کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید قادر میرزایی)

10:31 - 28 جۆزەردان 2726

برایم چووکەڵی

"با بنووسم خەمی خاک، شێعری منە بێشکەیی ئەو

بۆ ئەوین ڕستەیەکی و بۆ خەفەتی شارێ ھەراو"

کاتێک وەڵامی سەرەتاییترین داخوازییەکانی هەر نەتەوەیەک بە ئاگر و ئاسن دەدرێتەوە؛ کاتێک سەرکوت و ڕەشەکوژی و زەبروزەنگ جێگەی ئازادی دەگرێتەوە، ئەو نەتەوەیە ناچار دەبێ بۆ بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی دەست بۆ چەک ببات و بۆ وەدەستهێنان و پاراستنی ئازادی چەک لەشان بکات. هەر بۆیەشە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٨٠ ساڵ لەمەوبەرەوە حیزبی خۆی دامەزراندووە و خەباتی خۆی بۆ مافەکانی ڕێک‌خستووە. حیزبی دێموکرات پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران هەوڵی دا بە وتووێژ و لە ڕێگەی ئاشتییەوە مافەکانی بەدی بێنیت، بەڵام کاتێک ڕێژیم شەڕی بە سەر کوردستاندا سەپاند، بەرگری لە مان و مەوجوودییەت و مافەکانی نەتەوەی کوردی هەڵبژارد. لەو خەباتە خوێناوییە دژی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٨ ساڵی ڕابردوودا هەزاران کەس لە باشترین ڕۆڵەکانی کورد شەهید بوون کە لە هەگبەی "شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەی "کوردستان"دا ڕێز لە یاد و بیرەوەریی یەک لەوان؛ شەهید قادر میرزایی ناسراو بە قادر شبێلی دەگرین.

قادر میرزایی ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە ئاوایی سینگانی سەر بە ناوچەی شنۆ، لە بنەماڵەیەکی نەدار و کەم داهاتی ئەوکات چاوی بە دونیا ڕوون کردەوە. ژیانی مەینەتباری و پڕکارەساتی قادر هەر لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە دەستی پێ کرد. هێشتا چەند مانگ لە ژیانی تێنەپەڕیبوو کە چوونە شاری مەهاباد و پاشان لە گوندی شیوەسماک گیرسانەوە. هێشتا ٣ ساڵ بوو دایکی مرد و ئەرکی پێگەیاندنی قادری تاقانە کەوتە سەر شانی باوکی زەحمەتکێشی.

ڕۆژ هات و مانگ تێپەڕی، قادر کاتی خوێندنی هات؛ هەرچەند گوندەکەیان قوتابخانەی نەبوو، بەڵام باوکی چونکی بۆ خۆی تاڵیی نەخوێندەواریی چێشتبوو، ڕێگای نەدا کوڕە تاقانەکەی لە تاریکستانی نەخوێندەواریدا بمێنێتەوە، بۆیە ڕەوانەی قوتابخانەیەکی کرد لە شاری شنۆ. قادری وریا پۆلەکانی سەرەتایی یەک بەدوای یەکدا بڕی و زۆر زیرەکانە خوێندی، بەڵام بەداخەوە لەوە زیاتر نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات و وێڕای باوکی زەحمەتکێشی شانی دایە بەر کاروکاسبی و دەست و پەنجەی لەگەڵ کوێرەوەرییەکانی ڕۆژگار نەرم دەکرد. کەم کەس هەبوو بە ڕادەی ئەو تامی چەوسانەوەی چێشتبێت و لەگەڵ خوێن و دەمارەکانی تێکەڵ بووبێت. هەر بۆیەش لە سەرەتای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا وێڕای خەڵکی قارەمانی شنۆ هاتە سەر شەقامەکان و ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا.

شەهید قادر ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لەبەر کرد و لە هێزی شەهید سمکۆدا ڕێک خرا. ئەو وەک لاوێکی تێگەیشتوو چالاکانە ئەرکەکانی سەر شانی ڕادەپەڕاند و هەمیشە هەوڵی دەدا پلەی زانیاریی خۆی بباتە سەرێ، هەر بۆیە زۆری نەخایاند ناو و خۆشەویستیی ئەو لاوە خەباتگێڕە بوو بە وێردی سەر زمانی هاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچەکە. شەهید قادر لە هەر شەڕێکدا بەشداریی دەکرد لە سەنگەری پێشەوەدا بوو؛ بۆیە بەهۆی زانایی و چاونەترسییەوە کرا بە جێگری پەل و پاشان بە سەرپەل و سەردەستە و جێگرلک و سەرئەنجام بە فەرماندەی لک دیاری کرا.

شەهید قادر پێشمەرگەیەکی هەڵسووڕو و فەرماندەیەکی لێوەشاوە بوو؛ گورج و گۆڵ، کارلێهاتوو، بەدەست و برد و زەبروەشێن بوو. نەڕەی شێرانەی زراوی دوژمنی تۆقاندبوو. شەڕەکانی پایەگای لکبن، تێکشکاندنی هێرشی دوژمن بۆ سەر گوندەکانی کانی‌مەلا و کانی‌بداغ، گرتنی پایەگای شاوەلە، کەمینی نێو گوندی مەحمەشە، چەککردنی چەکدارەکانی یۆنسلیان و کۆئێک، گرتنی پایەگای نارێ، جادەی شنۆ - نەغەدە، گرتنی پایەگای تاچیناوێ، نێو شاری شنۆ، پایەگای سینگان، حەوت پایەگای گەلی گادەران و شەڕی ٣ ڕۆژەی بەرزاییەکانی زەینەرۆک و سپێریز و شەترە کە لەژێر فەرماندەیی شەهید قادردا تاڵاویان بە زاری دوژمندا کرد، مۆرکی نەترسی و زانیاریی ئەو قارەمانە بەدەست و بردەشەیان پێوە دیارە و بۆ هەمیشە لە مێشکی دانیشتوانی ئەو مەڵبەندەدا نەخشی بەستووە.

شەوی ٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی، پێشمەرگەکانی هێزی کێلەشین بۆ زەبرلێدانی هێزەکانی دژی گەلی کۆماری ئیسلامی، گەڵاڵەیەکی عەمەلیاتیان بۆ سەر پایەگای گوندی "گەڵاز" داڕشت و لە نیوەشەودا بە چەکی ڕۆڵەکانی د‌ێموکرات لە هەموو لایەکەوە ئاگربارانی گوللەیان بەسەردا باراندن. شەهید قادر کە فەرماندەی ئەو عەمەلیاتە بوو، وەک یەکەم کەس تێل‌وڕووی پایەگای بڕی و خۆی هاویشتە نێو سەنگەری پایەگاکە و وێڕای هاوسەنگەرانی شەڕێکی دەستەویەخەیان دەکرد. بەداخەوە لە گەرمەی شەڕدا قادر میرزایی ناسراو بە قادر شبێلی، لەگەڵ دوو هاوسەنگەری بە ناوەکانی قاسم عەلیزادە ناسراو بە مەلاقاسم و سلێمان بارووەت شەهید بوون و بۆ هەمیشە ماڵاواییان لە گەلە بەئاوات‌نەگەیشتووەکەیان کرد و سەنگەری خەباتیان بە هاوسەنگەرانیان ئەسپارد.