کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی یەمەن: ئۆپەراسیۆن بۆ گەڕاندنەوەی سەنعا و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حوسییەکان لە ئارادایە

14:39 - 17 خەرمانان 2726

ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، ڕایگەیاند کە حکوومەتی ئەم وڵاتە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی بەسەر هەموو خاکی یەمەندا بەردەوامە.

عەلیمی ستایشی سەرکەوتنەکانی هێزە چەکدارەکانی لە پارێزگاکانی ئەلجەوف، ئەلبەیزا و حودەیدە کرد و ڕایگەیاند:" هێزەکانمان توانیویانە لە چەندین بەرەدا سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنن".

لەلایەکی ترەوە، سەمیر سەبری، جێگری وەزیری بەرگریی یەمەن، ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەنعا، پایتەختی ئەم وڵاتە، لە دەست حوسییەکان ئامانجی یەکەمی حکوومەتە".

هەروەها تارق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەنیش، ڕایگەیاند: "هێزە حکوومەتییەکان نەخشەی کۆماری ئیسلامییان بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتیان بەسەر گەرووی بابو‌لمەندەب لە ڕێگەی حوسییەکانەوە پووچەڵ کردووەتەوە".

ساڵح هەروەها کۆتاییهێنان بە دەستڕۆشتوویی سپای پاسداران و گرووپە نیابەتییەکانی لە یەمەن بە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە ناو برد.

شایانی باسە هێزی ئەرتەشی دەوڵەتی یاسایی یەمەن زۆر شار و ناوچەی هەستیار و ستراتێژیی ژێردەسەڵاتی حوسییەکانی وەرگرتووەتەوە و ئەو گرووپە تێرۆریستییەی زەمینگیر کردووە.

شایانی باسە حوسییەکان لە بەرانبەردا شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی عەرەبستانیان کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە، ٧٣ کەس لە خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتە بریندار بوون.

تورکی ئەلمالکی، وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی، هێرشی ئەو گرووپەی بە «پەرەسەندنێکی مەترسیدار» وسف کرد.

ناوبراو جەختی کردەوە کە هاوپەیمانی بۆ ڕێگری و بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی حوسییەکان، هەنگاوە پێویستەکان هەڵدەگرێت.

شایانی باسە لە ڕەوتی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەرتەشی یەمەن و عەرەبستان بۆ سەر حوسییەکان و ئیسرائیل لە دژی حیزبوڵڵا و حەماس گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامی بە تەواوی لاواز کردووە و هەیمەنەی ڕێژیمی تاران ڕۆژبەڕۆژ لە ناوچەکە تێکدەشکێندرێت.