کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ سڕینەوەی تابلۆ کوردییەکانی بازاڕی بۆکان

09:12 - 31 جۆزەردان 2726

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سیاسەتە شۆڤێنیستی و دژە کوردەکانیدا، پلانێکی نوێی بۆ سڕینەوەی سیمای نەتەوەیی لە شاری بۆکان گرتووەتە بەر.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی تەشکیلاتی بۆکان، لە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاویدا، کۆبوونەوەیەکی نهێنی بە سەرپەرشتیی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیدارەی ئەماکن لەگەڵ بەکرێگیراوانی شارەداری و ئەندامانی شۆرای شاری بۆکان بەڕێوە چووە. لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاری بە زۆر لادانی سەرجەم ئەو ناوە کوردییانە دراوە کە سیمایەکی سیاسی یان نەتەوەییان هەیە.

ڕێژیمی ئێران لە ترسی کاردنەوەی خەڵک، بڕیاری داوە تەنیا ناوگەلێکی وەک ''پێشەوا، ڕاسان، نیشتمان، کوردستان و قەندیل'' لەسەر تابلۆی دووکان و بازاڕەکانی شارەکە قەدەغە بکات. ئەم گەڵاڵە داگیرکەرانەیە لە ڕێگەی ئیدارەی ئەسنافی بۆکانەوە چاوەدێری دەکرێت و خراوەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ئەم بڕیارە داگیرکەرانەیە تەنیا یەک ڕاستی دەسەلمێنێت؛ ئەویش ترسی قووڵی ڕێژیمی ئێران لە زمانی دایک و مێژووی زیندووی خەڵکی کوردە کە هەمیشە بە یەکگرتوویی بەرپەرچی ئەم جۆرە پیلانە داگیرکەرانەی داوەتەوە .