کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە لێکتێگەیشتنەوە تا ڕێککەوتن، ئەو ڕێگا درێژەی لەپێشە!

11:51 - 4 پووشپەڕ 2726

ناسر باباخانی

لە جیهانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزیدا، مەودای نێوان «لێک‌تێگەیشتن» و «ڕێککەوتن» زۆرجار گەلێک درێژ و پڕ پێچ و گەوە. دوای کۆتا خولی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بریتی بوو لە هێرشی موشەکی، بەربەست‌دروستکردن بۆ هاتوچۆ لە گەرووی هورمز و لێدان لە ژێرخانەکاندا بوو، ئێستا نیشانەکانی ئاگربەست و دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەژێر سایەی لێک‌تێگەیشتندا دەبینرێت. بەڵام ئایا ئەم لێک‌تێگەیشتنە لەرزۆکانە ڕێککەوتنێکی بەردەوامیان لێ دەکەوێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە سەرنجدان بە واقع و ڕاستییە مەیدانییەکان زۆر لێڵ و ناڕوون دیارە.

دۆناڵد ترەمپ چەندین جار پێشانی داوە کە سیاسەتی دەرەوەی نەک لەسەر بنەمای ستراتیژییەکی تۆکمە، بەڵکوو زیاتر لەسەر بنەمای غەریزە، ئەوپەڕی زەخت، و پەیامی کتوپڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆ ناوە. ئەو لە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی وزەی ئێران و گەڕاندنەوەیان بۆ سەردەمی بەردین، تا ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی پێشوەختە و پاشان درێژکردنەوەی ئاگربەست دواوە؛ تەنانەت سەبارەت بە بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێک، ٤٠ جار ئەم بابەتەی ڕاگەیاندووە و هەموو جارێکیش بێ ئاکام بووە.

ئەم پێشبینی‌نەکراوییە هەم دەسکەوتە و هەم مەترسی: لە لایەکەوە لایەنی بەرامبەر لە دڵەڕاوکێ و دەستەوەستانی لە بڕیارداندا دەهێڵێتەوە، لە لایەکی تریشەوە توانای لێکدانەوەی ورد لە هەموو ئەکتەرەکان زەوت دەکات. ترەمپ کە لە خولی یەکەمدا «ئەوپەڕی زەخت»ی تاقی کردەوە، ئێستاش بە تێکەڵکردنی دیپلۆماسی و هەڕەشە، و بیرۆکەی "هێز وەک ئامرازی ئاشتی"، بەدوای ڕێککەوتنێکی "باشتر لە بەرجام"دا دەگەڕێت، بەڵام گومان لە سووربوونی ئەو لەسەر ئەم ڕێبازە دەکرێت. لەوەش گرنگتر، ئایا بەڕاستی ترەمپ ئاوا بە دڵاواییەوە لەگەڵ ئێراندا دەجوولێتەوە تا ئەوان بە خەیاڵی خۆیان جاڕی ئەوە بدەن کە براوەی ئەم شەڕەن؟!

بەڵام ئێران، سەرەڕای ئەو زیانە وێرانکەرانەی پێی گەیشتووە، لەسەر مۆدێلە هەمیشەییەکەی خۆی سوورە: پەرەدان بە پیشەسازیی موشەکی بالیستیک، چالاککردنی گرووپە پرۆکسییەکان، بارمتەگیری لە گەشتە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز و پێشخستنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی.

ناسەقامگیرکردنی ئەمنییەتی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز کە نزیکەی ٢٠ لەسەدی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، نرخی وزەی بەشێوەیەکی خێرا بەرز کردەوە و ئاسایشی جیهانی خستە مەترسییەوە. توێژینەوە ئەتۆمییەکانیش ڕانەگیراون و پیتاندنیش پێدەچێت لە ئاستە بەرزەکاندا هەر بەردەوام بێت. ئەم هەنگاوانە پێمان دەڵێن تاران هێشتا باوەڕی بە "ستراتیژیی مقاومەت" هەیە و ئامادە نییە بەئاسانی دەست لە کارتەکانی گوشاری خۆی هەڵگرێت؛ تا ئەو ڕادەیەی کە بوێریی ئێران گەیشتووەتە جێگەیەک باس لە نەزم و سیستمێکی نوێی دوای شەڕ لە ناوچەکەدا دەکات، کە لەسەر بنەمای کارتی گوشاری ژێئۆستراتیژی و ژێئۆکۆنۆمیی گەرووی هورمز ڕۆ نرابێت.

لایەکی دیکەی ئەم سێگۆشەیە ئیسرائیلە. ئیسرائیل، بەپێچەوانەی گوشارەکانی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، پێداگیر بوو لەسەر ئەوەی هەڕەشەی حیزبوڵڵا تا ئەو ڕادەیەی دەکرێت کەم بکاتەوە. تەنانەت دوای ئاگربەستە کاتییەکانیش، هێرشە ئاسمانییەکان و عەمەلیاتە سنووردارەکان لە باشووری لوبنان هەر بەردەوام بوون. تەلئەڤیڤ پێی وایە هەر ڕێککەوتنێک بەبێ چەککردنی ڕاستەقینەی حیزبوڵڵا و کشانەوەی بۆ باکووری لیتانی، ئەمنییەت و سەقامگیریی باکووری ئیسرائیل دەستەبەر ناکات. ئەم هەڵوێستە شێلگیرانەیە، دانوستانەکان لە داهاتوودا زۆر ئاڵۆزتر دەکات، چونکە ئێران حیزبوڵڵا بە «هێڵی سوور»ی خۆی دەزانێت. ڕەنگە ڕێک بەم هۆکارە بێت کە "ئەکسیۆس"، ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران بە ڕاستییەکی تاڵ بۆ نەتانیاهوو ناو بردووە. بەڵام لەوانەیە ئەنجامەکانی ئەم شەڕە دەرکەوتنی دکتۆرینە نوێیەکان بن کە هەتا ئێستا لەژێر سایەی ئەگەری ڕێککەوتنەکاندا لە پەراوێزدا ماونەتەوە. ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونانە، دکتۆرینی سیاسی-سەربازیی نوێیان ئاشکرا کرد:

یەکەم، سیاسەتی تێکدانی نەزم و ئاسایشی وزە: ئێران بە داخستنی ڕێژەیی گەرووی هورمز نیشانی دا ئامادەیە تێچووە جیهانییەکان بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی گوشار دروست بکات.

دووەم، شەڕی ناهاوسەنگی مۆدێرن: بەکارهێنانی بەربڵاوی درۆنی هەرزانبایی ئێرانی لە بەرامبەر مووشەکە گرانباییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، هاوکێشەکانی تێچوو-قازانجی گۆڕی. ئەم «سەربازییە بە درۆن»ە مۆدێلێکی نوێی بۆ ئەکتەرە لاوازەکان خوڵقاندووە.

لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، ئەم شەڕە نموونەیەکە لە «توانای ناتەوای ڕێگریی بەرامبەر». تیۆرییەکانی ڕیالیزم جەخت لەوە دەکەنەوە هێزە ناوچەیییەکان لە نەبوونی هەژمونییەکی یەکدەستدا بەرەو هاوسەنگیی هەڕەشە هەنگاو دەنێن. ئێران بە پشتبەستن بە "میحوەری مقاومت" هەوڵی دروستکردنی «قووڵایی ستراتیژی»ی دەدا، بەڵام لێدان لە ژێرخانەکان و ئابوورییەکەی نیشانی دا ئەم قووڵایییە ستراتیژییە سست و لەرزۆکە. دکتۆرینی «ئەوپەڕی زەختی ٢»ی ترەمپ، ئاوێتەیەکە لە هێزی ڕەقی واقیع‌بینانە (سزا و گەمارۆیی توند، هەڕەشەی سەربازی و گوشاری لانی‌زۆر) و دیپلۆماسیی سەوداکەرانە (ڕێبازی بازرگانانە و دان و ستاندنی ڕاستەوخۆ) کە ئامانجی سەرەکی لێی، گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی زۆر بەهێزتر و باشتر لە برجام. سەبارەت بەوەی ئایا ئەم ئامانجە بەدی دێت یان نا، دەبێ چاوەڕوانی داهاتوو بین؛ بەڵام، گرنگترین پەیامی ئەم شەڕە بۆ داهاتووی ئێران، دۆخی نێوخۆیی ڕێژیمە. بە وێرانبوونی ژێرخانەکان، داڕمانی توندی ئابووری (هەڵاوسان، دابەزینی بەهای تمەن، کەمیی وزە)، و قوڵبوونەوەی قەیرانی شەرعییەت دوای کوژرانی ڕوخسارە سیاسی و سەرکوتکەرەکان، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەرکاتێک لاواز و لەرزۆک بووە. مێژووی ئێران پێمان دەڵێ تێکەڵبوونی هەژاری، هەڵاوسان و لەدەستدانی شەرعییەت، بوار بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری خۆش دەکات. ناڕەزایەتییەکانی پێشوو (١٣٩٦ و ١٤٠١) نیشانەگەلێک بوون؛ دوای ئەم شەڕە، بەو توڕەییە کەڵەکەبوو و پەنگخوارووییەی لە تێچووە بێ‌ئەنجامەکانی «مقاومەت» دروست بووە، ئەگەری شەپۆلێکی نوێ لە ناڕەزایەتیی بەربڵاو زۆر بەهێزە. خەڵکی ئێران ماندوون لە سەرکێشییە ناوچەیییەکانی کۆماری ئیسلامی و داوای ژیانێکی ئاسایی و خۆشبژیو دەکەن.

ئەو دوو دەقەی لەسەر وردەکارییەکانی لێک‌تێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە، بەشێوەیەک جیاواز و دژ بەیەکن کە دەبێ بگوترێ ڕێگای لێک‌تێگەیشتن هەتا ڕێککەوتن بەڕاستی درێژ و هەڵەمووتە. ئەگەر دەگوترێ "شەیتان لە وردەکارییەکان‌دایە"، وادیارە ئاڵۆزیی ئەم دانوستانانە پڕە لە شەیتان. بەم هۆیەشەوە بەبێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ڕەفتاری ئێراندا (دابەزاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم، کەمکردنەوەی مەودای موشەکەکان، کۆنترۆڵکردنی پرۆکسییەکان) و دەستەبەرکردنی گەرەنتی ئەمنییەتی بۆ ئیسرائیل، هەر ڕێککەوتنێک کاتی دەبێت.

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرلەنوێ خەریکی پێناسەکردنەوەی هاوسەنگیی هێزە و ئێران لە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییدا وەستاوە: یان کشانەوەی ستراتیژی یانیش ڕووبەڕووبوونەوەی داڕمانی نێوخۆیی. داهاتوو نە بە ترەمپ و نە بە نەتانیاهوو، بەڵکوو بە ئیرادەی نەتەوەکانی ئێرانەوە بەندە.