ڕۆژی دووشەممە ٢١ی بانەمەڕ، هەیئەتێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە بەڕێزان سمایل ئیبراهیمی نوێنەری حیزب و "بەیان فەرشی" هاوکاری پەیوەندییەکان، لەگەڵ "جاک سەواتزکی" ئەندامی پارلەمانی کانادا لە حیزبی دەسەڵاتداری لیبراڵ کۆ بوونەوە.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، هەیئەتی حیزب نامیلکەیەکی زانیارییان لەسەر دۆخی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە کانادا پێشکەش کرد. نوێنەرانی حیزب تیشکیان خستە سەر سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی کۆماری ئیسلامی، لەسێدارەدانی لاوانی کورد و کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم دژی بنکەکانی حیزب و کەمپی پەنابەران لە باشووری کوردستان.
هەیئەتی حیزب داوایان کرد دەوڵەتی کانادا بێدەنگی بشکێنێت و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو تاوانانە سەرکۆنە بکات، هەروەها بە فەرمی پشتگیری لە دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک و فێدراڵ بۆ داهاتووی ئێران ڕابگەیەنێت.
لە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، داوا کرا دەوڵەتی کانادا وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و جیاواز مامەڵە لەگەڵ ڕەوەندی کورد بکات و گرنگیی دامەزراندنی ناوەندێکی فێرکاری بۆ زمان و کولتووری کوردی تاوتوێ کرا.
بەڕێز "سەواتزکی" بەڵێنی دا بەدواداچوونی جیددی بۆ داواکارییەکانی هەیئەتی حیزب بکات. ناوبراو جەختی کردەوە کە پرسی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی و هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر حیزبە کوردییەکان لەنێو پارلەمان و حیزبی لیبراڵدا دەورووژێنێت. هەروەها بەڵێنی دا هەوڵ بدات بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی فەرمیی دەوڵەتی کانادا بۆ سیستمی فێدراڵی لە ئێران و ئامادەیی نیشان دا وەک دۆستێکی گەلی کورد بەشداری لە بۆنە و جەژنە نەتەوەییەکاندا بکات.