دوابەدوای هێرشە دڕۆنییەکەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ سەر شاری کۆیە و بناری هەیبەت سۆڵتان، ئاگرێکی گەورە لەو شوێنانە کەوتەوە کە هەتا درەنگانی شەو درێژەی هەبوو. هاوکات کۆماری ئیسلامی بە دڕۆن هێرشی کردەوە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسایەتیی هێرشەکەشی گرتە ئەستۆ..
ئەم ئاگرکەوتنەوەیەی بناری هەیبەت سوڵتان و باواجی لە کۆیە لە ئاکامی ئەم هێرشە دڕۆنییەکەی ئەمڕۆدا بووە و ڕووبەرێکی زۆری گرتووەتەوە و هەوڵەکان بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەکە زۆری خایاند.
ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ هێرشی دڕۆنی بۆ سەر بناری هەیبەت سۆڵتان کە خەڵکی مەدەنیی لێ نیشتەجێیە، هێرشێکی دیکەی دڕۆنیشی کردە سەر شاخی باواجی لە شاری کۆیە و ئاگرکەوتنەوە لەوێش هەتا ئێستا بەردەوامە.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا، هێرشێکی دڕۆنی و مووشەکیی بەرفراوانی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەداخەوە ئەمجارە، ژینگەی شاری کۆیەی بە ئامانج گرتووە.
هەر لەو پێوەندییەدا حەفتەی ڕابردووش بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بناری گوێژە لە سلێمانی ئاگری گرت و سپای پاسدارانیش بەڕەسمی بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆ گرت.
سپای پاسداران لە درێژەی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەش زیاتر لە ١٠ دڕۆنی لە هەرێمی کوردستان گرت کە دوای بەردانەوەیان مەزرا و زەویوزارێکی زۆر لە خەلیفان و سۆران ئاگری گرت. سپای پاسداران دوای ئەو هێرشانە لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرپرسایەتیی هێرشەکانی ئەمڕۆ و ئەمشەوی بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەئەستۆ گرت.