کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی APPG لە پەرلەمانی بریتانیا بۆ هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

14:22 - 2 پووشپەڕ 2726

ڕۆژی دووشەممە، ١ی پووشپەڕی ١٤٠٥، گرووپی پەرلەمانی هەموو پارتەکان بۆ کوردستانی ئێران (APPG) بە هاوکاریی بەڕێز رزگار ئالانی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ نوێنەرانی حیزبەکانی هاوپەیمانی کوردستانی ئێران لە پەرلەمانی بریتانیا ڕێکخست.


کۆبوونەوەکە بە سەرپەرستی هەردوو پارلەمانتار، جۆن سلینگەر و ماری گلیندۆن، ئەندامانی گرووپی دۆستایەتی پارلەمانتاران بۆ کوردستانی ئێران، بەڕێوە چوو.

 لە سەرەتادا، داوا لە نوێنەرانی حیزبەکان کرا ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان، دۆخی گشتیی ئێران و کوردستان و کاریگەریی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەکی تر پێشکەش بکەن.


نوێنەرانی حیزبە هاوپەیمانەکان لە وتارەکانیاندا جەختیان لەسەر گرنگیی هاوپەیمانیی نێوان حیزبەکانی کوردستان کردەوە و ئاماژەیان بەوە دا کە ئەم هاوپەیمانییە یەکەم هەنگاوی جیددی بۆ دروستکردنی دەنگ و هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە ئاستی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتییە. هەروەها جەختیان لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی هێزە دێموکراسیخوازەکان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.


لە بەشی وتارەکاندا، بەڕێز رزگار ئالانی (نوێنەری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - PDKI)، گوڵزار ئەڵماسی (نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان)، هادی ڕەسووڵزادە (نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران)، ڕزگار ڕەوشەنی (نوێنەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - PJAK) و سەید وەفا ڕوستەمزادە (نوێنەری پارتی ئازادی کوردستان - PAK) قسەیان کرد و ڕوانگە و هەڵوێستەکانی حیزبەکانیان لەسەر دۆخی ئێران، کوردستان و گرنگیی هاوپەیمانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران خستنەڕوو.


ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمان و نوێنەرانی هەموو حیزبە سیاسییەکانیش بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا کرد.


لە کۆتاییدا، ئەم کۆبوونەوەیە بۆ بەهێزکردنی دەنگی هاوبەش، پێشخستنی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، و نیشاندانی یەکگرتوویی لە بەرامبەر ڕووداوە سەرەکییەکانی ئێران بە هەنگاوێکی گرنگ هەژمار کرا. بەشداربووانیش پشتیوانییان لە بەردەوامیی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە و پێشبردنی هاواهەنگیی سیاسی دەربڕی.