کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کاسبکارێکی کورد لە مەرزی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم

10:21 - 21 جۆزەردان 2726

کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری بانە بە ناوی " موتەلیب خەیبەری" بە تەقەی ڕاستەوخۆ هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە کوژرا؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە کاتی تەقەلێکردنیدا نە چەک نە هیچ جۆرە کاڵایەکی پێ نەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردان، هێزەکانی هەنگی سنووریی جێگیر لە مەرزی "چۆمان"ی بانە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لە سەری ئەم کاسبکارە کوردە کردووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە تەرمی ناوبراو ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی لە بانە کراوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەتییەکان تا ئێستا ئامادە نەبوون تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە.

موتەلەب خەیبەری، خەڵکی گوندی "ساڵە"ی سەر بە شاری بانەیە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، کە بەهۆی نەبوونی هەلی کار و بژێویی ژیانەوە ڕووی لە ناوچە سنوورییەکان کردبوو.

کوشتنی سیستماتیکی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی یاساکانی بەکارهێنانی چەک و لە سایەی نەبوونی لێپرسینەوەی یاساییدا، بەردەوامە و وەک پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا ئەژمار دەکرێت.