
شاهین مودەڕس
چاوەکانمان جیهان دەبینن و گوێیەکانمان دەنگی ئەو جیهانە دەبیستن. لە نێوان ئەم بینین و بیستنەدا، شتێک لە ناخی مرۆڤدا پێکدێت کە ناوی «وشیاری»یە؛ گفتوگۆیەکی بەردەوام لە نێوان ئێمە و جیهانی دەوروبەرمان. بەڵام پێش هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ جیهان، مرۆڤ مۆنۆلۆگێکی لە ناخی خۆید هەیە، ڕەوتێکی بیرکردنەوەی پوختنەکراو، ئەو دەنگەی لە بێدەنگیی مێشکدا لەگەڵ خۆی قسە دەکات. ئەم مۆنۆلۆگەش لە زمان پێکهاتووە؛هەر بۆیەشە پرسی زمانی دایک، تەنها بابەتێکی کولتووری یان هەستیاری نییە؛ بەڵکوو پرسێکە پێوەندیی بە بوون، فەلسەف و تەنانەت ژیاری مرۆڤەکانەوە هەیە.
زمان تەنیا ئامرازێک بۆ قسەکردن نییە. زمان، میکانیزمی تێگەیشتن لە جیهانە. مرۆڤ لە ڕێگەی زمانەوە نەک هەر پەیوەندی دروست دەکات، بەڵکوو جیهان واتادار دەکات، دەیخاتە نێو بیرەوەری و بۆ نەوەی دواتر دەیگوازێتەوە. ئۆمبێرتۆ ئێکۆ، نیشانەناس و فەیلەسووفی گەورەی ئیتالی پێی وابوو زمان تەنیا کۆمەڵە وشەیەک نییە. ئەو لەسەر ئەم باوەڕە بوو زمان «سیستەمێکی نیشانەیی»یە؛ پێکهاتەیەک کە مرۆڤ لە ڕێگەیەوە ڕاستییەکان شی دەکاتەوە و لێکیان دەداتەوە. واتە ئێمە بە زمان تەنیا قسە ناکەین؛ بەڵکوو بە زمان لە جیهانی خۆمان تێ دەگەین. بۆیەشە نکۆڵیکردن لە زمانی دایک، تەنها سڕینەوەی چەند وشە یان سنووردارکردنی شێوەزارێک نییە؛ بەڵکوو نکۆڵیکردنە لە جیهانێک. حاشاکردن و سڕینەوەی بیرەوەریی مێژوویی، ئەدەبیاتی زارەکی، لالایییەکانی دایک، ئەفسانەکان، گاڵتە و نوکتەکان، ترسەکان و ئەو شێوازە تایبەتانەیە کە مرۆڤ ئەزموونی ژیانیەتی.
فەیلەسووفی ئەڵمانی، مارتین هایدێگەر، وتەیەکی بەناوبانگی هەیە: «زمان ماڵی بوونە.» مرۆڤ لە زماندا دەژی و کاتێک زمانی دایکیی مرۆڤێک بخرێتە پەراوێزەوە، لە ڕاستیدا بەشێک لە «بوونی» ئەویش وەلا نراوە. لە لایەکی دیکەوە، پییەر بۆردیۆ، کۆمەڵناسە فەرەنسییەکە ڕوونی دەکاتەوە کە زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندی نییە؛ زمان جۆرێکە لە «هێز» و «سەرمایەی نیشانەیی». واتە ئەو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەن دیاری دەکەن کام زمان ڕەوایە، فەرمییە و بەنرخ دادەنرێت و کام زمان دەخرێتە پەراوێزەوە. بەڵام ئەنجامی ئەم پرۆسەیە چییە؟ هەستی خۆبەکەمترزانین، قەیرانی ناسنامە و لە زۆر حاڵەتدا، تووشبوون بە ئاسیمیلاسیۆنی بەردەوام و بەرەبەرە. ئاسیمیلاسیۆن هەمیشە بە توندوتیژیی ڕاستەوخۆ دەست پێ ناکات؛ هەندێک جار لەسەرەخۆ، قۆناغ قۆناغ و لە پۆلەکانی خوێندنەوە دەست پێ دەکات.
منداڵێک بێننە بەرچاوی خۆتان لە تەمەنی شەش یان حەوت ساڵیدا دەچێتە قوتابخانە. ئەو هەتا ئەو ڕۆژە، جیهانی بە زمانی دایکیی ناسیوە؛ بەو زمانە پێکەنیوە، ترساوە، خەونی بینیوە و لە مانای خۆشەویستی تێگەیشتووە. بەڵام لەناکاو دەچێتە نێو بوارێک کە دەبێت بە زمانێکی دیکە بیر بکاتەوە، فێر ببێت، هەڵە نەکات و بڕیاری لەسەر بدرێت.
ئایا تا ئێستا بیرمان لە شۆکی دەروونیی وەها ئەزموونێک کردۆتەوە؟ لەوەی کە زۆرێک لە منداڵان لە وەها بارودۆخێکدا شەرمن دەبن، متمانەبەخۆبوونیان لەدەست دەدەن و توانا و بەهرەکانیان هەرگیز شکۆمەند نابێت؟ کێشەکە کەمیی زیرەکی نییە؛ کێشەکە بۆشاییی زمانە. لێکۆڵینەوە زۆرەکانی یۆنسکۆ و توێژینەوەکانی بوارەکانی فێرکردنی چەندزمانە سەلماندوویانە کە ئەو منداڵانەی فێرکاریی سەرەتایی بە زمانی دایکی ئەزموون دەکەن، نەک تەنها ئەنجامی خوێندنییان باشترە، بەڵکوو لە فێربوونی زمانی دووەم و سێیەمیشدا سەرکەوتووترن. چونکە زمانی دایکی بەربەستێک بۆ فێربوون نییە؛ بەڵکو بناغەی فێربوونە.
کەواتە پرسیارێکی سادە دێتە ئاراوە: ڕاستییەکەی چی تێدایە ئەگەر هەر کەسێکی خەڵکی ئێران لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا بتوانێت جگە لە زمانی دایکیی خۆی، بەسەر فارسی و ئینگلیزییشدا زاڵ بێت؟ فارسی دەتوانێت زمانی پەیوەندی و پێکەوەگرێدانمان بۆ تێگەیشتن لە یەکتری بێت؛ ئینگلیزی زمانی پەیوەندیی جیهانی؛ و زمانی دایکییش کە بە ڕەگی بوون و کولتووریی هەر مرۆڤێک دادەنرێ. کەواتە بۆچی دەبێت ئەمانە لە دژایەتیی یەکتر دابنرێن؟ بۆچی هێشتا وا لێک دەدرێتەوە کە بە فەرمیناساندنی زمانی دایکی «هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی»یە؟ لە کاتێکدا ئەزموونی جیهان بە تەواوی پێچەوانەی ئەوە نیشان دەدات.
لە کاتالۆنیا، لەگەڵ ئەوەدا زۆربەیان سەربەخۆییخوازن، بەڵام پەروەردە بە زمانی کاتالان لە تەنیشت فێربوونی زمانی ئیسپانیۆلیدا وای کرد میلیۆنان کەس، بێ ئەوەی ناسنامەی خۆجێیی خۆیان لەدەست بدەن، بەشێک لە پێکهاتەی مۆدێرنی ئیسپانیا بمێننەوە. لە باسک، سیاسەتی فێرکردنی دووزمانە یارمەتیی دا بۆ کەمکردنەوەی بۆشایییە کۆمەڵایەتییەکان و دووبارە بنیادنانەوەی متمانەی گشتی. لەوانەش گرنگتر، ناوچەی ترێنتینۆ ـ ئەڵتۆ ئادێجە لە باکووری ئیتالیاست؛ ناوچەیەک کە ساڵانێک گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئیتالییەزمانان و ئەڵمانییەزمانانی ئەزموون کردبوو. بەڵام دەوڵەتی ئیتالیا بەهۆی بەفەرمیناسینی پەروەردەی دووزمانە، خودموختاریی کولتووری و مافە زمانییەکان، توانی یەکێک لە سەرکەوتووترین مۆدێلەکانی هاوژیانی لە ئەورووپا دروست بکات. ئەمڕۆ نەک تەنها ئەو ناوچەیە لە ئیتالیا جیا نەبۆتەوە، بەڵکوو بووەتە یەکێک لە جێگیرترین و پێشکەوتووترین ناوچەکانی وڵات.
ئەم ئەزموونانە ڕاستییەکی گرنگ نیشان دەدەن: سەرکوتکردنی زمانەکان، یەکێتی دروست ناکات؛ بەڵکو بێمتمانەیی، برینی مێژوویی و کەلێنی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. یەکێتیی ڕاستەقینە کاتێک بنیاد دەنرێت کە مرۆڤەکان هەست بکەن ناسنامەیان ڕێزی لێدەگیرێت.
ئەوە لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە نەتەوەکانی ئەم وڵاتە لە نێوان «ئێرانیبوون» و «خۆیبوون»دا یەکێکیان هەڵبژێرێت. ئێران، وڵاتێکی تاکدەنگ نییە. ئێران کۆمەڵەیەکە لە زمان، کولتوور، بیرەوەری و گێڕانەوە مێژووییەکان. ڕاستە فارسی بەشێکی گرنگ و بەنرخی ئەم میراتە هاوبەشەیە، بەڵام ئێران تەنها لە فارسی کورت نابێتەوە.
لە ڕاستیدا، ئەو وڵاتەی بتوانێت فرەجۆریی خۆی بەڕێوە ببات، بەهێزتر، جێگیرتر و مۆدێرنتر دەبێت. فرەکولتووری، هەڕەشە نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکی شارستانییە. زمانی دایکییش تەنها ئامرازێکی پەیوەندی نییە؛ زمانی دایکی، مافی مرۆڤە بۆ «خۆیبوون». مافی بیرکردنەوە، خەون بینین، خۆشەویستی کردن و تێگەیشتن لە جیهان، بەو زمانەی کە دایک یەکەم جار واتای بە جیهانی بەخشی. هەر زمانێک، پەنجەرەیەکە بۆ جیهان؛ و ئەو نەتەوەیەی پەنجەرەکانی خۆی دابخات، زوو یان درەنگ لە تاریکیی خۆیدا دەگیرسێتەوە.