کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

غیابی کوردستان لە مەیدانی جامی جیهانیدا

09:56 - 5 پووشپەڕ 2726

برایم لاجانی

بەدەستپێکردنی جامی جیهانی، جارێکی دیکە گوڕوتین و تەبی فوتباڵ، دونیای داگرتووە. ئاڵاکان دەشەکێنەوە، دەنگی سروودە نیشتمانییەکان دەچێتە تەشقی ئاسمان، بە میلیۆنان ئینسان لە گۆڕەپانەکاندا، لە کلوب و ماڵ و کافێ و قاوەخانە و شەقامەکاندا، تەماشای کێبڕکێکان دەکەن و میللەتەکان خۆیان لە بەدەنی یازدە یاریزاندا ڕێک دەخەن. لەو ساتەوەختانەدا، فوتباڵ ئیدی بەتەنیا هەر وەرزش نییە، مەیدانێکە، شانۆیەکە گەلان لەوێدا خۆیان بە دونیا نیشان دەدەن. ئاخر هەر تیمێکی نیشتمانی، ئاڵا، سروودی نەتەوەیی، مێژوو، زمان و غرووری نەتەوە و نیشتمان دەخاتە سەرشان و دەیباتە گۆڕەپانەکە.

کەچی لەو مەیدانە جیهانییەدا، پرسیارێکی گرنگ لە پێوەندیدا لەگەڵ نەتەوەی کورددا دێتە گۆڕێ؟ کوردستان لە کۆێیە؟ بۆ یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی دونیا لە گەورەترین مەیدانی خۆنیشاندانی میللەتاندا حزووری نییە؟ بۆ لاوی کورد کاتێک تەماشای جامی جیهانی دەکات، دەبێت تەماشای ئاڵای خەڵکانی دیکە بکات. بۆ ئەو دەبێ فەڕانسە، ئەڕژانتین، مەڕاکش، ئاڵمان، پاکستان، سووریە، میسر، تورکیە و هتد لە مەیدانەکاندا ببینێ، بەڵام تیمێک نابینێ کە ناوی کوردستان لەسەر سینەی یاریزانەکانی بدرەوشێتەوە.

ئەو غەیبەتە بەتەنیا هەر وەرزشی نییە، بەڵکوو سیاسیشە. جامی جیهانی بەڕواڵەت کێبڕکێی نێوان وڵاتانە، بەڵام لە ڕاستیدا ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو سیستەمە جیهانییە هاوچەرخەیە کە لەسەر بنەمایەکی دەوڵەتتەوەر، بنیات نراوە. لێرەدا تەنیا ئەو نەتەوانەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بەڕەسمی ناسراون، ڕێگایان هەیە پێ بنێنە ئەو مەیدانەوە. ئەو نەتەوانەی کە دەوڵەتی خۆیان نییە، تەنانەت ئەگەر مێژوو، زمان، نیشتمان، ئەدەبیات، فەرهەنگ، یادەوەریی بەکۆمەڵ و ئیرادەی سیاسیشیان هەبێت، لێرە وەلا دەنرێن. کوردەکان ڕاست لە هەلومەرجێکی ئاوادان. نەتەوەیەک کە خاوەنی ناسنامەی مێژوویی خۆیەتی، بەڵام بێ دەوڵەتە. نەتەوەیەک کە لە مێژوودا حازرە، بەڵام لە سیستەمی سیاسی جیهاندا غایبە.

لەو گۆشەنیگایەوە کوردستان بەتەنیا هەر جوگرافیایەک نییە، بەڵکوو برینێکی مێژووییە بەسەر جەستەی سیستەمی سیاسیی نێونەتەوەییەوە. نەتەوەی کورد لەنێوان چەند دەوڵەتدا دابەش بووە: ئێران، تورکیە، سووریە و عێراق. هەریەک لەو دەوڵەتانە، بەشکڵ و ڕادەی جۆراوجۆر، تێکۆشاون شوناسی کوردی ئینکار، یا کۆنتڕۆڵ بکەن، یا لە چوارچێوەی ناسنامەی خۆیاندا بیتوێننەوە. لە دۆخێکی ئاوادا فوتباڵیش لە سیاسەت دانابڕێ. وەختێک یاریزانێکی کورد، بە پیراهەنی تیمی میللی دەوڵەتێکەوە دێتە مەیدان کە لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیدا زمان، فەرهەنگ و مافە سیاسییەکانی ئەو و گەلەکەی سەرکوت دەکات، وەزعێکی ئاڵۆز و تراژیدی دێتە کایەوە. بەهرە و لێوەشایی و شارەزایی کورد دەکەوێتە خزمەت ئاڵایەک کە لە زۆرترین حاڵەتەکاندا نوێنەرایەتی ئازادیی وی ناکات.

ئەو دژایەتییە بۆ لاوی کورد ناخۆشە. ئەو ڕەنگە بە درەوشانەوەی یاریزانێکی کورد لە ڕیزەکانی تیمی میللی ئێران، عێراق، تورکیە یا سووریەدا خۆشحاڵ بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانێ کە هەر هەمان یاریزان ڕێگای پێ نادرێ بە ناوی کوردستانەوە بێتە نێو گۆڕەپانی یاری. ئەو دەزانێ کە شادی و خۆشحاڵییەکەی ناتەواوە؛ چونکە شانازییە فەردییەکانی یاریزانە کوردەکان ناگۆڕێت بۆ شانازییە نەتەوەییەکان. لێرەدا فوتباڵ دەبێتە ئاوێنەیەک کە هەم توانا و بەهرەی کورد دەردەخات، هەم بێبەشی و چەوسانەوەی سیاسی کوردستانیش نیشان دەدات.

ئەمڕۆ فوتباڵ کاریگەرترین ئامرازی دروستکردنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانییە. دەوڵەتەکان فوتباڵ بۆ دروستکردنی هەستی نیشتمانی، بەهێزکردنی یەکێتیی نەتەوەیی، شاردنەوەی ناکۆکییە نێوخۆییەکان و نمایشی هێزی نەرم بەکار دێنن. خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی پێش دەستپێکردنی یاری، ئاڵای سەرشانی یاریزانەکان، فرمێسکی ئەوانەی تەماشای کێبڕکێکە دەکەن، جەژن و شایی و هەڵپەرکێی شەقامەکان پاش بردنەوە و ڕیوایەتی میدیایی لە "غرووری نەتەوەیی"، هەموویان بەشێک لە ماتۆڕی ماشێنی نەتەوەسازیین. دەوڵەتەکان چاک دەزانن کە فوتباڵ دەتوانێ هەندێک کار بکات کە سیاسەتی ڕەسمی زۆرجاران لەبەرامبەریدا دەستەوەستانە؛ واتە دروستکردنی هەست و سۆزی نەتەوەیی و هاوپێوەندیی نیشتمانی.

کەواتە نەتەوە بێدەوڵەتەکانیش ناتوانن لە پێوەندیدا لەگەڵ فوتباڵدا بێباک و بێتەفاوەت بن. ئەگەر فوتباڵ گۆڕەپانی خۆنیشاندانی نەتەوەکان بێت، کوردەکان دەپرسن کە چۆن لەمەیدانێکدا کە ئێمە بەڕەسمی ناناسێ، دەکرێ حزووری سەمبۆلیک بۆ خۆمان دروست کەین؟ چۆن دەتوانین لە فوتباڵ بۆ زیندووڕاگرتنی ناسیۆنالیزمی سەرکوتکراوی کورد کەڵک وەرگرین؟ چۆن دەکرێ لاوی کورد لە تەماشاچییەکی پاسیڤی ئاڵای میللەتانی دیکەوە، بکەینە هەڵگرێکی وشیار و ئاگای شوناس و ناسنامەی خۆی؟

یەکەمین هەنگاو لەو پێوەندییەدا بریتییە لە تێگەیشتنی سیاسی لە فوتباڵ. لاوی کورد دەبێت بزانێت کە جامی جیهانی بەتەنیا هەر کێبڕکێیەکی وەرزشی نییە، بەڵکوو مەیدانی خۆنیشاندانی دەوڵەتەکانە. هەرکات تیمێک بەئاڵای خۆیەوە پێ دەنێتە مەیدان، لە ڕاستیدا، ئەوە یەکەیەکی سیاسی بەڕەسمی ناسراو، دێتە بەردەم دونیا و خۆی ڕادەنێ. غیابی کوردستان لەو مەیدانەدا شتێکی بە ڕێکەوت نییە؛ ئاکامی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ و پێشێلکرانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردە. کەواتە ئەرکی بنەڕەتی ئەوەیە "هەستی غیاب" بگۆڕین بۆ "هۆشیاریی سیاسی".

ئەرکی دووەم ئەوەیە کە ڕەمز و سیمبۆڵ و نیشانە بۆ وەرزش و فوتباڵی کوردستانی بەرهەم بێنین. ئەگەر کوردستان و نەتەوەی کورد هێشتا لە ڕیزەکانی فیفادا جێگای خۆی نییە، مانای ئەوە نییە کە نەتەوەی کورد حەقی نییە بیر لە وەرزش و ڕێکخستنی فوتباڵی خۆی بکاتەوە و کاری لەسەر بکات. ڕێکخستنی تیمەکانی فوتباڵ، پێکهێنانی کێبڕکێ لەنێوان تیمی شار و هەرێم و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، پشتیوانی کردن لەو کلوب و نادی و یانانەی کە ناسنامەی کوردیان هەیە، دروستکردن و دیزاینکردنی جلوبەرگ، ئاڵا، خوێندنەوەی سروود و گێڕانەوەی ڕیوایەتی تایبەت بە فوتباڵی کوردی، هەموویان دەکرێ بەشێک بن لە پڕۆژەی میللەتسازی. ئاخر نەتەوەکان پێش ئەوەی لەلایەن یاسای نێونەتەوەییەوە بەڕەسمی بناسرێن، لە زەین، زمان، فەرهەنگ و یادەوەری و یادگەی خەڵکی خۆیان و ڕۆڵەکانی خۆیاندا دروست دەبن.

هەنگاوی سێیەم بریتییە لە کەڵک وەرگرتن لە میدیاکان، ڕاگەیاندنە گشتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان. لە دونیای ئەمڕۆدا مەیدانەکانی فوتباڵ تەنیا هەر هۆڵ و گۆڕەپانە گەورەکان نین، بەڵکوو ئینستاگرام، ئێکس، تیکتۆک، یوتیوب، تێلێگرام و میدیا کوردییەکان، بەشێک لە مەیدانەکەن. لاوانی کورد دەتوانن بە دروستکردنی نێوەڕۆک سەبارەت بە فوتباڵیستە کوردەکان، مێژووی فوتباڵ لە شارەکانی کوردستان، جیاوازی دانان لەسەر یاریزانە کوردەکان، بێبەشی ناوچەکانی کوردستان لە ئیمکاناتی وەرزشی، ئارەزووی هەبوونی تیمی میللی کوردستان، مەسەلەکە لە ئاستی هەست و سۆزی فەردییەوە بگوێزنەوە بۆ ئاستی دیسکۆرس و گفتوگۆیەکی میللی و نەتەوەیی. لەو بارەوە هەر وێنەیەک، هەر فیلم و ڤیدیۆیەک، هەر داستان و ڕیوایەتێک دەتوانێ یارمەتی بە هێنانەبەرچاوی نەتەوەی کورد بکات.

ڕێگای چوارەم بریتییە لە پێوەندیی فوتباڵ بە زمانی کوردییەوە. زمان کۆڵەکەی ئەسڵیی ناسنامەی نەتەوەییە. ڕاپۆرتی فوتباڵ بەزمانی کوردی، تەفسیر و لێکدانەوەی وەرزشی بە کوردی، ناولێنانی تیمەکان و ڕووداو و کێبڕکێکان بە کوردی، بەرهەمهێنانی ڕیتۆریک و تێرمینۆلۆژیی فوتباڵ و وەرزش بە زمانی کوردی، پەروەردەکردنی ڕاپۆرتەری کورد کە بەکوردی کێبڕکێکان بگوازێتەوە نێو ماڵەکان، هەموویان نرخ و بایەخی سیاسی خۆیان هەیە. کاتێک فوتباڵ بە زمانی کوردی تەفسیر و شیکار دەکرێ، هەر ئەوە نییە کە یارییەک بە کوردی دەگوێزرێتەوە، بەڵکوو مانای وایە جیهانی کوردی ساز دەبێت. نەتەوەیەک کە زمانەکەی لە هونەر، وەرزش، فوتباڵ، ئەدەب و عیرفان و زانست و فەلسەفە و سیاسەت و میدیاکاندا بەکار دێنێ، لەبەرامبەر سەرکوت و ئینکار و حاشادا، بەرگری و دیفاع دەکات.

ئەرکی پێنجەم بریتییە لە دووریکردن لە ناسیۆنالیزمی کوێر و بەرچاوتەنگ و ڕقتەوەر. ناسیۆنالیزمی کورد ئەگەر دەیەوێ ئەخلاقی، مۆدێرن و ڕزگاریخواز بمێنێتەوە، نابێت ئالوودەی ڕق و قین و نەفرەت لە نەتەوە و گەلانی دیکە بێت. پرسی کورد ڕق و قین لە فارس و تورک و عەرەب و گەلانی دیکە نییە، مەسەلەی ئێمە بریتییە لە ئینکاری مافە نەتەوەییەکانمان، سەرکوتی سیاسی، پێشێلکرانی حەقی دیاریکردنی چارەنووسی خۆمان بەدەستی خۆمان. فوتباڵ دەتوانێ هەم ئامرازی پەرەپێدانی شوناسی سیاسی بێ و هەم داوێکیش بێت بۆ کەوتنە نێو چاڵی دەمارگرژی و تەعەسوب و کەللەڕەقی. ئەگەر لاوی کورد فوتباڵ بۆ بەکەمگرتن و سوکایەتی بە میللەتانی دیکە بەکار بێنێ، ئەوە هەر ئەو مەنتقە بەکار دێنێت، کە بۆخۆی قوربانی ئەوەیە. بەڵام ئەگەر فوتباڵ بکەین بە کاناڵێک بۆ بەیانی کەرامەت، زمان، شوناس، مێژوو و هێنانەگۆڕی داخوازە سیاسییەکانمان، ئەودەم فوتباڵ دەبێتە ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی هۆشیاری و ئاگایی ڕزگاریخوازانە.

مەسەلەیەکی دیکە کە پێویستە بەهەندی بگرین بریتییە لە سەرنجدان بە ژنانی کورد لە فوتباڵدا. ناسیۆنالیزمێک کە ژنان لە ژێردەستەییدا ڕابگرێت، ناتوانێت پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازانە بێت. کچان و ژنانی کوردستان دەبێ بەشێکی گرنگی مەیدانی فوتباڵ بن؛ نەک هەر وەک تەماشاچی و جەماوەری فوتباڵ، بەڵکوو وەک یاریزان، فوتباڵیست، هەواڵدەر، موفەسیر، ڕۆژنامەنووس، داوەر و ڕێکخەر و هتد. حزووری ژنانی کورد لە فوتباڵدا هەم خەباتە بەدژی پیاوسالاری و هەم خەباتە دژی ستەم و ئینکاری نەتەوەیی. ئاخر نەتەوە بەبێ ژنان و کچانی خۆی قەت بە کەماڵ ناگات. کوردستانێک کە داوای ئازادی دەکات، دەبێت ئازادی لە ماڵ، قوتابخانە، مەیدانەکانی وەرزش و میدیاکانەوە دەست پێبکات.

خاڵێکی دیکە بریتییە لە لێکگرێدانی فوتباڵ لەگەڵ عەدالەتی کۆمەڵایەتی. ناوچە کوردستانییەکان لە سووریە، تورکیە، ئێران و عێراق، لە زۆر بواردا، بۆ نموونە لەباری ئابووری، ئیمکانات و دامەزراوەی پەروەردەیی و وەرزشی، بەرەو ڕووی تەبعیز و هەڵاواردنی ئیداری بوونەتەوە. لاوی کورد دەپرسێت بۆ بەهرە و توانای لاوانی کورد نابینرێت؟ بۆ شارەکانی کوردستان ستادیۆمی وەرزشی و فوتباڵیان تێدا نییە؟ بۆ لە ناوچە کوردستانییەکاندا، ئەکادیمیای وەرزشی و ناوەندی ڕاهێنان بۆ پەرەپێدانی بەهرە و تواناکانی لاوانی کورد نابینرێ؟ بۆ سەرمایەگوزاری لە ناوچە کوردستانییەکاندا نییە؟ بۆ زۆربەی لاوانی خاوەن بەهرەی کورد لە دەستی هەژاری و مەینەتبەشی و پەراوێزخرانی دەوڵەتیدا، وەک گوڵ پەڕپەڕ دەبن؟ لێرەدا داخوازییەکانمان بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەبنە داخوازی سیاسی و نەتەوەیی بەدژی ستەم و تەبعیز و ئاپارتاید.

خاڵی هەشتەم بریتییە لە بنیاتنانی یادەوەریی وەرزشی کوردستانی. هەر نەتەوەیەک بۆخۆی قارەمان، ڕیوایەت و خاترە و ئەفسانە و ئەفسانەی خۆی دروست دەکات. کوردەکانیش دەبێت مێژوو و کولتوور و فەرهەنگی وەرزشی تایبەت بەخۆیان دروست کەن. یاریزانە بەناوبانگەکان، تیمە خۆجێییەکان، کێبڕکێ گرنگەکان، فوتباڵیستە درەوشاوەکان، ئەو کچانەی ڕەچەشکێن بوون، ئەو لاو و مێرمنداڵانەی لە کوچە و کۆڵان و زەوییە خاکیەکانی گوندەکاندا، خەونی گەورەیان دیوە، هەموو دەبێت بچنە نیو یادەوەریی میللیمانەوە. بەبێ یادەوەریی بەکۆمەڵ نەتەوە لێک بڵاو دەبێت. یادەوەریی وەرزشی دەتوانێت ببێتە بەشێک لە یادەوەریی نەتەوەیی و میللی.

فوتباڵۆ بۆ ئێمەی کورد دەتوانێ ببێتە قوتابخانەیەک بۆ فێربوونی خۆڕێکخستن، دیسپلین و ئینزیبات، هاوکاری و متمانە بەیەکتر. ئاخر هیچ تیمێکی فوتباڵ بەبێ هاوکاری ناتوانێ بمێنێتەوە. هیچ فوتباڵیستێک بەتەنیا نابێتە قارەمان. پاسدان بەیەکتری، بەرگری، هێرشی بەکۆمەڵ، متمانە بە هاوتیمەکەت، وەرگرتنی ڕۆڵی تایبەتی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش؛ ئەوانە هەموویان ئەو نرخ و ئەسڵ و پرنسیپانەن کە نەتەوەیەکی ژێردەست بۆ ڕزگاریی خۆی پێویستی پێیان هەیە. لەو ڕوانگەیەوە فوتباڵ هەر بەتەنیا هەستی نەتەوایەتی هەڵناخرێنێ، بەڵکوو دەتوانێت کولتووری کاری بەکۆمەڵیش پەرە پێبدات.

بەڵام دەبێت واقیعبین بین. فوتباڵ بەتەنیا ناتوانێ میللەتێک ئازاد بکات. هیچ کێبڕکێیەکی وەرزشی جێگای سیاسەت، خۆڕێکخستن، پەروەردە، خەبات و بەربەرەکانی مەدەنی، دیپلۆماسی و هێنانەگۆڕی داخوازییە نەتەوەییەکان ناگرێتەوە. مەترسی ئەوەیە کە فوتباڵ سڕمان بکات؛ واتە لاوی کورد بە تەماشای فوتباڵ هەیەجان بیگرێ، بەڵام شەممی سیاسی و پرسیاری سیاسی بۆ نەیەتە پێش. بۆیە تەماشای فوتباڵ و بەکاربرانی دەبێت ئاگاهانە بێت. فوتباڵ دەبێت پرسیارمان لا دروست کات: بۆ کورد لەو مەیدانەدا نییە؟ چۆن دەتوانین حزووری خۆمان لەو مەیدانەدا بسەپێنین؟

لە کۆمەڵگەی دەوڵەتتەوەری ئەمڕۆدا، ئەو میللەتانەی دەوڵەتیان نییە، ناچارن بۆ ئەوەی ببینرێن، داهێنان لە خۆیان نیشان دەن. ئەگەر کوردستان لە مەیدانی جامی جیهانیدا حزووری نییە، دەتوانێ لە مەیدانەکانی فەرهەنگ، هونەر، میدیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئینتەرنێت، یانەکان، کێبڕکێ وەرزشییەکان، دیاسپۆرا، وەرزشی ژنان و یادەوەریی وەرزشیدا، وجودی خۆی بسەپێنێ. حزوور هەمیشە هەر بەتەنیا لە ڕێگای بەڕەسمی ناسینی دەوڵەتییەوە دەستەبەر نابێت؛ زۆر جار لە زەین و بیری نەوەیەک و چەند نەوەیەدا شکڵ دەگرێ و دوایی دەبێتە داوایەکی سیاسی و مێژوویی.

لاوی کورد دەبێت بزانێ کە تەماشای فوتباڵ ئەو ڕۆژانە دوو مانا دەخوڵقێنێ: یا ئەوەتا بە شێوەیەکی پاسیڤ غەیبەتی خۆمان لە جامی جیهانیدا قبووڵ بکەین، یا ئەو غەیبەتە بکەینە هۆشیاریی نەتەوەیی و سیاسی. ئەگەر جامی جیهانی شانۆی خۆڕانانی نەتەوەکانە، غەیبەتی کوردستان لەو مەیدانەدا بۆخۆی پەیامێکی سیاسییە. ئەو غەیبەتە دەبێ ببینرێت، ببیسترێت و هەڵسەنگێنرێت. دەبێت بە هەموو زمانەکانی دونیا هاوار بکەین کە میللەتێکی گەورەی دەیان ملیۆنی، بە مێژوو و فەرهەنگ و زمان و ئیرادەی سیاسی خۆیەوە، هێشتاش لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بێبەش کراوە.

فوتباڵ بۆ میللەتی کورد ئاوێنەیەکە کە لەوێدا دەتوانێ هەم برینەکانی خۆی ببینێ و هەم ئەو دەرفەت و شانسانەش کە لە پێشیدان. برینەکان وەک بێدەوڵەتی و بێبەشی لە مافی دیاریکردنی چارەنووس. ئیمکان و دەرفەتیش بریتییە لەوە کە بتوانین حزووری خۆمان لە دونیای فەرهەنگ و کولتووری فوتباڵدا لە ڕێگای داهێنانی جۆراوجۆرەوە دەستەبەر بکەین. ئەگەر لە ئیمکاناتی بەردەست چاک کەڵک وەرگرین، فوتباڵ دەتوانێت مەیدانێک بێت بۆ سازکردنەوە و بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمی سەرکوتکراوی کورد. ناسیۆنالیزمێک کە دیفاعی و ئەخلاقییە و بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیەک خەبات دەکات و عادڵانە و ئازادیخوازە.

دەگوترێ لە دونیای هاوچەرخدا فوتباڵ جێگای کڵێسای گرتووەتەوە؟ ئایا وایە؟ ڕەنگە بۆ نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان ئەوە ڕاست بێت. بەڵام بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، ستادیۆم و مەیدانی فوتباڵ هەر ئاینێکی مۆدێرن نییە؛ مەیدانی نیشاندانی غەدر و بێعەدالەتییەکی مێژووییە. کاتێک یاری و کێبڕکێکان دەست پێدەکەن، سروودە میللییەکان دەگوترێن و ئاڵاکان دەچنە سەرشانان، کوردەکان نەک هەر کێبڕکێ تەماشا دەکەن، بەڵکوو شوێنی خاڵی خۆشیان لەو مەیدانەدا هەست پێدەکەن. جا ئەگەر ئەو جێگا خاڵییە بگۆڕێ بۆ ئاگایی، بۆ خۆڕێکخستن و داخوازی سیاسی، دەتوانێ لە بێدەنگییەوە ببێتە هاوار، لە غەیبەتەوە ببێتە حزوور، لە تەماشاچیییەوە ببێتە هەوڵ و خەباتێکی بەردەوام بۆ وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس.