کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات لە پارلەمانی ئورووپا: دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" نەخشەڕێگای داهاتووی کوردستانە

10:06 - 21 جۆزەردان 2726

لەسەر داوای فەرمی پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا لە بروکسێل، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەژێر ناوی "داهاتووی کوردستان و ڕۆڵی ژنان" بە بەشداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنە کوردستانییەکان بەڕێوە چوو، کە تێیدا جەخت لەسەر گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران لە ڕێگەی دێموکراسی و یەکسانیی ڕەگەزییەوە کرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، بە دەسپێشخەریی پارلەمانتار "ئالێساندرا مۆرێتی"، دوکتور کوێستان گادانی، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵآت، سەرپەرستیی شاندی حیزبی کرد و وتارێکی هەمەلایەنی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد.

دوکتور کوێستان گادانی لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند کە هاوژیانیی ڕاستەقینە بەبێ داننان بە فرەنەتەوەیی، فرەزمانی و نەهێشتنی شارۆمەندیی پلە دوو لە ئێراندا بەدی نایەت.

ناوبراو ئاماژەی بە مێژووی ٨٠ ساڵەی خەباتی حیزبی دێموکرات و ڕێباز و پاشخانی فیکریی ڕێبەرانی شەهید، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی کرد، کە هەمیشە وەدیهاتنی مافە نەتەوەییەکانیان وەک تاقە گەرەنتی بۆ جێگیربوونی دێموکراسی بەرز نرخاندووە.

لە تەوەرێکی سەرەکیدا، دوکتور کوێستان ئاوڕی لە خەباتی پێشەنگانەی ژنانی کورد لە نێوخۆ و دیاسپۆرا دایەوە و جەختی کردەوە کە ژنان لە گرێدانی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی بە یەکسانیی ڕەگەزییەوە کاراکتەری سەرەکین.

ناوبراو ڕوونی کردەوە کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە ڕیشەی لە خەباتی کوردستاندایە، تەنیا دروشمێکی ناڕەزایەتی نییە، بەڵکوو نەخشەڕێگا و گرێبەستێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتییە بۆ داهاتوویەک کە تێیدا ئازادیی کۆمەڵگە بە ئازادیی ژنانەوە بەستراوەتەوە.