چالاکانی ژینگە و خەڵکی ژینگەپارێزی داڵاهۆ بە یادی شەهیدانی ژینگەوە، هەڵمەتێکی ژینگەپارێزییان بەڕێوە برد.
ژینگەپارێزانی ناوچەی داڵاهۆ لەو هەڵمەتەدا، ئاوی ئەو نەمام و دەنکە بەڕووانەیان داوە کە لە وەرزی پاییزی ساڵی ڕابردوودا و لە هەڵمەتی زاگرۆسانەدا چێندراون.
ژینگەپارێزان ئەو هەڵمەتەیان بە یاد و ناوی شەهیدانی ژینگەوە بەڕێوە بردووە و قوربانیدان و هەوڵ و ماندووبوونی ئەو شەهیدانەیان بەرز نرخاند و ڕایانگەیاند کە سەنگەری ژینگەپارێزیی ئەو شەهیدانە چۆڵ ناکەین و پارێزەری نیشتمان و ژینگەی کوردستانەکەمانین.
ساڵانە لە ناوچەی داڵاهۆدا چەندین چالاکیی ژینگەپارێزی بەڕێوە دەچێت و خەڵکی ئەو ناوچەیە لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا و بەپێی تایبەتمەندیی ئەو وەرزانە، بەردەوام پەرە بە چالاکییە ژینگەپارێزییەکانی خۆیان دەدەن.