لە چەندین شاری کوردستان لەوانە ئیلام، کرماشان و سنە سێنفە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دژ بە هەڵاواردن، نادادپەروەری، نەبوونی خزمەتگوزاری، هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو و مافە سێنفییەکان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن بەردەوامن.
کرێکارانی کارگەی «پوویا نەخ» لە ئیلام، لەمەڕ دواکەوتنی مووچەی چەند مانگی ڕابردوویان، و دەرکرانی بێ هۆکاری ١٥٠ کرێکار و داخرانی کارگەکەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.
ئەو کرێکارانە لە بەردەم بینای پارێزگاری ئیلامدا دروشمی جۆراجۆریان بەرز کردووەتەوە.
بە وتەی ئەو کرێکارانە، ئەم کارگەیە لە سەرەتای ساڵی ۱۴۰۴وە بەبێ هۆکار نزیکەی ۱۸۰ کرێکاری دەرکراون.
هەروەها خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە کرماشان و ئیلام لە ناڕەزایەتی بە کەمبوونی مووچەکان، کێشەکانی چارەسەری پزیشکی و پشتگوێخرانی داواکارییەکانیان کۆ بوونەوە.
هەروەها سەدان پەرستار و کادری دەرمانیی پارێزگای سنە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە ناڕەزایەتی بە کێشەکانی بژێویی ژیان، پێنەدانی مانگانە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان، لە بەردەم بینای پارێزگاری ڕێژیم لە سنە کۆ بوونەوە و داوای بەدواداچوونی بەپەلەیان بۆ داواکارییە پیشەیییەکانیان کرد.
بەپێی زانیارییەکان، ناڕازییان بە وتنەوەی دروشمگەلێک وەک «بەڵێن و پهیمان بەسە، سفرهمان خاڵییە»، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هەرچەند بەرپرسانی ڕێژیم هەوڵیان داوە کە بە بەڵێنی درۆ کۆتایی بەو کۆبوونەوەیە بێنن، بەڵام، پەرستاران ڕایانگەیاندووە کە هەتا بەدەستهێنانی هەموو داواکاری و مافەکانیان لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەردەوام دەبن.
هەروەها لە ماوەی چەند ڕۆژ ڕابردوودا لە شاری کرماشان، خانەنشینکراوانی ئیدارە جۆراجۆرەکان، بۆ چەندەمین ڕۆژی بەردەوام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و بە بەرزکردنەوە دروشم، خوازیاری کۆتاییهێنانی ڕێژیم بە هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی بوون و داوای هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانیان کردووە.
قەیرانی بژێوی ژیان، دابەزینی کەمبوونەوەی توانای کڕین و کێشەکانی مووچە و کار، نادادپەروەری، لاوازیی بەڕێوەبەری، بەردوامیی ڕەوتی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان و شەڕفرۆشییەکانی ڕێژیم هێشتا لە گرنگترین هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان، کرێکاران و کارمەندان و سێنفە جیاوازەکان لە ئێران و کوردستان دەژمێردرێن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە بڕینی مانگانە و مافی سێنف و پیشە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان سامانی ئێرانی بۆ پەرەپێدانی هەوڵە تێرۆریستی و شەڕفرۆشییەکانی دژ بە وڵاتانی ناوچەکە تەرخان کردووە و مانگانە سەدان میلیۆن دۆلار پارە بۆ ئەو مەبەستە بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە دەنێرێت، بەمەش بڕستی لە خەڵکی ئێران بڕیوە و هەژاری و نەداری تەنگی پێهەڵچنیون.