کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی لوبنان: سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان، حیزبوڵڵا لوبنانی کێشاوەتە ناو دوو شەڕەوە

14:28 - 17 خەرمانان 2726

یووسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان، لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبیدا بە توندی ڕەخنەی لە هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو گرت و ئەو هێرشانەی بە هەوڵێک بۆ «مامەڵەی ئەمنییەتیی ئەو وڵاتانە لە بەرانبەر بەرژەوەندییە هەلپەرستانەکان»دا وسف کرد.

یووسف ڕەجی ڕایگەیاند کە لوبنان لە قۆناغێکی چارەنووسسازدایە کە پێویستی بە بڕیاری ئازایانە هەیە و زیادی کرد کە حیزبوڵڵا، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان، ئەم وڵاتەی کێشاوەتە ناو دوو شەڕەوە.

پێشتریش جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە تەواوی پێبەندە بەوەی کە چەکی یاسایی تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و حیزبوڵڵا دەبێت چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت بکات.

شایانی باسە ئیسرائیل و لوبنان لە دانوستانەکانی کۆتایی مانگی ژووئەنی ئەمساڵدا، ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە خاڵەکانی چەککردنی حیزبوڵڵا، پاشەکشەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و جێگیرکردنی ئەرتەشی لوبنان لەو ناوچەیەی تێدا گونجێندرابوو.

ئەوە لەکاتێکدایە کە حیزبوڵڵا بە هاوکاری و ڕێنوێنیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چەندین جار بە هێرشکردنە سەر سەربازانی ئیسرائیل و خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتە ئاگربەستی پێشێل کردووە و لە بەرانبەردا، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئەو گرووپە چڕتر کردووەتەوە.