ناوەندی کولتووریی کورد لە سویس، کۆڕێکی بۆ ناساندنی کتێبی "ژیانی نامۆ" و ڕێزلێنان لە نووسەرەکەی، مامۆستا عەزیز ئەحمەدی لە شارۆچکەی بورگدۆرف بەڕێوە برد.
ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکاریی خاتوو تریفە فاتحی، بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدان، بەتایبەت قوربانییانی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و برایان مەیسەم و موجتەبا وەیسی دەستی پێکرد.
پاشان مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات، لە وتارێکدا باسی لە ڕۆڵی ئەم بەرهەمە لە دەوڵەمەندکردنی مێژووی کوردیدا کرد. دواتر کاک قاسم قازی نووسەری پێشەکیی کتێبەکە و مامۆستا فەوزی ڕەمزی کەسایەتیی فەرهەنگی، گرنگی و تایبەتمەندییەکانی کتێبەکەیان خستە ڕوو.
لە بەشی ئەدەب و هونەردا، شاعیران کاک ئامانج عەزیز کەندی و کاک ئاکۆ ئەلیاسی چەند پارچە شیعرێکیان خوێندەوە. هەروەها هونەرمەند کاک فارووق حەسەنپوور شانۆیەکی مۆنۆلۆگی پێشکەش کرد. لە نێوئاخنی بەرنامەکەشدا، چەندین گرتەڤیدیۆی کەسایەتییە دیارەکان پیشان دران و مامۆستا عەزیز ئەحمەدی سپاسی ئامادەبووانی کرد.
لە کۆتاییدا، خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە مامۆستا عەزیز ئەحمەدی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە و کاک قاسمی قازی کرا و کتێبەکە بە واژۆی نووسەرەوە دابەش کرا. لە کۆڕەکەدا چەندین کەسایەتیی وەک دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە و دوکتور بابان ئەلیاسی ئامادە بوون.
