
د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده
یه‌که‌م جار که ویستم ئه‌و دێرانه بنووسم، یه‌که‌م به‌هاری پاش کاره‌ساته‌که بوو. له قوتابخانه‌ی شۆڕش، ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریی ڕۆژانه‌یان پێ ڕه‌ش ده‌کردینه‌وه هه‌تا فێر بین جوان بنووسین. هێندێكم ده‌نووسی، ڕه‌شم ده‌کرده‌وه. ده‌ستم ده‌دایه‌وه، وازم لێ دێنا. ڕازی نه‌بووم؛ پێم لاواز بوو. زۆر دواتر دیسان هه‌وڵم دا، که‌ڵکی نه‌بوو. به تێپه‌ڕینی ساڵه‌کان کاره‌که ئه‌سته‌متریش بوو... .
وه نه‌بێ ئێستا چاکتر بنووسم. ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یە نووسین هه‌توانی ده‌ردی بێده‌سه‌ڵاتییه. ئازاری وه‌بیرهاتنه‌وه که‌مێک سووک ده‌کا. ژووری یاده‌وه‌رییه خۆش و ناخۆشه‌کان، کۆگای بیر و هه‌سته پێچه‌وانه‌کان، هه‌ڵده‌وه‌ژێرێ. مرۆڤ که ده‌نووسێ ده‌خۆی ده‌نووسێ مانایه‌ک بۆ شته‌کان، ڕوانگه‌یه‌ک بۆ ژیان و مه‌رگ، تروسکایی وڵامێک له‌نێو ته‌متومانی پرسیاره‌کاندا په‌یدا بکا و تووڕه‌ییه‌کانی پێ هێور بکاته‌وه. هه‌ر نه‌بێ له‌گه‌ڵ خۆی لێکی ده‌رده‌کا!
نازانم له کوێ‌ڕا ده‌ست پێ بکه‌م. منداڵی شۆڕش بووم. له‌نێو شه‌ڕدا گه‌وره بووم. له شه‌ڕدا بژی یا له ئاشتی، منداڵ هه‌میشه دوو هه‌ستی به‌هێزی له‌گه‌ڵن: سه‌رسامی به ژیان؛ دڵه‌ڕاوکێی له‌ده‌ستدان. پاش ئینقلاب که له به‌غداڕا گه‌ڕاوینه‌وه ڕۆژهه‌ڵات، ته‌مه‌نم هه‌ر دوو ساڵ بووه. به‌ڵام له ساڵی یه‌که‌مه‌وه به‌ولاوه، له مه‌هاباد و شیوه‌سه‌ڵ و کاژێ و نه‌ڵۆسه و گاگه‌ش و شیوه‌جۆ‌وه بگره که به‌پێی پێشڕه‌ویی جیهادییه‌کان هه‌ر جاره‌ی ماڵمان له جێیه‌ک داده‌نا، هه‌تا ئالان و ئاڵیه‌مه‌ران و دووئاوی دۆڵه‌توو که بۆ لای بابمیان ده‌بردم، هه‌موویم له‌بیره: چوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه، هه‌ڵات هه‌ڵات، شار و دێ، باڵه‌خانه و خێوه‌ت، ئاپۆرای خه‌ڵک، ته‌قوتۆق، ده‌هۆڵ و زووڕنا، پێکه‌نین، شیوه‌ن، ده‌ربازبوونی به ڕۆژ به‌نێو شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووی جاش و پێشمه‌رگه‌دا یان به شه‌و به نهێنی، بۆمباران... ده‌یان بیره‌وه‌ریی پڕمانام له‌و سه‌رده‌مه هه‌یه، له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، له‌گه‌ڵ شۆڕشگێره‌کان، له‌گه‌ڵ ئه‌و کتێبه ده‌رسییه کوردییانه‌ی نیگار و نووسراوه‌كانی له خه‌یاڵدانی منداڵییمدا لۆئلۆئی سێحراوی بوون و ناچار بووم له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی پاسداره‌کان بۆ نێو دێ به ده‌ستی خۆم له په‌یندا بیاننێژم!
منداڵ له‌و ته‌مه‌نه‌دا له خه‌یاڵیدا کایه له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانه‌کان ده‌كا. ئه‌من پاڵه‌وانه‌کانم به چاوی خۆم ده‌دی. جار هه‌بوو پاڵه‌وانه‌کان ده‌كه‌وتن و هه‌ڵنه‌ده‌ستانه‌وه. له ڕۆژهه‌ڵات به‌شی ئه‌وه ته‌رمی شه‌هیدم دیتبوو که تێ‌بگه‌م له‌ده‌ستدان ته‌نیا ترسێکی وه‌همی نیه، ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه. له‌گه‌ڵ پاشه‌کشه‌ی شۆڕش و گیرانه‌وه‌ی کوردستان سه‌رنجم دا که پاڵه‌وانه که‌وتووه‌كان ده‌کرێ که‌سی نزیک و ناسیاو بن. یه‌که‌م شه‌هیده‌کان که په‌رۆشم بوون ڕه‌حمان سۆفیزاده و سه‌رگورد که‌ریم عه‌لیار بوون، هه‌روه‌ها عومه‌ر شیوه‌سه‌ڵی، خالید پاشبه‌ردی... زۆر جار ته‌نیا به دیتنی ڕوخساری بابم ده‌مزانی فه‌رمانده‌یه‌کی حیزب شه‌هید بووه!
کاتێك سه‌رله‌نوێ که‌وتینه‌وه ئه‌م دیوی سنوور، بۆ من و هاواڵانی منداڵییم گه‌وره‌دێ یه‌ک له دوو وێستگه‌ی هه‌ره پڕخاتره‌ی سه‌فه‌ری ده‌ربه‌ده‌ریمان بوو. به‌ڵام ده‌ڤه‌ری ماوه‌ت وشک و ڕژد بوو. له‌بیرمه به‌یانییه‌کی هاوین که له چادردا ده‌ژیاین، کاتێك له خه‌و هه‌ستام دیتم بابم خه‌ریکی فڕێدانی ئه‌و ماره‌یه که هه‌موو شه‌وه‌که "ده‌ستله‌ملانی" من خه‌وتبوو! دووپشکه‌کانیش هه‌ر وه‌خت وه‌ڕه‌ز ده‌بوون به نه‌سرینی خوشكمیانه‌وه ده‌دا و ئه‌منیش ئازاری بێ‌ده‌سه‌ڵاتیم له‌به‌رامبه‌ر ئازاری که‌سێكی خۆشه‌ویستدا ده‌چه‌شت! هه‌ربۆیه کاتێک تۆپبارانی خه‌ستی هاوینی ١٣٦٦ هه‌ڵیداشتینه قه‌ندیل، زۆریشم پێ ناخۆش نه‌بوو. قه‌ندیل به‌هه‌شتی سه‌ر ڕووی زه‌وی بوو. سروشتی دڵگیری ئه‌و مه‌ڵبه‌نده له یازده ساڵیدا ئه‌منی بۆ هه‌میشه سه‌رمه‌ستی وه‌رزی پاییز کرد که وه‌رزی له‌دایکبوونی خۆشم بوو.. غافڵ له‌وه که سێحری جوانی، چزووی مردن و ژولیانی ژه‌هراویتره. به‌تایبه‌تی مه‌رگ و ژاکانی ئه‌وه‌نده ئاسان و ئه‌وه‌نده زووی ئه‌وانه‌ی فکرت بۆ ناچن، له‌به‌ر نزیکی‌یان، له‌به‌ر گه‌وره‌یی‌یان!
"هێنده گه‌وره‌ی
به توونێلی فراوانی ئه‌م گه‌ردوونه‌شه‌وه ناچی
تۆ زۆر مه‌زنی
تۆ خۆشه‌ویستی ئه‌م خه‌ڵکه‌ی"*
له یه‌كێک له ڕۆژه زیوینه‌کانی ئه‌و پاییزه که بۆنی گۆیژ و دووکه‌ڵی ئاوری داران تێکه‌ڵی یه‌کتر ببوون، دوو هاوڕێی گیانی به گیانی له ماڵی ئێمه له ئێندزێی بناری قه‌ندیل وێک که‌وتنه‌وه. پیاوه بێهاوتاکه‌ی کورد، دوکتور قاسملوو، و ئازادترین مه‌لی دنیا که شایی دنیای به خۆی بوو و دنیا شایی پێ بوو، حه‌سه‌ن شیوه‌سه‌ڵی. بێگومان ئه‌و ڕۆژه ترسی له‌ده‌ستدانم هێنده به‌هێز نه‌بوو که بیر له‌وه بکه‌مه‌وه که ئه‌و دوو هاوڕێیه ئیدی به ساغی یه‌كتر نابیننه‌وه و له ماوه‌ی ته‌نیا ساڵ و شتێکدا یه‌كیان به باڵ شکاوی و سۆما چڕژاوی له سنووری مه‌رگ ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌وی دیکه‌ش شه‌هید ده‌بێ! هه‌ردووکیشیان به‌هۆی پیلانی خیانه‌ت له متمانه و نیه‌تپاکی. ئێستاش له زه‌ینی مندا دوو شت هه‌ن که هه‌میشه یه‌کیان ئه‌وی دیکه‌م وه‌بیر دێنێته‌وه: هه‌ڵپچڕینی کتێبه بۆمبڕێژکراوه‌که له‌لایه‌ن خاڵمه‌وه له ١٦ سه‌رماوه‌زی ١٣٦٦؛ ستارت لێدانی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ی ڕۆژی ٢٢ی پووشپه‌ڕی ساڵی دواتر دوکتور قاسملوو ده‌با بۆ ژماره (٥)ی شه‌قامی "لینکه بانگسه"ی ڤیه‌ن! سه‌یره. له ئه‌فسانه یوونانییه‌کاندا خاڵی لاوازی پاڵه‌وانه‌کان هه‌میشه جێیه‌كی جه‌سته‌یان بوو، هی "ئاشیل" پاژنه‌ی پێی، هی "سامسۆن" پرچی. که‌چی خاڵی لاوازی پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌فسانه‌ی کورد دڵپاکییان بوو، ئینساندۆستییان، کتێب‌دۆستییان!
"هه‌موو ڕۆژێ قامکه‌کانت
وه‌ك ده چۆله‌که‌ی سه‌ربڕاو
به‌ره‌و ئاسۆ هه‌ڵده‌فڕێنی
ئه‌وه‌تانێ به‌و ده‌ستانه‌ت
ئه‌م هه‌ورانه ڕاده‌ماڵی و
ده‌ته‌وێ خۆرمان بۆ بێنی"*
سه‌ره‌تای کاره‌ساته‌که بۆ ئێمه "ڕه‌شه‌شه‌و"ێکی پاییز بوو که له‌به‌ر فانۆس دانیشتبووین. کاتی ماڵ خه‌وتنان له‌پڕ له ده‌رگایان دا. دوکتور قاسملوو دوو له پێشمه‌رگه پارێزه‌ره‌کانی خۆی (کاک که‌ریم عه‌لیپوور و وا بزانم کاک حوسێن حاجی) له بۆڵێی بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی‌ڕا ناردبوو بۆ لای بابم. بۆم پرسیار بوو که ئه‌وانه ده‌بێ هه‌ڵگری چ هه‌واڵ و په‌یامێکی ئه‌وه‌نده گرینگ و به‌په‌له بن که به‌و شه‌ودره‌نگانه و ته‌نانه‌ت وا بزانم به‌پێیان له‌و ڕێگه دووره‌وه هاتبوون. له‌پشت ده‌رگا‌ی ئه‌و ژووره‌ی لێی کۆ بوونه‌وه، ده‌نگی نزم و ئاخ هه‌ڵکێشان ده‌هات. کاتێكیش دایکمیان بانگ کرده ژوور، ماڵمان شێوا. خاڵم پێشتریش چه‌ند جار ته‌نانه‌ت به توندی بریندار ببوو. به‌ڵام که زانیمان کتێبی له ده‌ستدا ته‌قیوه‌ته‌وه، جارێ باوه‌ڕمان نه‌ده‌کرد که زیندوو بێ و پێمان وابوو ده‌یانه‌وێ هه‌واڵه‌که‌مان ورده ورده پێ بڵێن. پاشان ئه‌گه‌ر ماباش، ده‌مانزانی برینداریی ئه‌وجاره‌ی له چه‌شنی جاره‌کانی پێشوو نیه. ئێمه بنه‌ماڵه‌ی برینداره‌که بووین، به‌ڵام هه‌موو حیزب کاتی بیستنی هه‌واڵه‌که هه‌مان هه‌ستی ببوو. خاتوو خه‌جیج مه‌عزووری ده‌یگێڕایه‌وه که کاتێک دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی هه‌واڵه‌که‌ی به بێ‌سیم پێ گه‌یشتبوو، هاواری کردبوو: "خه‌جیج بگه‌یه، ماڵمان وێران بوو!"
نازانم ئه‌و شه‌وه چۆن خه‌ومان لێ که‌وت. له‌دوای ئه‌وه، ڕۆژان و شه‌وانی درێژی چاوه‌ڕوانی و بێ‌ئۆقره‌یی ده‌ستی پێ کرد. هه‌تا ئه‌و ئێواره‌یه‌ی کاک ئه‌حمه‌د حه‌داد له سه‌فه‌ری به‌غدا گه‌ڕایه‌وه و به ته‌واوی له قووڵایی کاره‌ساته‌که ئاگادار بووین: هه‌ردووک ده‌ستی په‌ڕیون، چاوێکی به ته‌واوی له ده‌ست داوه و چاوه‌كه‌ی دیکه‌شی، جارێ دیار نیه! ئه‌وجار ماڵ بوو به شوێنی شین‌گێڕی و خه‌یاڵ دیوه‌خانی خه‌م و حه‌سره‌تی بێ کۆتایی. بۆخۆم که تازه له قوتابخانه گه‌ڕابوومه‌وه، توانای چوونه‌وه ماڵم نه‌بوو و له‌و ڕۆژه‌دا که ئیدی هه‌وای زیوین جێی خۆی دابوو به هه‌وری ڕه‌ش، به‌به‌ر بارانی به‌خوڕدا هه‌ڵکشامه بناری چیاکه‌ی پشت گوند. ده‌مویست بگه‌مه جێیه‌کی دوور و بڵیند هه‌تا که‌س گوێی له هاوارم نه‌بێ! ساڵه‌ها دواتر که چیڕۆکی "منداڵانی هه‌وری"ی محه‌ممه‌د شه‌ریفیی نیعمه‌ت ئابادم له کتێبی "باغی هه‌ناران" وه‌رگێڕا، له‌به‌ر ئه‌وه بوو که خۆمم تێدا دیته‌وه: ئه‌و منداڵه‌ی له‌به‌ر بارانه‌که به کوڵ ده‌گریا و ده قوڕ گه‌وزیبوو، ئه‌من بووم!
زستانمان به هه‌وڵی بێهووده بۆ باوه‌شێنی ئه‌و زامه ساڕێژهەڵنەگرە و هیوا و نزای ئه‌وه تێپه‌ڕ کرد که دوکتوره‌كان له پاریس موعجیزه بکه‌ن و "برینداری کورد" چاوی به‌و چیایانه بکه‌وێته‌وه که ئه‌و هه‌مووه شه‌ڕی داگیرکه‌ری لێ کردبوو. ئه‌و وه‌رزه هێندێك هه‌واڵی ناخۆشی دیکه‌ش هاتنه سه‌ر خه‌رمانی خه‌م و نیگه‌رانییه‌کان، به‌تایبه‌تی بۆ من شه‌هید بوونی حه‌سه‌ن پوورخزری، گیان‌له‌ده‌ستدانی ڕه‌حیم به‌غدادی، و بۆ هه‌مووان، ئه‌و قه‌ڵشته‌ی له کۆنگره‌ی هه‌شتدا له دیواری ته‌لاری ماڵه گه‌وره‌که (حیزب) که‌وتبوو... به‌ڵام برینه هه‌ره نزیکه‌که له هه‌مووان به‌ژانتر بوو. ڕۆژێکیان له قوتابخانه مامۆستایه‌کمان چه‌ند لاپه‌ڕه له ڕۆمانی "شاهینی ئاناوارزا"ی یه‌شار که‌ماڵی بۆ خوێندینه‌وه. زۆری لێ تێنه‌ده‌گه‌یشتم. ئه‌وه‌نده نه‌بێ که دایکی ئینجه‌مه‌مه‌د یا ده‌زگیرانه‌كه‌ی به‌سه‌ر ئازایه‌تیی ناوبراو و توانا جه‌سته‌ییه‌کانی هه‌ڵده‌گوت که دژمن نه‌یده‌توانی زه‌فه‌ر به هیچ کوێی ببا چونکه گۆیا هه‌موو گیانی جلی ئاسنینی بۆ کرابوو، ته‌نیا جێیه‌كی نه‌بێ که نه‌یانده‌توانی دایپۆشن و نەیاندەزانی چۆنی بپارێزن: چاوه‌کانی!
"چاوه‌کانت چاوی شۆڕشی ئه‌م گه‌له‌ن
چاوی حیزبن
له تۆفان و گه‌رده‌لوولدا
بۆمان ده‌بنه قیبله‌نما
له هه‌وراز و هه‌ڵدێراندا
ده‌ستمان ده‌گرن
له پێشه‌وه‌ی ئه‌م کاروانه سه‌روه‌رییه‌دا
کاروانکوژه ده‌ناسنه‌وه"*
مانگی جۆزه‌ردان بوو. لای نیوه‌ڕۆیه لاندکرۆزێرێک ئه‌منی له بۆڵێ ڕا هێنایه‌وه ئێندزێ. له‌بیرم نیه بۆچی چووبووم. که گه‌یشتمه‌وه ماڵ، بابم و دوکتور قاسملوو له حه‌وشه‌که چاوه‌ڕوان بوون. له‌گه‌ڵیان چوومه‌وه ژوور. تاوێک له هۆڵه بچووکه‌که‌مان به‌ده‌م قسه‌كردنه‌وه هاتن و چوون. باسی کتێب و کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه کرا. جار جار ئه‌منیشیان ڕێ ده‌دایه نێو قسه‌كانیان. دادم بانگی کردنه‌وه. دوکتور قاسملوو گوتی: "گه‌لاوێژ، ئه‌وجاریش به هه‌ڵه نه‌مانبه‌یه ده‌ر!" ئه‌و جار هه‌ڵه نه‌بوو. لاندکرۆزێری هه‌ڵگری "برینداری کورد" و کاکم که له‌گه‌ڵی چوبووه فه‌ڕانسه گه‌یشته‌وه. ئێمه و هێندێک میوانی دیکه که تازه گه‌یشتبوون و ژماره‌یه‌کی زۆر ده‌ر و دراوسێ و پێشمه‌رگه به‌دووی یه‌کدا لێی ده‌چووینە پێش بۆ ئه‌وه‌ی وێڕای خۆناساندن به‌خێرهاتنی بکه‌ین. سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه بوو که ڕووما و هه‌یبه‌تی هه‌روا جوان و له جارانیش به‌سامتر بوو. کاتێک نۆره‌ی من هات، نه‌گه‌یشتمه به‌ژنی به‌رزی و نه‌متوانی ماچی بکه‌م. گریام.
مه‌ودای نێوان شوێنی ئاپۆراکه و ماڵی ئێمه سه‌ت میتر نه‌ده‌بوو. دوکتور قاسملوو که ئه‌منی له‌و حاڵه‌دا دی ده‌ستی گرتم و به دووی خاڵم‌دا که هه‌ردوو قۆڵیان گرتبوو به‌ره‌و ماڵێ وه‌ڕێ که‌وتین. ده‌تگوت فیلمه. تۆز و فرمێسک له هه‌وادا سەمایان دەكرد. له‌و مه‌ودا کورته‌دا که بۆ گه‌یشتنه‌وه ماڵ پێوامان، هه‌ستم ده‌كرد ئه‌و هه‌نگاوانه هه‌نگاون به‌سه‌ر ڕێڕه‌وی مێژووی کورددا. هاوکات تێگه‌یشتم که ته‌نیا شتێک که وا ده‌کا له هه‌لومه‌رجی ئاوادا بنیاده‌م ته‌حه‌مولی له‌ده‌ستدانه‌کان و ته‌نانه‌ت خودی ژیان بکا، هاوچاره‌نووسی و کایه‌ی به‌کۆمه‌ڵه. له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌م و تاسانی ئه‌و ڕۆژه، له‌و کاته‌دا هه‌ستم به شانازییش ده‌کرد. هه‌روه‌ک که چه‌ند مانگ پێشتر شانازییم کردبوو که خاڵم یه‌که‌م که‌سی زیندووی مێژووی نوێی حیزبی دێموکڕات بوو که ناوی له ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ کۆنگره‌دا هاتبوو و یه‌که‌م که‌سی زیندووی حیزبیش بوو که وێنه‌ی له ڕۆژنامه‌ی "کوردستان"دا چاپ ببوو. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه بوو که ئه‌و هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وته نه‌بوو. حیسابی سه‌رکرده‌یه‌کی شه‌هیدی بۆ کرابوو، شه‌هیدی زیندوو!
پێم وا نیه له مێژووی کورددا هیچ زیندوویه‌ک نه ئه‌وده‌م نه دواتر ئه‌وه‌نده خه‌ڵک بۆی گریابێ. ئێستاش گریانی ڕه‌زا شیرازییم له‌بیره.. که گه‌یشتینه‌وه ژوور، دوکتور قاسملوو یه‌کسه‌ر دۆخه‌كه‌ی به قسه‌ی خۆش ئاسایی کرده‌وه. به‌ڵام له ژووره‌که‌ی ئه‌ولا هێشتا ده‌نگی گریانی ژنه‌کان ده‌هات. ڕێبەری کورد هه‌ستا بۆخۆی چوو کۆبوونه‌وه‌ی پێ کردن و داوای لێ کردن ئه‌و شیوه‌نه ڕابگرن. سفره ڕاخرا، نان هات. لێره‌ش دوکتور قاسملوو له په‌نای خۆی دانیشاندم و له‌سه‌ر گاڵته و جه‌فه‌نگ له‌گه‌ڵ خاڵم به‌رده‌وام بوو. "ئه‌رێ نه‌تگوت، له‌و سه‌فه‌ره ڕانی بۆقت خوارد؟"
ئه‌و هاوینه له هه‌موو کوردستانه‌وه خه‌ڵک و که‌سایه‌تییه‌کان ده‌هاتنه سه‌ردانی "برینداری کورد". هه‌ر جار که به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ ده‌گێڕانه‌وه بۆ من وه‌ك جاری یه‌که‌م تازه و به ئازار بوو. له‌گه‌ڵ هه‌موو نائاسایی بوونی دۆخی نوێی، ده‌بوو ژیانی ڕێك بخرێته‌وه و هه‌ر که‌س به جۆرێک هه‌وڵی ده‌دا له ئازاره‌کانی که‌م بکاته‌وه. ڕۆڵی من ئه‌وه بوو کتێبی بۆ بخوێنمه‌وه. له‌بیرمه به بیره‌وه‌رییه‌کانی چارلی چاپلین که له نێوقه‌دیدا نزایه‌کی ئایینیی زۆر نۆستالژیک هەبوو، ده‌ستمان پێ کرد. ته‌نانه‌ت ده‌بوو به زمانگه‌لێک شتی بۆ بخوێنمه‌وه که جارێ بۆخۆم فێریان نه‌ببووم!
هێندێك جاریش ئه‌و شێعره عه‌رووزییانه‌م بۆ ده‌نووسیه‌وه که له‌پاش بریندار بوونیه‌وه له مێشکی خۆیدا له‌باره‌ی چاره‌نووسی کورد و له په‌سنی ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه دایده‌نان. له‌بیرمه له دێرێکی ئه‌و شێعرانه‌دا ئیشاره‌ی به سه‌رهه‌نگێکی ئه‌رته‌شی کۆماری ئیسلامی کردبوو که به دیلی که‌وتبووه ده‌ستی و له ترسان و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یکوژێ، کڕنۆشی پاڕانه‌وه‌ی بۆ بردبوو. به‌ڵام ئه‌و له شێعره‌كه‌یدا نه‌یده‌گوت کڕنۆشی بۆ من هێناوه، ڕوو به دایکی نیشتمان ده‌یگوت کڕنۆشی بۆ تۆ هێناوه! نه‌یکوشتبوو... زۆربه‌ی کات شێعره‌کانی له ڕێگا ڕۆیشتنی ئێوارانی سه‌ر جاده‌ی سه‌ره‌کیی نێوان ئێندزێ و لێوژێ ده‌هۆنیه‌وه و ئه‌منیش به ده‌م ڕێگاوه ده‌منووسینه‌وه. له یه‌کێک له‌و ئێوارانه‌دا چه‌نده‌م خه‌فه‌ت خوارد کاتێک سه‌ری هه‌ڵبڕی و گوتی هه‌ست به ڕووناکایی تیشکی خۆر ده‌كه‌م. هێشتا هیوای دیتنه‌وه‌ی دنیای ڕوونی له‌ده‌ست نه‌دابوو. ئه‌و ڕۆژانه هه‌روه‌ها که سه‌رنجم ده‌دایه به‌هره و خوێنده‌واری و زانیاریی به‌ربڵاو و فره‌چه‌شنی، هێنده‌ی دیکه خه‌مم ده‌خوارد.
ساڵ تێوه‌رسووڕا. دوکتور قاسملوو شه‌هید بوو و "برینداری کورد" له گۆڕستانی شه‌هیدان به قوڵپی گریانه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر کرد و گوتی ئه‌و شته‌ی ساڵانی ساڵ بوو لێی ده‌ترسام، به‌داخه‌وه وه‌دی هات. ڕه‌حیم قاڕنجیی هۆگریشی که ئه‌ویش گه‌وهه‌رێكی سه‌ر ئه‌و شاخانه بوو، شه‌هید بوو و په‌خشانی بۆ نووسی. پێشمه‌رگه‌ی ده‌سته‌بژێر له هێزه‌کانی ده‌وروبه‌ری بنکه‌کانی ده‌فته‌ری سیاسی که ئه‌من هاوده‌می زۆربه‌یان بووم، پۆل پۆل شه‌هید بوون.. له‌مه‌ولا ڕێگای خه‌بات ڕووه‌و هه‌ورازتر بوو و ده‌بوو خۆمان بۆ پیلان و تاوانی دیکه‌ش حازر بکه‌ین. "برینداری کورد"یش ده‌بوو "ریکوه‌یه‌م" (مه‌رسیه)ی ئه‌و پاڵه‌وانانه بخوێنێ که یه‌ک له‌دوای یه‌ك ده‌که‌وتن و هه‌ڵنده‌ستانه‌وه...
"چاوم لێیه قامکه‌کانت
که‌وتوونه سه‌ر په‌له‌پیتکه‌ی
چه‌کی هه‌موو پێشمه‌رگه‌کان
ئه‌وه‌تانێ په‌نجه‌کانت
بوونه قه‌ڵه‌م بۆ منداڵانی کوردستان"*
فه‌ڕانسه‌وی که ده‌یانه‌وێ ئیشاره به ژیانی که‌سێک بکه‌ن که به گه‌نجی، گوڵی ته‌مه‌نی په‌ڕپه‌ر بووه، له‌بری ژماره‌ی ساڵه‌کانی عومری، ده‌ڵێن ئه‌وه‌نده به‌هاره. له‌و کاته‌وه که ئه‌و کاره‌ساته ڕووی داوه و بۆ یه‌که‌مجار ویستم له‌باره‌یه‌وه بنووسم. تا ئێستا سی و نۆ به‌هار تێپه‌ڕیوه. سی و نۆ به‌هار له ڕه‌شه‌شه‌ودا. به‌ڵام پێش ئه‌و سی و نۆ به‌هاره که له‌ودا که‌مئه‌ندامی، ته‌نیا دیوی دیتراو و به‌شێکی که‌م له ئازاره‌کانی "برینداری کورد" بووه، سی و نۆ به‌هاری دیکه‌ش هه‌یه که په‌ڕانپه‌ڕ به‌سه‌رهاتی مه‌ینه‌ت و زیندان و شکه‌نجه و هه‌ڵوه‌داوی و به‌ره‌نگارییه، و چاوه‌ڕوان بووم بنووسرێته‌وه.
"چاوم لێته
هه‌موو شه‌وێ
نیوه شه‌وێ
له‌سه‌ر چیاکان
ئاگرێکی سوور هه‌ڵده‌که‌ی
هه‌ر ده په‌نجه‌ت
له خوێنی شه‌هیده‌کان هه‌ڵده‌کێشی
داستانی شۆڕشی گه‌ل تۆمار ده‌كه‌ی"*
کاتێك سه‌ره‌نجام به‌رگی یه‌که‌می "ڕه‌شه‌شه‌و و سه‌ربازانی ون"م که‌وته ده‌ست، سه‌رنجم دا که نووسه‌ر له‌جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ک زۆر بیره‌وه‌رینووسی دیکه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خۆی بکا به سه‌نته‌ری بابه‌ته‌كان و ته‌نیا به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی بنووسێته‌وه، به‌رهه‌مه‌که‌ی خۆی پێش هه‌موو شتێک بۆ باسی ڕابردووی گه‌له‌که‌ی و تۆمارکردنی پڕ ورده‌کاریی ڕووداوه‌کانی قۆناغێکی هه‌ستیار و چاره‌نووسسازی مێژووی ئه‌و گه‌له ته‌رخان کردووه، واته چیڕۆکی کوشتاری خه‌ڵکی بێدیفاعی کورد له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ده‌ست جیهادییه‌کان له‌دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران. هه‌مان ئه‌و شته‌ی گه‌لانی دیکه‌ی قوربانیی کۆمه‌ڵکوژی ده‌یکه‌نه ده‌سمایه‌ی ڕه‌وایه‌تیدانی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌یشتن به سه‌روه‌ریی سیاسی.
ته‌نیا له کۆتایی کتێبه‌كه‌دا نووسه‌ر ڕاسته‌وخۆ باسی خۆی ده‌كا. کاتێك کتێبه‌كه‌م لێک کرده‌وه، به ده‌ست خۆم نه‌بوو، یه‌کسه‌ر بازم دایه ئه‌و شوێنه‌ی به‌سه‌رهاتی کاره‌ساته‌که ده‌گێڕێته‌وه. ڕه‌نگه ئه‌من ڕۆمانم زۆر نه‌خوێندبنه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی خوێندوومنه‌وه، ئه‌و وه‌سف و گێڕانه‌وه هه‌ناسه‌بڕ و سینگ‌ڕێكگوشه‌ی له‌و لاپه‌ڕانه‌دا هاتووه له هیچ ڕۆمانێکمدا نه‌دیوه، نه له "بێنه‌وایان"ی ڤیکتۆر هۆگۆدا که وه‌ختی خۆی "برینداری کورد" به خه‌ته خۆشه‌که‌ی له‌سه‌ری نووسیبوو یه‌که‌مجار له زیندانی قه‌سری قه‌جه‌ر خوێندوویه‌ته‌وه، نه له "ژێرمیناڵ"ی زۆلادا، نه له "مه‌رگی ئیڤان ئیلیچ"ی تۆلستۆیدا، نه له "مێتامۆرفۆز"ی کافکادا و نه له "نابینایی"ی ساراماگۆدا. ته‌نیا ڕۆمانێک که له‌لایه‌نی گێڕانه‌وه‌ی ئازاری مرۆڤێکه‌وه ڕه‌نگه شان له شانی ئه‌و لاپه‌ڕانه بدا "جۆنی چه‌ك هه‌ڵده‌گرێ"ی دالتۆن ترومبۆیه که به‌سه‌رهاتی سه‌ربازێکی ئه‌مریکایی له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا ده‌گێڕێته‌وه که به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێک ته‌واوی ئه‌ندامی جووڵه‌ی له‌ش و هه‌موو ئه‌و توانایانه‌ی مرۆڤ به دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌به‌ستێته‌وه و له ده‌وروبه‌ر بێ‌نیازیان ده‌كا -به نیعمه‌تی دیتن و قسه‌کردنیشه‌وه- له ده‌ست ده‌دا و ده‌مێنێته‌وه خۆی و خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه و ئێش و ژانه نه‌بڕاوه‌کانی...
هه‌رچه‌ند کتێبه‌كه‌ی "برینداری کورد" به‌هۆی دۆخی تایبه‌تیی نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه له‌ڕووی پوخت کردنه‌وه و ستروکتوره‌وه بێ‌که‌موکوڕی نیه، به‌ڵام به‌ده‌ر له قه‌ڵه‌مه پاراو و ڕه‌وانه‌که‌ی که وه‌ك ئاوی کانی له‌به‌ری ده‌ڕوا و جیا له نێوه‌رۆکه مێژووییه ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌نرخه‌که‌شی، هه‌ر ڕسته‌یه‌کی ته‌عبیرێکی جوانی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی و نیشانه‌ی باوه‌ڕی قووڵی نووسه‌ر به خه‌بات بۆ ئازادی و به‌دژی زۆرداری، په‌رۆشیی زۆری بۆ خه‌ڵکی چه‌وساوه، خۆشه‌ویستیی خاک، خولیای ژیان و ته‌نانه‌ت ئه‌وینی وشه و ئیستعاره‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ڕووداوه‌کانی نێو ئه‌و کتێبه واقیعیین، به‌ڵام شێوازی گێڕانه‌وه‌یان خوێنه‌ر ده‌خاته بیری ستایلی نووسینی "به‌شوێن سه‌رده‌می له‌ده‌ستچوو"ی پرووست و "دژه بیره‌وه‌ری"ی مالرۆ. جاری واشه ڕووداوه‌کان ئه‌وه‌نده به‌ئازارن و وه‌ها وه‌ستایانه وه‌ك خه‌و و خه‌ونوچکه داڕێژراونه‌وه که به‌رگێكی سورڕێئالیستی به‌خۆوه ده‌گرن. له هه‌مووشیدا گرێژه‌نه و گیانمایه‌ی درامایه‌کی ئینسانی هه‌ست پێ ده‌كه‌ی، به ڕه‌نگ و ڕووی ئه‌و بوومه‌لێڵه خوێناوییه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی شۆڕشی ڕۆژهه‌ڵات، کاک سه‌لاحه‌دین وه‌هابپوور (سامڕه‌ند) له تابڵۆی کاتی گه‌یشتنه‌وه‌ی "برینداری کورد"دا نه‌خشاندوویه‌تی.
له‌پشت ئه‌و بوومه‌لێڵه‌وه ڕووناکایی په‌یامێکیش بۆ نه‌وه‌کانی دواتر هه‌یه، په‌یامی هه‌ستانه‌وه و درێژه‌دانی ئه‌و ڕێگایه.. په‌یامی له‌بیرمان و گواستنه‌وه‌ی هەقایەتی خه‌باتی میلله‌تێك بۆ ڕزگاری؛ ئه‌فسانه‌ی ئه‌وپه‌ڕی ئیراده و خۆڕاگریی مرۆڤێک، سه‌ردارێکی کورد... .
--
*وه‌رگیراو له شێعری "که چاو ده‌بێته قیبله‌نما"ی تێکۆشەر و ڕووناکبیر کاک برایم لاجانی که پاش کاره‌ساته‌که نووسیبووی و له ڕادیۆی حیزب خوێندراوه‌ته‌وه.