کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لەگەڵ پارتی سۆسیال دێموکراتی فینلاند کۆ بووەوە

10:01 - 26 جۆزەردان 2726

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی جۆزەردان، شەهێن زادئەحمەد، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بانگهێشتی فەرمیی ئیلۆنا سۆری، بەرپرسی کاروباری نێودەوڵەتیی پارتی سۆسیال دێموکراتی فینلاند، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە شاری هێلسینکی بەشدار بوو.

لەو دیدارەدا، نوێنەرانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، نووسراوەیەکی هاوبەشیان پێشکەش بە لایەنی فینلاندی کرد. لە نووسراوەکەدا پێداگری لەسەر مافی ئازادی و چارەنووسی گەلی کورد، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە دژەکوردەکانی کۆماری ئیسلامی کرایەوە.

هەروەها ئاماژە بە بارودۆخی هەستیار و نالەباری کوردانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان کرا و داوای هەنگاوی جیددی بۆ پاراستنی ئەمنییەت و ژیانیان کرا.

ئەو هەیئەتە جەختی کردەوە کە خەباتی گەلی کورد لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە بۆ بەدیهێنانی دێموکراسی و فێدراڵیزم لە ئێراندا بەردەوامە.

لایەنی فینلاندی پاڵپشتیی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد دەربڕی. لە کۆتاییدا، بە نیشانەی ڕێز و پێزانین بۆ هاوکارییەکانیان، چەپکەگوڵێک پێشکەش بە ئیلۆنا سۆری کرا.

 ئەم کۆبوونەوەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵات و ئورووپا هەژمار دەکرێت.