی نێوان خەڵکی ئەم ناوچانە، ئەنجامی هۆکاری جۆراوجۆر بووە لەوانە سیاسەتی دووبەرەکینانەوە و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بۆ قازانجی مانەوەی خۆیان. چونکە ئەم دەسەڵاتانە بەتایبەت کۆماری ئیسلامی هەمیشە لە یەکیەتی و تەباییی خەڵک ترساون و ئەوەیان بە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی خۆیان زانیوە، لە ئاکامدا بۆ تێکدانی تەبایی و دروستکردنی کەلێن لەنێوان خەڵکدا بە بەردەوامی لە پیلانگێڕیدا بوون. هاوکات هەستی خۆبەگەورەزانین و نەتەوەخوازیی توندڕەوانە کە هەندێک جار لە شێوەی شۆڤێنیزمدا لەنێوان کەس و گرووپەکان لەم خەڵکەدا دەردەکەوێ، ئەم گرژییانەی لێ کەوتووەتەوە.
بەرنامەی حیزبی ئێمە بۆ خەڵکانی ئەم ناوچانە، پەندوەرگرتنە لە تاڵی و نەهامەتییەکانی ڕابردوو و هاوکات سوودوەرگرتنە لە یەکیەتی و تەبایییە شیرین و پەندبەخشەکانی ڕابردوو. وەبیرهێنانەوەی ئەم گرژییانەیە کە تێیدا سەرجەم لایەنەکان زەرەرمەند بوون و لەسەر بنەمای ئەم ئەزموونانە، داڕشتنی کۆڵەکەکانی یەکیەتیی و هاوکاری و وەلانانی مێژووی ناخۆش و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیانه.
کۆمەڵگەی تورک و کورد لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (پارێزگای ورمێ)ش دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئەزموونانە لە جیاتی تۆڵەسەندنەوە و دووبەرەکی لەگەڵ یەکتردا، لە فکری دۆزینەوەی ڕێگەچارەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەدا بن و ئەمەش ئەرک دەخاتە سەرشانی سەرجەم حیزبە سیاسییەکان، کەسایەتییە ئایینییەکان، مامۆستایان، پەروەردەکارانی قوتابخانەکان و ناوەندەکانی خوێندن، ڕووناکبیران؛ هەتا دەگاتە بنەماڵەکان.
میتۆد و میکانیزمەکانی هاوکاری لە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراندا چییە؟ ئایا بەرەیەکی کوردستانیی گشتگیر لە داهاتوودا دەبینین؟
ڕاستییەکی سیاسی کە ئێمە بە بەردەوامی لە کردوەدا بەرەوەڕووی بووینەتەوە ئەوەیە لە وڵاتانی وەک ئێراندا کە قەت ئەزموونی دێموکراسی و کاری بەکۆمەڵیان نەکردووە، هێنانەئارای هاوکاری و کاری هاوبەش زۆر دژوارە. زۆر کەس لە قسە و دروشمەکانیاندا خۆیان بە دێموکرات دەزانن و باس لە دێموکراسی دەکەن، بەڵام لە کردوەدا و لە پاشخانی مێشکی هەرکامیاندا بنەماکانی دیکتاتۆری ڕەگی داکوتاوە. بۆیەشە پێکهێنانی هاوپەیمانی بەدەگمەن ڕوو دەدات و دوای پێکهێنانیشی بەخێرایی هەڵدەوەشێت. ئەمە لە کوردستان جیاوازە. لە کوردستانی ئێران لەسۆنگەی ئەوەی حیزبایەتی و فرەحیزبی ڕیشەی قووڵی لە کۆمەڵگەدا هەیە و ئەزموونی زۆرمان لە کاری بەکۆمەڵدا بووە، ئەمە کاریگەریی زۆری لەسەر دروستکردنی یەکگری لە کۆمەڵگەدا داناوە. ئەم ئەزموونە لە حیزبی دێموکراتدا بەرچاوتر و دیارترە، بەهمین هۆیەوە ڕێککەوتن و هاوکاری لەنێوان گرووپە جیاوازەکان و تاکەکانی کۆمەڵگەدا بەرفراوانترە.
میکانیزمی هاوکارییەکان لەنێوان حیزبەکانی کوردستاندا نەک لەسەر بنەمای لێکچواندنی زۆرەملێی حیزبەکان، فکر و بەرنامەکانیان، بەڵکوو لەسەر بنەمای خاڵە هاوبەشەکان دادەمەزرێت و هاوکات هەوڵ دەدەین بۆ وەلانانی ئاستەنگەکانی سەر ڕێگە، و میکانیزمی ئەم ڕێگەچارەیەش دیالۆگ و گفتوگۆیە.
ئایا بە دروستبوونی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی دێموکراتیک کە تێیدا مافی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان بەبێ شەڕ دابین بێت، هیوادارن؟
سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیە داڕێژراون. ئایدۆلۆژیایەک کە جگە لە خۆی، هەمووان بە دوژمن دەزانیت و بە شێوازی جۆراوجۆر لەگەڵیاندا لە شەڕ و ململانێدایە. ئەم ڕێژیمە لە هەمان سەرەتاوە دروشمی لەنێوبردنی ئیسرائیلی بەرز کردووەتەوە و لە کردەوەشدا بە یارمەتییە مادی و چەکدارییە بەرفراوانەکان، دەستی کردووە بە ڕێکخستن، بەهێزکردن و پشتگیری لە میلیشیاکان بۆ شەڕکردن لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی و پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئامانجی دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی. ئورووپا و ئەمریکاش لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە بەرامبەر ئەم زیادەڕۆییانەی کۆماری ئیسلامیدا هێشتا لەگەڵیان تێک نەدا و سەودا و مامەڵەکانیان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە درێژە پێدا، بەو هیوایەی ئەم بەشە لە سیاسەتەکانی ڕێژیم بگۆڕن. بەڵام ئەم ئامانجە وەدی نەهات و لە ئاکامدا ئەمریکا و ئیسرائیل چاریان نەما و هێرشی قورسیان کردە سەر کۆماری ئیسلامی.
ئەم هێرشانە، زەبرێکی قورسن لە بواری سەربازی، ئەمنییەتی و بەتایبەت ئابوورییەوە لە ڕێژیم دەدرێن، ئەمە ڕێژیمی لاواز کردووە و بە لاوازبوونی ڕێژیم لە درێژخایەندا، دەرفەتی زیاتر بۆ خەڵکی ئێران لە خەبات لە دژی ئەم ڕێژیمە دەڕەخسێت. بەڵام داواکاریی خەڵکی ئێران بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕووخانی تەواوەتیی ئەم ڕێژیمەیە نەک تەنیا لاوازکردنی. ئەگەرچی لە هاوکێشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئامانجی سەرەتایی لاوازکردنی ڕێژیمە تا ئەو ئاستەی مل بە داواکارییەکانیان بدات و لە دژی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا هیچ هەنگاوێک نەنێت. بە کورتی، هەرچەندە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئێستاشدا تەنیا کاتکڕینە، و تەنیا بە ڕووخانی ئەم ڕێژیمە دەکرێت هیوا بە ڕۆژێکی باشتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و وڵاتانی ناوچەش هەڵبچنرێت. دەبێت بەبیری بهێنینەوە کە ڕووخانی ڕێژیم قۆناغی یەکەمە و ئەم ڕووخانە ناکرێت ئامانجی کۆتایی بێت، بەڵکوو ئامانجی کۆتایی دروستکردنی ئێرانێکی دیکەیە بەو تایبەتمەندییانەی ئاماژەمان پێ دان.
دواجار دروستبوونی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی دێموکراتیک و ئێرانێکی دێموکراتیک شتێک نییە بە هەرەسهێنانی دەسەڵاتەکان و شەڕ دابین بێت، بەڵکوو هەر گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگەدا گۆڕانی ڕوانگە، تێڕامان، و ڕەفتاری ئەو خەڵکەی دەوێت. گۆڕانکاری لە ڕوانگە و بیرکردنەوەی خەڵکیش پێویستی بە تێپەڕبوونی کات و ئەزموونوەرگرتن لە ڕابردوو و ڕەخنەلەخۆگرتن هەیە. ئاخۆ نەتەوەکانی ئێران گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە لە گەشەی فکری و جیهانبینی کە بتوانن دوای کۆماری ئیسلامی، ئێرانێکی دیکە بنیاد بنێن؟ هیوادارم وەها بێت.
پەیامی من بۆ ئەو مەبەستە جارێکی دیکەش پێداگرییە لەسەر یەکیەتی و تەبایی و بەڕەسمیناسینی فرەییی نەتەوەیی، زمانی، ئایینیی یەکتر و هەوڵدانە بۆ بنچینەداڕشتنی ئێرانێکی دیکە بۆ هەمووان لە سێبەری ئازادی و دێموکراسیدا. ئەمانەش ئەرکێک نین بسپێردرێن بە داهاتوو، بەڵکوو بەردی بناغەیان دەبێت لە ئێستاوە دابندرێت؛ وەپاشخستنی ئەم ئەرکانە بۆ دوای ڕووخانی ڕێژیم زۆر درەنگ دەبێت و بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەت، کە ئەنجامەکەی دەتوانێت سەپاندنەوەی دووبارەی دیکتاتۆری بە ڕەنگ و بۆیەکی نوێوە بێت دوای ڕێژیمی ئێستا.