
سارۆ خوسرەوی
(بەشی یەکەم؛ سەرهەڵدانی ئایینی یاری، کۆچ و گوشار بۆ سەر یارییەکان)
دەسپێک:
کاتێک باس لە چەمکی یارسان دەکەین، زۆر گرینگە پشت بەو دەقانەی ئایینی یاری ببەستین کە وەک میراتی ماددی و مەعنەوی بۆمان بەجێ ماون. ئەگەریش گومانمان لە کەلام یان دەقێکی یارسان هەیە، دیسان هەر دەبێت بەبەڵگەوە ڕوونی بکەینەوە، لە چ دەورانێک و بەچ هۆکارێک گۆڕانکاری لە دەقە ئایینییەکاندا ڕووی داوە. من بڕوام وایە، لێکدانەوە و شرۆڤەی دەقەکانی یارسان بە ڕوانگەی سیاسی و بە ئارەزووی تاکەکەسی، گونجاو نییە و دوورە لە خوێندنەوەیەکی زانستی.
زۆر پێویستە لە ڕووی مێژووی، هەڵکەوتەی جوگرافی، زمان، ڕەگەز و پاشخانی ئایینی و فەرهەنگییەوە، لێکدانەوەی ورد بۆ مێژوو و دونیابینی و دۆخی یارسان لە دەورانە جیاوازەکاندا بکرێت. من وەک کەسێکی یارسانی کە ساڵانێکە سەرقاڵی توێژینەوەم لەبارەی مێژوو، فەرهەنگ و ئەدەبیاتی باوەڕی یارسان، هەوڵ ئەدەم بەپێی دەرفەت و تێگەیشتنی خۆم و بە پشتبەستن بە چەند دەقێکی کەلام لە ئایینی یاری، ڕۆشنایی بخەمە سەر پەیوەندی نێوان یارسان و چەمکی کوردبوون.
سەرهەڵدانی ئایینی یاری و بزووتنەوەی یارسان
لەپاش سەرهەڵدان و زاڵبوونی ئیسلام بەسەر ئێران و کوردستاندا، زۆربەی چەمکە فکری و فەلسەفییەکان کە هەڵگری ڕوانگە و دونیابینیی بزووتنەوە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی زاگرۆس بوون، لەناو چوون، بەڵام بزووتنەوەی یارسان بە پشتبەستن بە فەرهەنگی بەرخۆدانی سەدان ساڵەی خۆی، توانی لە چوارچێوەی ئایینی یاریدا، شوناسی ڕاستەقینەی کوردان بپارێزێت و وەک میراتێکی ماددی، فەرهەنگی و مەعنەوی، بۆ نەوەکانی دواڕۆژی نیشتمانی ڕاگوێزێت. ئایینی یاری، لە سەر خاکی کوردستان و لەژێر دەسەڵاتی میرنشینەکانی کورددا و لە سەردەمی دەسەڵاتدارانی ئیسلامدا بەفەرمی ئاشکرا بوو. یارسان، بەها کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی لە تێڕامان و فەلسەفەی ئایینیی خۆیدا پاراستووە و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ پەرەی پێ داوە. لە گەوهەری کەلامەکانی یاریدا، فەرهەنگ و ژیاری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی زاگڕۆس وەک بەشێکی گرینگ و پڕبایەخ لە مێژووی ڕاستەقینەی کوردان، جێگای باس و تێڕامانە.
یارسانییەکان لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی و زاڵبوونی دەسەڵاتی سیاسیی ئیسلام لەسەر خاکی نیشتمانی کوردان، وێڕای بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی ئێران و کوردستان، دژ بە داگیرکاریی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی سیاسی تێکۆشاون.
بەپێی بەرهەم و نووسراوەکانی یاری، لەپاش داگیرکردنی ئەو ناوچانەی یارسانییەکان تێیدا ژیاون، پێشەنگانی بزووتنەوەی یارسان بۆ بنیادنانەوەی ناسنامە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی پێش ئیسلام، ژمارەیەک بزووتنەوەیان دروست کردووە کە دیارترینیان بریتی بوون لە: بزووتنەوەکانی بابا سەرهەنگ دەودانی لە سەدەی ١٠ی زایینی و شاخوشین لوڕستانی لە سەدەی ١١ی زایینی. درێژەی بزووتنەوەکانی یارسان دواجار پەیوەست بووە بە سەردەمی سوڵتان سەهاک بەرزنجی لە سەدەی ١٣ی زایینی. سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئایینی یاری لە چوارچێوەی گرێبەستێک لەژێر ناوی (بیاوبەس) لە پردیوەری هەورامان، یارسانی کردە خاوەن سیستەمی پیر و پادشایی، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەی ڕێکخراوەیی ڕێبەرایەتیی کۆمەڵگە بکات. بەپێی گرێبەستی بیاوبەس، بنەما فکرییەکانی یاری و ئامانج و میتۆدی ڕێبەرایەتیی کۆمەڵگە لە ڕێگەی سیستەمی شورایی "پیر و پادشا" دیاری کراوە.
خەبات و خۆڕاگریی یارسانییەکان بۆ پاراستنی شوناسی فەرهەنگی و ئایینی، کە گەوهەری فەرهەنگی نەتەوەی کوردە، پشتی بەو چەمک و ڕێبازانە بەستووە کە پێش لە هاتنی ئیسلام لە زاگرۆس باو بوون. لە نیزامی پیر و پادشایی یارساندا، ڕێنێسانسی فکری بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی، پێناسەی دروستی ئەخلاق لە بەها و پێگەی مرۆڤ لە گەوهەر و بنەوای ئایینی یاری واتە (پاکی، ڕاستی، نیستی و ڕەدا) ڕۆشنایی خراوەتە سەر و لە بواری کردارییەوە کاری لەسەر کراوە. هەوڵدان بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانی لەنێوان ژن و پیاو و خۆبەڕێوەبەری لە نیزامی یاریدا، خاڵگەلی گرینگ و جێگای بایەخ بوون.
پڕۆژە و بەرنامەی نیزامی پیر و پادشایی، لە پەیمانی پردیوەردا، وەک ئەرک لە ٧٢ شەرتدا دیاری کراوە و لە ڕێگەی جەم و (گرووپ و ئەنجومەن)وە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، سەید براکەی گۆران وەک دوایین میراتگری ئایینی یاری دەرکەوتووە. بەو جۆرەی گەورەکانی تەکیەی گۆران باسی لێوە دەکەن، لە سەردەمی سەید براکەدا، بناغە فکرییەکانی ئایینی یاری کە لە پەیمانی پردیوەر داڕێژراون، پارێزراون و لە ڕێگای ٣٦ هەڵبەستوانی سەر بە تەکیە، هەوڵی تاوتوێکردن و تێگەیشتنیان دراوە.
یاری و یارسان لە پێناسەی کوردبووندا
لە ئایینی یاریدا گەلێک نیشانە و ڕیوایەت هەن کە پەیوەندییان بە سروشت و ژینگەی کوردستانەوە هەیە. بەتایبەت چیا و ڕووبارەکان وەک سەرچاوەیەک کە بوونی کوردانیان پاراستووە، زۆر جێگای سەرنجن. بەرخۆدانی سوڵتان و یارانی لە چیای شنروێ، هەڵبژاردنی پردیوەر لە هەورامان بۆ ڕاگەیاندنی ئایینی یاری، چیرۆکی بەیەک گەیشتنی سوڵتان و یارانی لەسەر چیای شاهۆ، گواستنەوەی نیزامی پیر و پادشایی لە هەورامانەوە بۆ داڵاهۆ، لەو شوێنانەی کوردستانن کە لە ئایینی یاریدا وەک شوێنی پیرۆز ناویان لێ هاتووە.
لە پەیوەندی لەگەڵ گرینگیی کورد و کوردستان و ئایینی کوردان، چەندین دەقی کەلام لە سەرنجام و دەفتەری شاعیرانی دەورەی سید براکەی گۆراندا هەیە کە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە چەند دانەیەکیان بکەم. تا ئەو جێگایەی من زانیارم هەیە، لە چەند دەقی کەلامدا، لە سەردەمی (بالوول زانا) تا دەگاتە سەردەمی (سەید براکەی گۆڕان) جەخت لەسەر وشەی کوردی و کوردستان کراوەتەوە.
یەکەمین کەسایەتییەک کە باسی لە یارسان کردبێ بالوولی زانایە کە لە سەدەی دووهەمی کۆچی مانگیدا ژیاوە. ئەو لە کەلامێکدا ئاماژە بە ئایینی کوردان دەکات و دەڵێ:
ئهو واتهی یاران، ئەو واتەی یاران
ئیمه دێوانەین، ئهو واتهی یاران
ههنی مەگێڵیین یهک یهک شاران
تا زندە کهریم ئایین کوردان
جێگای باسە لە نووسخەیەکی جیاوازدا، لەباتی ئایینیی کوردان، ئایینی ئێران هاتووە. بەڕای من، ڕێیی تێ ناچێت ئەمەیان دروست بێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر لە ڕووی مێژووییەوە چاوی لێ بکەین، ١٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا، وڵاتێکی یەکدەست و قەوارەیەکی سیاسی وەک ئێران لە ئارادا نەبووە کە خاوەن ئایینێکی گشتگیر و فەرمی بێت، تاکوو بالوول شاهیدی بۆ بدات. خۆ ئەگەر مەبەست لە ئایینی ئێران "زەردەشت" بێت، ئەوا ناوی فەلاتی ئێران لە سەردەمی ساسانییەکان بەتەنیا ئێران نەبووە، بەڵکوو "ئێرانشار" بووە. باوە سەرهەنگی دەودانی، زانای گەورەی یارسانی، لە سەدەی چوارم، موژدەی سەرهەڵدانی ئایینی کوردان، واتە ئایینی یاری دەدات و دەڵێت:
سەرهەنگ دەودان، سەرهەنگ دەودان
ئەز کە ناممەن سەرهەنگ دەودان
چەنی ئێرمانان مەگێڵم هەردان
مەکۆشم پەرێ ئایین کوردان
کەسایەتی و زانای گەورەی یارسانی، شاوەیسقولی لە سەدەی نۆیەمی کۆچی، بەم جۆرە شاهیدی بۆ کوردبوونی خۆی وەک یارسانییەک دەدات و دەڵێت:
ئەسڵ من جە کورد، ئەسڵ من جە کورد
بابۆم کوردەنان، ئەسڵ من جە کورد
من ئەو شێرەنان، چەنی دەستەی گورد
سلسلەی سوپای، زوحاکم کرد هورد
سوڵتان سەهاک کە دەبێتە دامەزرێنەری بناغەی فکری و نیزامی پیر و پادشاییی یارسان، لە سەدەی حەوتەمی کۆچی مانگی، جەخت لەسەر کوردبوونی خۆی دەکاتەوە و دەڵێت:
ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد
ئەز کوردێوەنان، ئەسڵمەن جە کورد
ئەز ئا بەورەنان شێر مەکردم ورد
سەرخێڵ خێڵان، مێردان کردم گورد
کەسایەتیی گەورە و یاری نزیکی سوڵتان سەهاک، واتە پیر میکائیل دەودانی لەدایکبووی ٦٥٨ی کۆچی، "شا"کەی خۆی لە دوونی پێشوو وەک کوردێکی ئازا وێنا دەکات و دەڵێت:
نەوزەرشای کەیان، نەوزەرشای کەیان
شام بی نە ئەو دەم نەوزەرشای کەیان
شام بنیامین بی چەوگا نەو زەمان
وێنەی کورد گورد مەشی نە مەیدان
پیری گەورە و زانای یارسانی پیربنیامین لە سەدەی حەوتەمی کۆچی مانگی، بەبۆنەی لەدایکبوونی باوە یادگار، باس لە خەڵاتی خودڕەنگی سوڵتان سەهاک بۆ ناوبراو دەکات و بەم جۆرە کورد و کوردستانی خەڵات دەکات و دەڵێت:
عەلەم قودرەت ناجی بی وەپا
بەرگ خودڕەنگی یادگار پۆشا
غوڵامان دیشان وە معجزاتەش
بەرگ خودڕەنگی بی وە خەڵاتش
تەمام کوردستان دا وە بەراتش
پەی علم و قودرەت، پەی موعجزاتەش
یەکسەر کردەوە کورد و کوردستان
هەم وە موعجزات، هەم وە سفرە و خوان
یان لە کەلامێکی هاوشێوەدا هاتووە کە دەڵێت:
یادگار نە تەنوور ورێزا وەپا
وە لەفز شیرین سڵام داوە شا
بەرگ خودڕەنگی یادگار پۆشا
غوڵامان دیشان شا پەنەش بەخشا
بەرگ خودڕەنگی کرد وە خەڵاتش
کورد و کوردستان دا وە بەراتش
هەروەها کەسایەتیی دیار و زانای یارسانی، نەورۆز سۆرانی کە یەکێک بووە لە یارانی تەکیەی سەید براکەی گۆران، لە کەلامێکدا بە شانازییەوە باس لە کوردبوونی خاوەنکەرەمی خۆی دەکات دهفهرموێت:
دڵە تو کوردی
دڵە تو مەیلان مەحەلەی کوردی
دەر مەیدان یار گرەوی بردی
پیاڵە نە زەهر حەڵاڵ خوردی
هەورامان، لانکەی سەرهەڵدان و سەقامگیریی ئایینی یاری
سوڵتان سەهاک لە بنەماڵەیەکی سوننەی شيخانی بەرزنجەی دەڤەری پارێزگای سلێمانی بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی فکری لەگەڵ کوردانی موسڵمان، نەیتوانیوە لەوێ ئایینی یاری دامەرزێنێت، بۆیە پەنای بردووە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی هەورامان کە پاشماوەی فەرهەنگی ئایینە کۆنەکانی میترایی و زەردەشتی لێی بووە. هەڵبژاردنی هەورامان بۆ ئاشکراکردنی ئایینی یاری بە هەڵکەوت نەبوو، بەڵکوو بە بەرنامە بووە.
هەورامان هەر بەتەنیا شوێنی سەرهەڵدان و سەقامگیریی ئایینی یاری نەبووە، بەڵکوو دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لە دەستپێدا باشتر لە هەر پێکهاتەیەکی دیکەی کوردستان لەگەڵ زمان و گەوهەری ئایینەکە ئاشنا بوون و مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، لەبەر ئەوەی هەورامییەکان درەنگتر لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئایینی ئیسلامیان قەبووڵ کردووە. هەروەها بەشێکی بەرچاو لە پیر و کەسایەتییە دیارەکانی یارسان بۆ خۆیان هەورامی بوون.
کاتێک سوڵتان سەهاک و یارانی ناوچەی هەورامانی لهۆن و دێی پردیوەر لە نێوان پاوە و نەسوود هەڵدەبژێرن بۆ ڕاگەیاندنی ئایینی یاری، ئیتر کەعبەی گەورەیان دەبێتە پردیوەری هەورامان، وەک ئەوەی کە پیرمەنسوور شووشتەری شاهیدی بۆ دەدات و دەڵێت:
ئەو کابەی ئەعزەم، ئەو کابەی ئەعزەم
بارگە شام وەستەن، ئەو کابەی ئەعزەم
کابەم پردیوەر، سوڵتان سەرجەم
یاران نە جەمدا، دڵ بارن وە هەم
سوڵتان سەهاک لە ئەوەڵین بانگەوازی خۆیدا، لە هەورامان جاڕی ئایینی یاری دەدات و داوا لە هەموو دانیشتوانی ئەو دەڤەرە دەکات بێن بۆ پردیوەر و ڕوو لە ئایینی کوردان (یاری) بکەن، بۆیە لە کەلامێکدا دەڵێت:
ئێوەت حەشار، ئێوەت حەشار
جاڕ یاری دەر، ئێوەت حەشار
شێخان و حورین و بەرزنجە و هاوار
هێروێ و شۆشمێ و بەیان و تەشار
نەوسوود و پاوە، کول ئێڵ و تەبار
جەم بوان نە جەمدا، چی پردیوەر شار
کۆچی یارسانییەکان لە هەورامانەوە بۆ داڵاهۆ
بزووتنەوەی یارسان، پێش سەرهەڵدانی سەفەوییەکان، لەژێر گوشاری توند و گشت لایەنەی باوەڕمەندانی موسڵمانی سوننە، قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی لە هەورامان لاواز بووە و لە ڕووی ناچارییەوە ناوەندی دەسەڵاتداریی خۆی گواستوەتەوە بۆ داڵاهۆ و ئەوێ کردووەتە دوایین بارەگای نیزامی (پیر و پادشایی) یارسان. لە داڵاهۆ (باوەیادگار) وەک جێنشینی سوڵتان سەهاک، ئەرکی ڕێکخستنی بزووتنەوەی یارسانی لە ئەستۆ بووە.
کاتێک نیزامی پیر و پادشایی یارسان لە هەورامانەوە دەگوازێتەوە بۆ داڵاهۆ، دەڤەری گۆران دەبێتە دوایین مەنزڵگە و قیبلەی ئایینی کوردان و شایادگار دەبێتە شای داڵاهۆ. لەم بارەوە نەورۆز سۆرانی شایەتی دەدات و دەڵێت:
فەڕ کوپەسا سیادەوارەن
کوردەماڵ سەرپشک شا یادگارەن
دۆستان مزگانی پادشام سەوارەن
میهمان مینگەی تازە هەوارەن
یە نەورۆز واتەن ماڵ نیایم جە نۆ
تومیدەم تۆنی یا شای داڵاهۆ
بەپێی ئەو چەند بەندە لە کەلامی پیر و کەسایەتییە مەزنەکانی یارسان بێت، چەقی فەلسەفە و تێڕامانی یارسان هەر لە دەستپێکەوە نیشتمانی کەوناری کورد بووە و ئەم ئایینە میراتگری فەرهەنگ و شارستانییەتی کوردان بووە و بەدرێژایی مێژوو تێکۆشانیان بۆ زیندووڕاگرتنی ئەو چەمکە فکری، مەعنەوی و فەلسەفییانە بووە کە کورد وەک گەلێکی خاون مێژوو و شارستانییەت لە گەلانی دیکەی ناوچەکە جیا کردووەتەوە.
دوای کۆچی مێژوویی یارسانییەکان لە پردیوەرەوە بۆ داڵاهۆ، نیزامی پیروپادشایی یاری وەک پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لە هەورامان کەمڕەنگ دەبێتەوە، بەڵام فەرهەنگی ماددی و مەعنەوی یاری کاریگەریی خۆی لەنێو بەشێکی زۆر لە هەورامییەکان بەجێ دێڵێت، بەجۆرێک کە هەتا ئێستا ئەوان، یارسان بە بەشێک لە میراتی فەرهەنگیی خۆیان دەزانن و لە زۆر ڕووەوە پێڕەوەی لە دابونەریتی یارسان دەکەن. بۆ نموونە، هەورامییەکان هەرچەن ئێستا بە ئایین موسڵمانن، بەڵام دیاردەی فرەژنی لەناویاندا باو نییە، کە ئەم نەریتەیان لەژێر کاریگەری ئایینی یاری ڕەچاوی کردووە، لەبەر ئەوەی یارسان فرەژنی ڕەد دەکاتەوە.