کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تاران دانی بە بێچارەیی خۆی لە دابینکردنی بەنزیندا نا

13:56 - 17 خەرمانان 2726

لە درێژەی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا قەیرانی گرانی و کەمیی سووتەمەنی لەوانەش بەنزین، خەڵکی ڕووبەڕووی کێشەی زۆر کردووەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سی ئێن جیی تاران دانیان بە بێچارەیی خۆیان لەمەڕ کەمیی بەنزیندا نا و وتیان ئیتر دەوڵەت هیچ کارێکی لەدەست نایەت.

وەحید سەراوەند، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی CNGی تاران، بە ئاشکرا لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا، سەبارەت بە دۆخی دابینکردنی بەنزین هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە بەرپرسان لەم بوارەدا ڕووبەڕووی کێشەی جیددی بوونەتەوە.

سەراوەند داوای لە خەڵک کرد کە «لە بیری خۆتاندا بن» و ڕایگەیاند دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لەوبارەوە گەیشتوونەوە بنبەست و پاشەکەوتی بەنزین گەیشتووەتە کۆتایی و هەتا چەند ڕۆژی دیکە تەواو دەبێت.

پاش دوو حەفتە لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی ئەمریکا، ڕێژیمی ئێران بەهۆی تەنگژەی دارایی و ترسی نەمانی بڕی پێویستی سووتەمەنی، نرخی بەنزینی ئازادی دوو قات بەرز کردەوە.

هەروەها لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ۱۷ی خەرمانانەوە، نرخی بەنزینی کارتەکانی بەنزینخانە لە ٥ هەزار تمەنەوە بۆ ۱۰ هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران لەمەڕ ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵک لەمەڕ ئەم گرانییە نوێیە و هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو نیگەرانیی جیددییان هەیە.

شایانی باسە لە مانگی خەزەڵوەری ۱۳۹۸دا بەهۆی گرانبوونی بەنزینەوە ڕاپەڕینی جەماوەریی سەرانسەری لە زۆربەی شارەکانی کورستان و ئێران دژی ڕێژیمی ئێران دەستی پێکرد و ڕێژیمی تاران بە تەواوەتی دەسەڵاتی بەسەر شار و شەقامەکاندا لەدەست دا و کارناسانی ئابووری پێیان وایە ئەگەری زۆرە خەڵکی ئێران و کوردستان جارێکی دیکە دژی ڕێژیم بێنەوە سەرشەقامەکان.