زەینەب ڕیبوا
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
ڕووماڵکردنی ڕۆژاوایی لە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی، نزیکەی بە تەواوی بەگوێرەی مەرجەکانی ئێران جێبەجێ دەکرێت. چوارچێوەی زاڵ بەسەر لێدوانەکانی ئورووپایی و ئەمریکاییدا، کۆماری ئیسلامی وەک لایەنێکی ناڕازیی خاوەن گوتاری "مقاومەت" وێنا دەکەن و گفتوگۆکان لە میدیا ئاساییەکان و لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە دەوری بانگەشەکانی ئێران، لەمەڕ خۆڕاگریی ئێران و ئەوەی ئێران دەوێرێت هەڕەشەی لێ بکات، ڕێکخراون.
ئەم چوارچێوەیە کەلێنێکی زەبەلاح لە وێنەکەدا بەجێ دەهێڵێت و کەلێنەکە دونیای عەرەبە؛ شارستانییەتێک کە چل ساڵی ڕابردووی بە سەیرکردنی بنکۆڵکرانی بناغە دامەزراوەیی، ئایینی و کولتوورییەکانی خۆی لەلایەن ئێرانەوە تێپەڕ کردووە. بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بەڕاستی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا ڕوو دەدات، چاودێرێکی ڕۆژاوایی پێویستە هاوکات سێ تەوەر لەبەرچاو بگرێت، پێکهاتەی گفتوگۆی سیاسیی ڕۆژاواییش ئەگەر نەڵێین لە هێندێک دۆخدا نامومکین، لانی کەم ئەم کارە فرە دەژوار دەکات.
سێ شت کە ڕۆژاوا ناتوانێ بیبینێت:
یەکەمیان؛ پەیوەندیی عەرەب لەگەڵ ئێرانە. لە دەلاقەی بروکسێل یان لەندەنەوە، ئێران خۆی وەک جووڵانەوەیەکی بەرگریکارانەی ناڕازی دژی هێژموونیی ئەمریکایی و داگیرکاریی ئیسرائیلی پێناسە دەکات و ئەم وێناکردنە بێ گیروگرفت لە چوارچێوەی دژە کۆلۆنیالیی ڕۆژاواییدا جێگای دەبێتەوە. ئەوەی لەگەڵیدا یەک ناگرێتەوە، ئەزموونی دانیشتووانی عەرەبی لوبنان، عێراق، یەمەن، بەحرەین، سووریە و سەرانسەری کەنداوە. لەم وڵاتانەدا، بوونی ئێران بە مانای حیزبوڵڵایەکە کە دەوڵەتی لوبنانی کردووەتە بارمتەی بڕیارەکانی تاران، سی و پێنج لقی چەکدار لە عێراقە بە مووچە و پشتگیریی دارایی ئێران کە لەلایەن خەزێنەی نەتەوەیی عێراقەوە دابین دەکرێت، و فەرماندەکانی حوسیی یەمەنن کە وەڵامدەری سپای پاسدارانی ئێرانن لە کاتێکدا کە تەقە لە عەرەبی مەدەنی لەسەر خاکی یەمەن دەکەن. چاودێرانی عەرەب بەو شتەی ئێران لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، ناڵێن ئازادی.
لە ڕاستیدا، مشتوومڕی عەرەبەکان لەگەڵ ئێران گەلێک لە بوونی بنکەی ئەمریکایی یان هێرشی ئیسرائیلی قووڵترە. پاڵنەری ئەم مشتوومڕە، ژێرپێنانی سیستەماتیکی سەربەخۆیی عەرەب لەلایەن دەسەڵاتێکی بیانییەوەیە کە باس لە یەکگرتوویشی ئیسلامی دەکات تا پڕۆژە ئیمپریالیستییەکەی، کە لەلایەن بەکرێگیراوانییەوە جێبەجێ دەکرێت، بشارێتەوە.
دووهەم تەوەر؛ پرسی خودی بەکرێگیراوەکانە، واتە پرسێک کە زۆربەی لێکۆڵەرانی ڕۆژاوایی لە دیتنیدا بە تەواوی شکستیان هێناوە. پشتگیریی ئێران گەلێک لە پشتیوانیکردنی تاقمە چەکدارەکان بەولاوەترە. پێکهاتەی دەوڵەتی هاوتەریب لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا چێ دەکرێت، سیستەمەکانی دارایی گیرۆدەی گەندەڵی دەکرێن و کەسایەتیی سیاسیی ئەوتۆ دادەنرێن کە گشت هەبوونی ئەوان قەرزباری تارانە.
ئەم ئێرانییانەی بەڕێوەبەری ئەم پڕۆژەیە بوون، ئەم کارە وەک هەناردەکردنی شۆڕش سەیر دەکەن، بەڵام ئەوەی دانیشتووانی عەرەب ئەزموونیان کردووە، زۆرتر وەک داگیرکاریی کۆلۆنیالیستیی جێبەجێکراو لەلایەن بریکارانەوەیە و لە ئێستادا، ئەوان تازیەباری کۆماری ئیسلامی نین. کاتێک ڕۆژاواییەکان لەگەڵ ئەم ڕایەڵەی بەکرێگیراوانە وەک ئامرازی بەرخۆدانی ڕەوا، نەک وەک میکانیزمی پێملکردن هەڵسوکەوت دەکەن، ئەوان پشتگیری لە پڕۆژەیەکی ئیمپریالیستی دەکەن، لە کاتێکدا خۆیان بە دژبەری دیاردەیەکی ئەوتۆ دەزانن و لە ڕاستیدا خۆیان دەکەن بە هێزی ڕەواییدەری جەنگی ئێران دژی دنیای عەرەب.
سێهەم تەوەر؛ کە بۆ بەردەنگی ڕۆژاوایی لە هەموویان نائەقڵانیتر و گرینگترینە، چۆنیەتیی تێگەیشتنی دروست یان هەڵەیە لەم جەنگەی ئێستادا. بۆ نەتەوەپەرستانی عەرەب، لە ناویاندا نەتەوەپەرستە سێکولارەکان و تەنانەت ئەوانەی گومانی قووڵیان لەمەڕ سیاسەتەکانی ئیسرائیل هەیە، لە بەراورد لەگەڵ هەڕەشەی ئیسرائیل، ئێران بە هەڕەشەیەکی مەزنتر و فرە دەستبەجێتر دەزانن.
ئەمە هەڵوێستێکە کە میدیای ڕۆژاوایی لە بنەڕەتدا توانایی لێتێگەیشتنی نییە، چونکە گوتاری ڕۆژاوایی لەمەڕ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەیان ساڵە لە دەوری کێشەی ئیسرائیل - فەلەستین، وەک تەوەری سەرەکیی نادادپەروەریی ناوچەیی، ڕێکخراوە. ئاکامەکەی ئەمەیە کە کاتێک دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و بیروڕای گشتیی ڕۆژاوا هەڵوێستی بەهێز دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بەرانبەر ئێران دەگرن، پێیان وایە پشتگیری لە دونیای عەرەب دەکەن. لە ڕاستیدا، ئەوان هەڵوێستێک دەگرن کە دونیای عەرەب هاوڕای نییە و داواشی نەکردووە، لە کاتێکدا ئەو هەڕەشەیە پاشگوێ دەخەن کە دەوڵەتانی عەڕەب و دانیشتووە عەڕەبەکان ژیانی لەگەڵدا تێپەڕ دەکەن.
ئەو ڕەوانبێژییەی کە ئیسرائیل بیانووی بەردەوامی شەڕانگێزیی ئێرانە، یەکێک لە ئامرازە هەرە کاریگەرەکانی کۆماری ئیسلامییە و بیروڕای ڕۆژاوایی وەک بەهێزکەرەوەی بێئاگای ئەم ئامرازە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تا ئێستا بووە.
ئەم جەنگەی دونیای عەرەب تەماشاوانیەتی
ئەمەی ئەم چرکەساتە گرینگ دەکات ئەمەیە کە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی، لێکدانەوەیەکی خێراتر کرد کە پێشتر دەستی پێکردبوو. دونیای عەرەب بینەری لێکهەڵوەشاندنەوەی ڕایەڵەیەکی بەکرێگیراوانەیە کە ئێران دەیان ساڵی بۆ دروستکردنی تەرخان کرد و ئێستا ڕووبەڕووی کاردانەوەکانی ئەم پڕۆسەیە لەسەر داهاتووی سیاسیی خۆی بووەتەوە.
یەکەم شت: کە لەمەوە دەرکەوتووە، پێشاندانی تواناییەکی ئەوتۆیە کە هیچ کەس پێشبینی نەکردبوو. وڵاتانی کەنداو کە خۆیان لە بەرانبەرهەزاران هاژەک و دڕۆندا ڕاگرت، لە کاتێکدا ژیانی ئاسایی شارۆمەندانیان و هێمنی سیاسییان پاراست، ئەمە دەرخەری سەقامگیرییەکی سەربازی بوو کە ڕووبەڕووی بەکەمگرتنی دەیان ساڵە لەلایەن شرۆڤەکارانی ڕۆژاوایی و عەرەبی نەتەوەپەرستەوە ببووەوە و ئەوان گوتبوویان شتێکی ئەوتۆ نامومکینە.
دووهەمیان: ئەمەیە کە ناوچەکە لە چرکەساتی وەرچەرخانی ڕاستەقینەدایە؛ یەکێک کە تێیدا لێکهەڵوەشاندنەوەی ڕایەڵەی بەکرێگیراوانی ئێران، بۆ یەکەم جار لە چەند نەوەدا دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ وڵاتانی عەرەب دەستەبەر دەکات کە بۆخۆیان بەڕێوەبەری خۆیان بن، بێ دەستێوەردانی دەرەکی.
چاودێرانی ڕۆژاوایی کە بە چاویلکەی هەژمارەکانی سۆشیال میدیای ئێرانی بەدواداچوونیان بۆ ئەم جەنگە کردووە، شانۆیەکی پلان بۆداڕێژراوی تەواویان بینیوە. دنیای عەرەب تەماشاوانی شتێکی بە تەواوی جیاواز بووە؛ یەکەم ئاڵنگاریی جیددی بۆ ئایدیۆلۆژیایەک کە قەت بە شێوەیەکی دێموکراتیک پێڕەو نەکرا، قەت باوەشی بۆ نەکراوە و بە توندوتیژی و ناچارکردن لە سەرەتای دامەزرانییەوە سەپێندرا.
وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل، کە ماوەیەکی دوورودرێژە وەک دوو داینامۆی سەرکوتی ناوچەیی خراونەتە ناو کولتووری سیاسیی عەرەبەوە، خەریکە لەلایەن ڕێژەیەکی بەرچاو لە بیروڕای گشتیی عەرەبییەوە وەک ڕزگاریدەر سەیر دەکرێن؛ نە بە زمانی پێزانینەوە کە شکۆی عەرەبی ئیزنی ئەم کارە نادات، بەڵام بە زمانی هەستی سووکبوونی بارێکی گران.
لەم ڕوانگەیەوە، دوو وتووێژ بەتایبەت ئەم وەرچەرخانە ئاشکرا دەکەن: یەکیان لەگەڵ نووسەرێکی میسری و ئەوی دیکەیان لەلایەن ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقەوە بوون، هەردووکیان لە کەناڵێکی عەرەبیی سەر بە عەرەبستانی سعوودی بڵاو بوونەوە کە بە ڕاستوێژییەکی ئەوتۆ بوو کە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژاوایی زۆر بە دەگمەن بەرهەمی دێنن و بڵاوی دەکەنەوە. هەر کامیان، بە شێوازی تایبەتی خۆیان، هەمان شت دەڵێن: ئێران دوژمنەکەیە.
هیوادارم خوێندنەوەی ئەم وتووێژانە، تامی گفتوگۆی ڕاستەقینەی ناو دونیای عەرەب بە چاودێرانی جیددیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ببەخشێت، کە بە عەڕەبی، بە گوێرەی مەرجەکانی عەرەب و نزیکەی بە تەواوی بێبەری لە ڕوانگەی ڕۆژاوایی بەڕێوە چوون.