
عەلی لەیلاخ
هێشتاش بە بیستنی ناوی «ڕادیۆ کوردستان» یان بە بینینی هەر کام لە بێژەرە لە ژیاندا ماوەکانی ئەو ڕادیۆیە، خەیاڵ دەمباتەوە بۆ ئێوارە نارنجییەکانی پاییز؛ بۆ کاتێک کە کزەی سەرمای ئەو دیوی پەنجەرە و گیزەی کتری و چاییی سەر سۆبەی ژوورەکەم لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ناوچەی لەیلاخ، هاودەمم بوون. ئەو دەمەی کە "سەربازموعللیم" بووم و تەنیا هاودەمی ئێواران و شەوگارە درێژەکانی پاییزم، ڕادیۆیەک و چەند کتێبێک بوون.
گوێگرتن لە ڕادیۆ لەو سەردەمەدا تەنیا ڕێگەچارەیەک بوو بۆ دەربازبوون لە دەنگوڕەنگی چەواشەکار و داسەپاوی کۆماری ئیسلامی و بۆ ئەوەی ڕیوایەتێک لە دەرەوەی ئەو ڕیوایەتانەی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی کورد ببیستین. بەهۆی نەبوونی کەرەستەکانی ئەمڕۆیی (ماهوارە و ئینتەرنێت)، تەنیا ڕادیۆ ئەو دەرفەتەی دەڕەخساند کە جگە لە دەنگی زاڵی دەسەڵات، گوێ لە دەنگێکی دیکەش بگریت. هەر بۆیە خۆدی گوێگرتن لە ڕادیۆی دژبەرانی ڕێژیم، ئەگەر ماناکەی بە تەواوی «نا گوتن» بەو دەسەڵاتەش نەبووایە، بێگومان هەوڵێک بوو بۆ هەڵبژاردن و قوتاربوونی ئاگاهانە لە پروپاگەندەی دەسەڵاتداران. بۆیە سەرەڕای «پارازیت»ی بەهێز، کە بەشێکی بۆ لە شەڕی فرەچەشن و بەربڵاوی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی کپکردنی دەنگەکانی دیکە، کاتێک ڕادیۆت لە ئامێز دەگرت و بە سووڕانی وڵۆمەکەی لە نێوان دەیان و سەدان دەنگی جیاجیادا، یەکڕا هاوکات لەگەڵ شمشاڵەکەی «قالەمەڕە»ی نەمردا، نمەنمە دڵت دەگەشایەوە کە خۆیەتی؛ لەپڕ نرکەیەکی چیایی دەیگوت: "ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە". ئادرەسەکە دیار بوو و "سەرنج بدەنە"کانیشی سەرەنجڕاکێش بوو.
ئینجا بە دوو قامک ئانتێنی سەر ڕادیۆمان توند دەگرت؛ وەک دەخیلبەستن و جۆرێک پاڕانەوە بوو کە ڕاوەستێ و بە تامەزرۆییەوە دەمانگوت:«قوربانیی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆشمروور!» هەڵگری تۆزی ڕێگەیەکی دوور بوو کە پێمان دەگوت: شاخ! «لە دوورەوە هاتووم، بناسە دەنگم/ تۆزی غەریبی نیشتووە لە ڕەنگم». بەڵام سێحرێک لەو دەنگەدا بوو کە غەریب نەبوو، بەڵکوو هێندە ئاشنا بوو کە خشەخش و کڕەکڕی پارازیت وەڕەزی نەدەکردیت و هەتا دەهات زیاتر گوێت شل دەکرد و دەبوویت بە گوێڕایەڵی دەنگی "پەیک"ێکی ئاشنا بە هەموو شاری "شارەزوور"ی شۆڕش و سەرهەڵدان.
ئەساسەن ڕادیۆ کوردییەکان، لە بەغدا و بەیروتەوە هەتا تاران و سنە و کرماشان، لە نواندنی کوردی و ڕەوشەنگەریی کوردیدا دەوریان هەبووە، بەڵام زیاتر هەوڵیان بۆ فۆلکلۆرکردنی کۆمەڵگەی کوردی بووە و بە لای بنەما سەرەکییەکانی "ماف" و ویستە "سیاسییەکان"دا نەچوون. هەرچەند زۆربەی شۆڕشەکانی کورد لە سەدەی بیستەمدا بڵاوکراوەی تایبەت بە خۆیان هەبووە، بەڵام حیزبی دێموکرات هەر لە بناغەوە لایەنی فەرهەنگی و میدیاییەکی بەرچاوی هەبووە بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی. لەم نێوانەدا ڕادیۆ جێگە و پێگەی تایبەت بە خۆی هەیە.
کۆماری کوردستان، کە یەکەمین ئەزموونی دەوڵەتداریی مۆدێرنی تێدا تاقی کرایەوە، هەوڵی دا بۆ باسی خەونی خولقێنەرانی سوێندخواردووی کوردستان، واتە کۆمەڵەی "ژێکاف"، هەتا دوورەدیمەنی یەکەم سەرۆککۆماری کوردستان و هەڤاڵانی، ڕادیۆ دابمەزرێنێت و لەوێدا بەرز و بەربڵاوتر "سروودی ئەی ڕەقیب" بە خوار و ژووری نیشتمان بگەیەنێت، کە بەداخەوە "تەمەن لە کورتی دەدا و بەو دیدار ڕانەگەیشت" و تەنیا ئەو دەنگە ماوەیەک لە بڵێندگۆکانی نێوشاری مەهاباددا بیسترا.
نەبوونی ڕادیۆیەکی کوردیی دەروەست بوو وای کرد یاخیبوونی شەریفزادەکانی ساڵانی ٤٦ - ٤٧، کە بۆ یەکەمجار سامی ژاندارم و هەیمەنەی پادشایەتیی ئێرانیان شکاند، بەقەد دڵۆپەخوێنی ئەو پۆلە شەهیدە "بێناز و ناوازە"یە لە "جەنگەڵ"ی بێمافی و بێدادیدا، دەنگدانەوەی نەبێت.
پاش ڕووخانی پاشایەتی کە بە هۆی هەلومەرجی نوێوە گیانێکی تازە وەبەر حیزبی دێموکرات کەوتبوو، هەر زوو لە مەهاباد ئاگادار کرانەوە کە ڕادیۆیەکی کوردانە و شۆڕشگێڕانە بڵاو کراوەتەوە. ئەو ڕادیۆیە بەرانبەر بە دەزگای حکوومەتی ئینقلابی و پاوانخواز، کە بە فەرمانی خومەینی و بەکارهێنانی ئایەتی "أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ" خوێنی کوردی حەڵاڵ کردبوو، هەوڵی ڕاگەیاندنی ڕاستییەکان و هەقبێژیی خۆی بە شێوەی "بێسیمی و کەرەستەی کەمەوە" دەست پێ کرد و دیوارەکانی مزگەوتی "عەباس ئاغا" چاکیان لەبیر ماوە کە خەڵک بە هەستەوە سەیری ئیعلامەیەی کاتی وەشانی بەرنامەکانی ڕادیۆیان دەکرد.
لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بە وردبینیی قاسملۆی ڕێبەر و بە هیممەتی دوکتور سادقی شەڕەفکەندی و ماندووبوونی کۆمەڵێک پێشمەرگەی خۆنەویست و کادری دەروەستی ئەو حیزبە، بەفەرمیی ڕادیۆی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بنبەردی سەنگەرەکان و خێوەت و چادرەکان دەنگی ڕاستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بڵاوکرەوە و لەو ساڵەوە تا کۆتاییەکانی ٩٠ی هەتاوی سەرەوەی بیست شوێنیان گۆڕیی بۆ ئەوەی ئەم دەنگە هەقبێژە بەردەوام بێ و، دانەخرێ. ئەگەر بمانهەوێ بە چاوی ئینسافەوە ئاوڕێک لە مێژووی ڕادیۆ کوردستان بدەینەوە ناتوانین ئاماژە بەم خاڵە گرینگانە نەدەین کە پێویستە ئەمڕۆکەش لە مێدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەچاو بکرێن.
- ڕوونی و درووستیی هەواڵ و ڕووداوەکان
حیزبی دێموکرات و ڕاگەیاندنەکەی لە سەروبەندی دەیەی ٦٠ کە قوناخێکی هەستیار بوو، سەرەڕای ئەوە پێویستی بووە بە بانگەشەی بەربڵاو وەکوو هەر حیزب و ڕێکخراوێکی دیکە، بەڵام ڕادیۆکەی و بەڕێوەبەرانی هەوڵیی سەرەکییان ئەوە بووە نێوانی خۆیان و خەڵکەکەیان بە شانتاژ و درۆ هەڵنەچنن و بە وردبینییەوە هەواڵەکان یا وردەکاریی ڕووداوەکانیان باس دەکرد. تەنانەت لە کاتی ڕاپۆرتی تایبەت بە عەمەلیات و تێکچوونی چەکدارانەی هێزی پێشمەرگە و سوپای هێرشبەرانی کۆماری ئیسلامی بەبێ شاردنەوەی خەسار و زیانەکان ئەوەی ڕووی دابوو ڕایدەگەیاند و دەگوترێ ببووە سەرچاوەی ڕاستییەکان بۆ کۆماری ئیسلامیش. چونکی دەیانزانی خۆیان هیچ "ڕاستییەک" بەبێ درۆ و کەتمان بڵاو ناکەنەوە. دەڵێن کاتی خۆیشی هیتلەر گوێگری هەمیشەیی ڕادیۆ "بی بی سی" بووە. چونکی دەیزانی دەزگای پروپاگاندای نازی درۆی زل دەکا. ئێستاشی لەگەڵ بێ مودیرییەتی هەواڵی تێرۆری سکرتێرە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو حیزبە لە ڕادیۆی کوردستان جێی ستایشە کە ڕاستگۆیانە هەم بوو بە سەرچاوەی ئەو هەواڵە تاڵە و هەم بەڕاشکاوانە قامکی تاوانباریی بۆ لای کۆماری ئیسلامی ڕاداشت.
- بوێری لە دەربڕین و ڕێزنواندن لە "کەلام"
خاڵێکی بنەڕەتی کە لە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتدا کراوە بە پەیڕەو، ئەوەیە کە دەتوانین بە جورئەتەوە بڵێین؛ ئەم خاڵە لە ناخی ئەو حیزبە هەڵقوڵاوە و بریتییە لە ئەدەبیاتی پاراو و خاوێنیی ئەو حیزبە لە ڕاگەیاندنەکانیدا. لە بنەماکانی مێدیادا دەڵێن: مێدیا هاوکات کە دەبێ لە بەرانبەر کەموکوڕییەکان و ڕاستییەکاندا بوێریی باسکردن و لەقاودانی هەبێ، بەڵام ئەم بوێرییە نابێ پاڵ بداتە ئەدەبیاتی سووک و نزمی سەرشەقام؛ بەڵکوو دەبێت لەگەڵ ئەوەی دەنگی "شەقام"یش بێ، هەوڵ بدات ئەدەبیاتی دەربڕینی لە بێڕێزی و ڕووشاندنی هەستی تاک و کۆمەڵگە بەدوور بێت.
ڕادیۆکەی حیزبی دێموکرات کە لە ڕۆژە سەختەکاندا ڕۆژانە هەواڵی شەهیدبوون و برینداربوونی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی ڕادەگەیاند و بە بوێرییەوە بەرانبەر بە ڕێژیمێکی بێکەرامەت و تاوانبار، ڕاستییەکانی دەدرکاند و هەڵەکانی ڕاست دەکردەوە، هیچکات ئەو ڕاشکاوییەی بە ئەدەبیاتی نەشیاو خەوشدار نەکرد. ئەمە جیا لەوەی بە گشتی میراتی "ڕەئیس جمهووری موحتەڕەم»ەکەی کۆماری کوردستان بوو، تێبینی و پێداگریی قاسملوو و شەرەفکەندیشی لەسەر بوو؛ کە بریتی بوو لە: «ڕێزگرتن لە کەلام و، بوێری لە دەربڕین.
- ڕەنگاڵەیی بەرنامەکان
بە سەرنجدان بە ئاڕشیڤی بەرنامەکانی ئەو ڕادیۆیە ئەویش بەو ئیمکاناتی سەرەتایی و دۆخی ناجێگیر، جێی سەرنجە کە بەڕێوەبەران و پلانداڕێژەرانی ئەو مێدیایە تەنیا وەکوو سەکۆیەک نەیانڕوانیوە بۆ بانگەشە و دروشمی حیزبی! بەڵکوو نواڕینی ئەوان هەمان سیاسەتی دەوڵەتداریی حیزبی دێموکرات بووە. واتە ئامێزکردنەوە بۆ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە. دەسپێکی بەرنامەکان بە چەند ئایەتێک لە قورئان، ڕێزگرتن لە زۆرینەی باوەڕمەندانی ئەو ئایینە بوو نەک تەفسیرکردنی بە مەبەستی سوڕەتی "ئەنفال" و دەست و لاق بڕین و تیرۆرپەروەریی ناوەندە ئایینییەکانی قوم و مەشهەد!
لە شرۆڤەی سیاسیی ڕۆژی شەممەوە هەتا هەینی کە "وڵامی نامەی گوێگرەکان" دەدرایەوە، کاتێک ناوی شار و گوندەکانی کوردستانت لە زاری ئەو ڕادیۆە دەبیست، هەستت دەکرد ئەوە "خوێندکاران"ی شەریفی "مەتەرێژی شەرەف" شەوقیان بە شەوەزەنگی چەوساوەیی بەخشیوە. لە دووشەممانەی دڵەڕاوکێی ڕێی دووری خەباتمان "دەنگی لاوان"ی شۆڕشگێڕ، کە "بەختیاری بۆ کۆمەڵ" ئاواتی هەرەبەرزیان بوو بڵاو دەبۆوە و "بە ڕەنگاڵەیی خەباتێکی بەردرێژ" کۆڵکەزێڕینە"ی جوانی کۆڵنەدانیان هەڵدەخست. پێنجشەممانە "کاروانی شەهیدان" دەگەیشت و وەبیری دەهێناینەوە کە باشترین پاداشتی گیانبازییان، درێژەدانی ڕێگایانە.
ڕادیۆی کوردستان ئەگەرچی بەرنامەکانی بە دوو زمانی کوردی و فارسی بوو، بەڵام جیا لە زارەکانی سۆرانی و کورمانجی، بۆ زاراوەکانی دیکەش ڕێگر نەبووە و بەدەر لەمەش ماوەیەک بە زمانی "ئازەری "پڕەنسیپە بەرزەکانی ئەو حیزبەی لە هەمبەر گەلانی دەراوسێی کوردستان بە چەشنی " ئارەزوومە هەر چی ئینسانە بە ئازادی بژی"یەکەی مامۆستا هیمن نواندووە. لە نێوەڕاستی دەیەی ٨٠ی هەتاوی ئەو دەنگە بەرز و بەڕێز و هەقبێژە، ڕەنگیشی پێزیاد کرا و لەژێر ڕووناکایی "تیشک"ە و، دواتر "کوردکاناڵ"، خەباتی بێوەچانی مێدیایی خۆی بە دژی دەزگای سەرکوت و سانسۆری کۆماری ئیسامی لە ژێرناوی "دەنگوڕەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" درێژە پێ دا و ، بڕیاری داوە ئەم ئەمانەتە بگەێنێتەوە دەستی خەڵک ڕاستەقینەکەی خۆی.
هاوچارەنووسیی ڕادیۆی حیزبی دێموکرات، تەلەڤیزیۆنەکەشی قەت نەیتوانی لە کەشێکی ئارام کە پێویستیی سەرەکیی مێدیا و مێدیاکارانە وەشانی خۆی هەبێ. بەڵام بە فرەڕەنگییەوە بەدوور لە دروشمی هەندێک ڕاگەیاندن بەڵکوو بە کردەوە لەگەڵ خەم وخۆشییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات مایەوە و، مایەی دڵخۆشییە کە "کوردکاناڵ" لەژێر درۆن و مووشەکباران ئێستاش بە هیوایەکی لە بننەهاتووە بۆ بنیاتنانی دوارۆژێکی گەشاوە و نەهێشتنی ستەم و چەوساوەیی "ماڕشی ئەی رەقیب" بڵاودەکاتەوە.
٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، ڕۆژی دامەزرانی فەرمیی ڕادیۆ کوردستان هەم لە سەنگەری خەبات و هەم لە مێدیای پیشەیی بە هەرماویی دەمێنێتەوە.