کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید سەید کامیل حەیدەری)

11:33 - 25 بانەمەڕ 2726

برایم چووکەڵی

ناوچەی هەوشار یەکێک لە سەنگەرە گرینگەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردە. خەڵکی خەباتگێڕ و دێموکرات‌پەروەری ئەو ناوچەیە، هەمیشە بەدڵەوە لایەنگری حیزبەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون و باشترین و بەوەفاترین ڕۆڵەکانی خۆیان، ڕەوانەی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە. دوژمنی کۆنەپەرست و داخ لە دڵیش زۆری هەوڵ داوە خەڵکی ئەو ناوچەیە لە حیزبی دێموکرات و جووڵانەوە داببڕێ. بەڵام ئەوە پێشـمەرگەکان و خەڵکی نیشتمان‌خۆشەویستی هەوشار بوون کە دوژمنیان لەم ئاواتەی ناکام هێشتۆتەوە. لە هەگبەی شاخ و شۆڕشی ئەمجارەدا یادی شەهید سەید کامیل حەیدەری، بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی هەوشار بەرز ڕادەگرین.

سەید کامیل حەیدەری کوڕی "ئاغا سەید محەممەدی چراخەواڵ" ساڵی ١٣٢٨ لە ئاوایی چراخەواڵ لەدایک بوو. باوکی سەید کامیل پیاوێکی ئیماندار و لە پلەی شێخایەتیدا لە ئاواییەکەیان خاوەنی تەکیە و بارەگای تایبەتی خۆیان بوون.

سەید کامیل حەیدەری خوێندنی قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆیان تەواو کرد. بۆ بەردەوام بوون لە خوێندن، لەگەڵ برایەکی بەناوی ناجیل چوونە شاری ساین‌قەڵا و قۆناغی ناوەندییان لەو شارە تەواو کرد. دواجار بە بنەماڵەوە ڕوویان لە شاری کرماشان کرد و بڕوانامەی دیپلۆمی لەو شارە وەرگرت. پاشان لە ڕادیۆ کوردیی کرماشان دامەزرا و بۆ ماوەیەک لەو ڕادیۆیەدا کاری کرد و پاشان وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی ئەم شارە سەرقاڵی وانە گوتنەوە بوو. سەید کامیل هەر لەم قۆناغە لە ژیانیدا ژیانی هاوبەشی پێک‌هێنا و بەرهەمی ژیانیان کچێک بە ناوی موژدە بوو.

سەید کامیل هەر لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەک هەموو کوردێکی شۆڕشگێڕ، هەستی بە ئەرکی نیشتمانیی خۆی کرد. لەگەڵ هاوڕێیەک بە ناوی شەهید عەباس وەلیزادە کە خەڵکی ئاوایی قۆزلووی هەوشار بوو، لە شاری کرماشان دووبەدوو هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب لەو شارەدا تێکۆشانی حیزبی و نیشتمانیی خۆیان درێژە پێ بدەن. ئەوە بوو کە توانییان لە ڕێگای کەسانی متمان‌پێکراوەوە پێوەندی بە شەهید کەماڵ دەباغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەی کرماشانەوە بگرن و بەمجۆرە سەید کامیل لەگەڵ هاوڕێیەکانی دیکەی کار و ئەرکی حیزبییان پێ ئەسپێردرا و پاش گیران و ئێعدامکرانی شەهید کەماڵ دەباغی خۆیان گەیاندەوە ئاوایی سەفاخانە لە ناوچەی هەوشار.

سەید کامیل حەیدەری بەرپرسایەتییە حیزبییەکانی یەک لەدوای یەک بڕی و دواتر وەک بەرپرسی کۆمیتە شارستانی هەوشار دیاری کرا. یەکەم بڕیاری کۆمیتە شارستان ئەوە بوو هێزی پێشمەرگە پتر لە ناوچەی هەوشار جموجۆڵیان هەبێ. دوای ئەو ساغبوونەوەیە، پێشمەرگەکانی هەوشار بە بەرپرسایەتیی سەید کامیل کە لە زۆربەی جەولەکاندا شانبەشانی هاوسەنگەرانی بوو، توانییان چەند جارێک تا قووڵایی ناوچەکە بچن. شەهید سەید کامیل تا کاتی فیداکردنی گیانی بە خاک و نیشتمان و خەڵکەکەی، وەک بەرپرسی کۆمیتە شارستانی هەوشار خزمەتی کرد.

شەهید سەید کامیل لە دوایین جەولەیدا هاوڕێ لەگەڵ شەهید عەباس ئەکرەمی بڕیاریان دا بچنەوە بۆ ناوچەی هەوشار. هێز و کۆمیتە شارستانیان بەسەر سێ دەستەدا دابەش کران. لکی یەک بە بەرپرسایەتیی شەهید خەلیل مەحموودی بەرەو ئاواییەکانی چۆپلی و قسقاپان ەەڕێ کەوتن. لکی دوو بەرەو ساین‌قەڵا و ناوچەی جەغەتوو، لکی سێ لەگەڵ شەهید سەید کامیل و شەهید عەباس ئەکرەمی بەرەو دۆڵی زاخۆرانی وەڕێ کەوتن. لە ماوەی چەند ڕۆژێک هەر لکە و چەند عەمەلیاتی سەرکەوتووانەی بەڕێوەبرد و توانییان زەبرێکی باش لە هێزەکانی دوژمن بوەشێنن.

بڕیار ئەوە بوو ئەو سێ لکە لە هەوارەکانی ئاغدەرەی سەروو لە قسقاپان یەک بگرنەوە و بەرەو ناوچەی سەقز بگەڕێنەوە. بەڵام بەداخەوە تووشی چەند شەڕێکی دژوار بوونەوە. ئەو لکەی لەگەڵ شەهید سەید کامیل و شەهید عەباس ئەکرەمی لە حاڵی جەولەدابوون، دەچنە سەر پایەگای "قەرەزاخ" و زۆر سەرکەوتووانە ئەو پایەگایە دەگرن. پێشمەرگەکان بۆ پشوودان دەچنە هەوارەکانی پشتی ئاغدەرەی سەروو. هەر لەو شوێنە و بەیانی، واتە ٦ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٤ کاتێک پێشمەرگەکان دەچن بۆ دانانی کەمین، بەداخەوە دەکەونە نێو کەمینی جاش و پاسدارەکانی ڕێژیم و شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە لە لایەک و هێزی ڕێژیم لە لایەکی دیکەوە دەست پێ دەکا، بە خوێنی پێشمەرگەیەک کەمینی دوژمن تێک دەشکێنن. بەدوای ئەو کەمینە شوێنی ڕێگایان دەگۆڕن، بەڵام دەکەونەوە کەمینێکی دیکەی هێزی ڕێژیم و شەڕێکی سەخت لە نێوان پێشمەرگەکان و هێزی ڕێژیمدا ڕوو دەدات. لەو شەڕەدا بەداخەوە سەید کامیل حەیدەری لەگەڵ ١٣ ڕۆڵەی کۆڵنەدەر و نیشتمانپەروەری کورد لەپێناو بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان شەهید بوون.

ئەگەرچی دوو ڕۆژی بەردەوام شەڕ و بەربەرەکانی لەگەڵ هێزی پۆشتەوپەرداخی کۆنەپەرستی، ١٤ قارەمان شەهید بوون، بەڵام دەرسێکی لەبیرنەکراویان بە هێزی کۆنەپەرستی دا کە بۆ مێژووی نەتەوەکەمان وەک لاپەڕەیەکی پڕشنگدار لە دەفتەری حەماسەکانی هێزی پێشمەرگەدا تۆمار کراوە.