ئەمڕۆ ٧ی پووشپەڕە و ٣٩ ساڵ بەسەر جینایەتی کیمیابارانی شاری سەردەشتدا تێدەپەڕێ. لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا، شاری سەردەشت بە چەکی قەدەغەکراوی گازی خەردەل هێرشی کرایە سەر، بە شێوەیەک کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئەم شارە شەهید یان بریندار و بەرکەوتوو بوون.
هەتا ئێستاش کۆمەڵێکی بەرچاو لە بەرکەوتووان لەگەڵ ئازارەکانی ئەم جینایەتە دەژین. هەر لەم پێوەندییەدا گرووپی پارێزەرانی کوردی کانوونی پارێزەرانی ناوەند پەیامێکیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا، وێڕای ئاماژە بەم جینایەتە و بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی کیمیاباران و ڕێزلێنان لە ساڵانێک بەرگەگرتنی ئازار و مەینەتی لەلایەن برینداران، بەرکەوتووانی کیمیایی و بنەماڵەکانیانەوە داوای قەدەغەکردنی یەکجاریی بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و زانستێکی پێوەندیدار بە چەکی کیمیایی و گۆڕینەوەی ئەم چەکانەیە لە نێوان دەوڵەتان و گرووپە سەربازییەکان، هەروەها سەرنجی تایبەت بۆ تەرخانکردنی پێداویستییە پزیشکییە پێویستەکان بەمەبەستی چارەسەرکردن و دابینکردنی بژێویی بەرکەوتووانی کیمیایی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کیمیابارانکراوەکان بەمەبەستی دابینکردنی خۆشگوزەرانی و کەرامەتی مرۆیی ئەوان لەلایەن حکوومەتەوە کردووە.